رووداو دیجیتاڵ
لێکۆڵەرێکی بواری ئابووری لە عێراق ئاشکرای دەکات لە داهاتویەکی نزیکدا باردۆخی دیناری عێراقی خراپتر دەبێت ئەگەر بانکی ناوەندی چارەسەری کێشەکانی نەکات و سیاسەتەکانی چاک نەکات، دەشڵێت، بەهۆی نائارامی و نەبوونی متمانەی وەبەرهێنەران نزیکەی 70 ملیار دۆلاری وەبەرهێنەرانی عێراقی لە وڵاتانی دیکە سەرمایەگوزاری پێوەکراوە.
د. زیا موحسین، لێکۆڵەر لە بواری ئابووریی عێراق، رۆژی 10ـی شوباتی 2024 لە بووڵتەنی کاژێر 9:00ی رووداو کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکەشی دەکات، رایگەیاند، دەبێت پێشبینی خراپتر بۆ دیناری عێراقی بکەین ئەگەر بانکی ناوەندی چارەسەری کێشەی دینار و دۆلار لە سەبەتەی دراوەکان نەکات، گوتیشی، "نامەوێت کاریگەریی نەرێنی لەسەر دەروونی بینەر و گوێگرەکانی تۆڕی میدیایی رووداو دروستبکەم، بەڵام دەبێت بانکی ناوەندی بە روون و ئاشکرا کاربکات، دڵنیایی و متمانەی هاووڵاتییان بە دەستبهێنێت، لەبەر ئەوەی داهاتی نەوتی عێراق لە نەوتەوە دێت و بە چەندین وڵات دەفرۆشێت، دەکرێت لەو رێگەیەوە سەبەتەی دراوەکانی هەمەجۆر بکات."
ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق 100 دۆلار بە 152 هەزار و 400 دینار مامەڵەی پێوەکرا کە زیاتر لە 20 هەزار دینار جیاوازی هەیە لەگەڵ نرخی فەرمی بانکی ناوەندی.
ئاڵۆزییەکانی عێراق بە هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەلایەن گرووپە چەکدارەکان و وەڵامدانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بازاڕی عێراقی شڵەژاندوە، ئەمڕۆش پەرلەمانی عێراق بە کۆکردنەوەی 100 واژۆ بۆ تاوتوێکردنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان کۆدەبێتەوە.
د. زیا موحسین، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بە کاریگەر نازانێت لەسەر بازاڕی وەبەرهێنان لە عێراق و دەڵێت: "بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا وەبەرهێنەرانی ئەو وڵاتە عێراق جێناهێڵن، وڵاتانی دیکەش خواستێکی زۆریان هەیە بۆ وەبەرهێنان لە عێراق، بەڵام ناسەقامگیری ئەمنی کاریگەری هەیە تەنانەت وەبەرهێنەرانی عێراقیش وڵاتەکە جێدەهێڵن."
قەبارەی وەبەرهێنانی بیانی لە عێراق نزیکەی 30 ترلیۆن دینارە بە گوتەی ئەو لێکۆڵەری ئابووری عێراق، خاڵی لاوازی عێراق بازاڕی کەرتی تایبەتە بەوەی سەرمایەکانیان بردووەتە وڵاتانی دیکە.
د. زیا موحسین، دەڵێت دۆخی دەروونیی سەرمایەدارەکان ناسەقامگیرە "بەهۆی ئەو دۆخە ئەمنییەی چەند ساڵی رابردوو لە عێراق هەبووە بەتایبەت ئەوانەی لە سەردەمی رژێمی پێشوو کاریان کردووە، بۆیە دەبێت سەرۆکوەزیران دڵنیایی بەو سەرمایەدارانە بدات."
وەبەرهێنەرانی عێراق سەرمایەکانیان لە ئوردن و تورکیا، ئیمارات، تورکیا، کەنەدا، ئیسپانیا و وڵاتانی دیکە بەگەڕخستووە.
د. زیا موحسین، ئاماژە بەوە دەکات، "قەبارەی وەبەرهێنەرانی عێراقی لە وڵاتانی دیکە نزیکەی 70 ملیار دۆلارە، بازاڕی ئوردنی وەبەرهێنەرانی بازاڕەکەی هەمووی عێراقییە، لە تورکیا وەبەرهێنەری زۆر گەورەی عێراقی هەیە لە وڵاتانی ئەوروپاش سەرمایەگوزاری گەورەی عێراقی هەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ