ئابووری
وێنەیەکی کۆبوونەوەکەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەغدا لە ٩ـی حوزەیرانی 2024
رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەى شاندى کۆمپانیاکانى نەوت و هەرێمى کوردستان لەگەڵ وەزارەتى نەوتى عێراق، پرسی نرخى تێچووى نەوت تاوتوێکراوە، لیژنەیەکى هاوبەش بە گرێبەستەکانى نەوتدا دەچێتەوە و ئەو سکاڵایانەش یەکلادەکرێنەوە کە بەغدا لە دژى کۆمپانیاکان تۆماری کردوون.
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت، 9ـی حوزەیران لە بەغدا لەگەڵ نوێنەرى وەزارەتى نەوتى فیدراڵ کۆبوونەوە. کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنى پرسی شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوتى بەرهەمھێنەرى نەوتى هەرێمى کوردستان بوو.
عاسم جیهاد، گوتەبێژى وەزارەتى نەوتى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "کۆبوونەوەکە کراوە، بەبێ ئەوەى راگەیێندراو لەبارەیەوە بڵاوبکرێتەوە."
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى تۆڕى میدیایی رووداو لە سەرچاوەیەکى ئاگادار لە کۆبوونەوەکەوە دەستیکەوتوون، شاندى هەردوو حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکان لە کۆبوونەوەى 9ى حوزیران بۆچوونیان لە بارەى نرخى تێچووى نەوت ئاڵوگۆڕ کردووە، بە گوێرەى ئەوەى لە خشتەى بودجەى گشتیی 2024 دیاریکراوە، ئەو پرسە بەربەستى سەرەکى بەردەم کێشەى نێوانیان بووە.
لە خشتەى بودجەدا، 2.7 تریلیۆن دینار لەسەر خەرجى وەبەرهێنانى پشکى بودجەى هەرێمى کوردستان دیاری کراوە بۆ تێچووى دەرهێنانى نەوت، کە 12.5 دۆلار دەکات بۆ بەرهەمهێنانى بەرمیلێک نەوت، بەبێ کرێى گواستنەوە، لەکاتێکدا کۆمپانیاکانى نەوت زیاتر لە 24 دۆلاریان پێویستە.
بە گوێرەى زانیارییەکان؛ هەردوولا پێشنیازى خۆیان لەبارەى نرخى تێچووى دەرهێنانى نەوت ئامادە دەکەن، دواى رێککەوتن لەبارەیەوە، لیژنەیەى هونەریى هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدا بە گرێبەستەکانى نەوتى کۆمپانیاکاندا دەچنەوە بۆ گونجاندنى لەگەڵ ئەو نرخەى لەسەرى رێکدەکەون.
لە 25ـی ئادارى 2023ـەوە، هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیراوە، حکومەتى فیدراڵى پارەى تێچووى کۆمپانیاکانى نەوتى نەداوە، بە پاساوى ئەوەى کارکردنیان لەگەڵ پێوەرەکانی وەزارەتى نەوت ناگونجێت.
گرێبەستەکانى نەوت لە هەرێمى کوردستان لە سەر بنەماى بەشدارییە لە بەرهەم، لەکاتێکدا وەزارەتى نەوتى فیدراڵى پەیڕەوى بنەماى گرێبەستى خزمەتگوزارى دەکات.
لەو کۆبوونەوەى نێوان شاندى هەرێمى کوردستان و کۆمپانیاکانى نەوت لەگەڵ وەزارەتى نەوتى عێراق، باس لەوە کراوە چۆن رێکبکەون لەبارەى ئەو سکاڵایانەى پێشتر حکومەتى فیدراڵى لە دژى ئەو کۆمپانیایانە تۆماری کردووە، بە هۆى ئەوەى وەبەرهێنانیان لە کەرتى نەوتى هەرێمى کوردستان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ