لە 400 ملیار تەنیا 78 ملیار دینار بۆ گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرجکراوە

09-08-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە کۆی نزیکەی 400 ملیار دینار، نزیکەی 78 ملیار دینار بۆ گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرجکراوە و بەغدا رۆژی سێشەممە 8ـی ئابی2023 چەکی 18 ملیار دیناری دیکەی بۆ پارێزگای هەولێر، 27 ملیار دینار بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و 13 ملیار دیناری دیکەی بۆ پارێزگای دهۆک کردووە. بەڕێوەبەری سایلۆی دهۆکیش دەڵێت، "ئەوە تەنیا چەکە و هێشتا پارەکە خەرج نەکراوە."
 
رۆژی چوارشەممە 09-08-2023، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 58 ملیار دیناری دیکەی شایستەی دارایی جووتیاران خرایە سەر هەژماری وەزارەتەکەیان کە شایستەی دارایی جووتیارانە بۆ ساڵی 2023 بەم شێوەیە، سلێمانی 27 ملیار دینار، هەولێر 18 و دهۆک 13 ملیار دینار. 
 
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی هەرێمی کوردستان لەبارەی خەرجکردنی 58 ملیار دینار بۆ جووتیاران بە رووداوی گوت، "ئەوە تەنیا کراوەتە چەک و هێشتا پارەکان خەرجنەکراوە، دەبێت دوای ئەوەی کراوەتە چەک ئەو چەکانە ئاراستەی بانکەکان بکرێت بە مەبەستی خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە."
 
تاوەکو ئێستا بەغدا نزیکەی 78 ملیار دیناری بۆ پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرجکردووە، کە بەشێکی لەلایەن سایلۆکانەوە بەسەر جووتیاران دابەشکراوە و بەشێکی دیکەی هەندێک رێکاری کارگێڕی ماوە بۆ ئەوەی لە بانکەکانەوە تەواو بکرێت و بۆ سایلۆکان بنێدرێت.
 
بۆ پارەی گەنمی جووتیاران بەغدا چەکی 18 ملیار دیناری بۆ سایلۆی هەولێر کردووە
 
رۆژی چوارشەممە 09-08-2023، سەعید عومەر، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەغدا 15 ملیار دیناری بۆ خەرجکردبووین و هەمووی دابەشکراوە، بەمدواییە سێ ملیار دیناری دیکەی بۆ خەرجکردین، بەڵام ئەوەیان دابەشنەکراوە و تەنیا هەندێک رێکاری کارگێڕی بانکی ماوە کە تاوەکو هەفتەی داهاتوو تەواو دەبێت و دابەشی دەکەین، واتا بە کۆی گشتی 18 ملیار دینارمان بۆ خەرجکراوە."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر، جگە لەو 18 ملیار دینارەی بۆیان خەرجکراوە، دوێنێ بەغدا چەکی 18 ملیار دیناری دیکەی بۆ پارەی گەنمی جووتیارانی هەولێر کردووە و دەڵێت، "نوێنەرمان ناردووەتە بەغدا و چەکەکانی وەرگرتووە، تەنیا ماوەتەوە چەکەکان بگاتەوە هەولێر و پارەکە بخرێتە سەر هەژمارەکانمان بۆ ئەوەی وەریبگرین و دابەشی بکەین."
 
بەغدا 145 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی پارێزگای هەولێر وەرگرتووە، جگە لەو 18 ملیار دینارەی بۆی خەرجکردوون و ئەو 18 ملیارەی دیکە کە چەکی بۆ کردوون، سایلۆی هەولێر پێویستی بە نزیکەی 80 ملیار دیناری دیکەیە بۆ ئەوەی پارەی هەموو گەنمی جووتیارانی دابەش بکات. سەعید عومەر دەڵێت، "هیچ گرفتێک لە ناردنی پارە نییە و وەجبە وەجبە بەغدا بۆمان دەنێرێت."
 
"چەکی 27 ملیار دینار بۆ سایلۆی سلێمانی کراوە"
 
کامەران وریا، بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سەرەتا بەغدا 30 ملیار دیناری بۆ خەرجکردین و هەمووی دابەشکرا، دواتر پێنج ملیار دینارمان بۆ خەرجکرا و هەندێک رێکاری بانکی ماوە و وردە وردە دابەشی دەکەین، واتا بە کۆی گشتی تائێستا بەغدا 35 ملیار دیناری بۆ خەرجکردووین." 
 
بەگوتەی کامەران وریا، بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی، جگە لەو 35 ملیار دینارەی بۆیان خەرجکراوە، دوێنێ بەغدا چەکی 27 ملیار دیناری دیکەی بۆ پارەی گەنمی جووتیارانی پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین کردووە و دەڵێت، "ئەوە تەنیا چەکە و زۆرجار هەفتەیەک بۆ 10 رۆژێکی دەوێت لە نێوان بانکی هەرێم و سلێمانی بۆ گواستنەوەی پارە."
 
لە سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، بە ئیدارەی راپەڕین و گەرمیانیشەوە، 230 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە. کامەران وریا دەڵێت، "بە کۆی گشتی تا ئێستا 62 ملیار دینار کراوەتە چەک کە بەشێکیان دابەشیش کراوە و جگە لەوانە نزیکەی 96 ملیار دیناری دیکەمان پێویستە."
 
بەغدا چەکی 13 ملیار دیناری بۆ سایلۆی دهۆک کردووە
 
نازم محەممەد، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی دهۆک بە رووداوی گوت، "سەرەتا 23 ملیار دیناری بۆ خەرجکردین و هەمووی دابەشکرا، دواتر دوو ملیار و 500 ملیۆن دینارمان بۆ خەرجکرا و پارە هاتووە، بەڵام هێشتا بە دەستمان نەگەیشتووە بۆ ئەوەی دابەشی بکەین کە رێکارە بانکێکان تەواو بوو دەست بە دابەشکردنی دەکەین."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی دهۆک، جگە لەو پارەیەی بۆیان خەرجکراوە، دوێنێ بەغدا چەکی 13 ملیار دیناری بۆ پارەی گەنمی جووتیارانی دهۆک کردووە و دەڵێت، "ئەو پارەیە تەنیا کراوەتە چەک و بۆمان نەنێردراوە لە بەغداوە و پێویستە دوای ئەوەی کراوە چەک هەندێک رێکاری کارگێڕی بانکی هەن تەواو بکرێن ئەو کات دەخرێتە سەر هەژمارەکانمان و دابەشی دەکەین."
 
لە پارێزگای دهۆک لە رێگەی سایلۆکانی فایدە، شێخان و زاخۆ 125 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە. نازم محەممەد گوتی، "جگە لەو 25 ملیار و 500 ملێۆن دینارەی بۆمان خەرجکراوە و ئەو 13 ملیار دینارەی کراوەتە چەک، نزیکەی 63 ملیار و 500 ملیۆن دیناری دیکەمان پێویستە بۆ ئەوەی پارەی هەموو جووتیاران دابەشبکەین."
 
پار بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت؛ ئەمساڵ بەرهەم زۆرە و بۆ وەرگرتنەکەی، حکومەتی عێراق وەرگرتنی گەنمی سنووردارکردبوو و تەنیا 500 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت. پار لە پارێزگای هەولێر 117 هەزار و 773 تۆن، لە سلێمانی 136 هەزار و 500 تۆن گەنم و لە دهۆک 52 هەزار و 195 تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە