لە کوردستان مانگانە ملیۆنان دۆلار بە کارتی یاریی پەبجی دەدرێت

09-08-2020
رەوا عەبدوڵڵا
دووکانێکی یارییە ئەلکترۆنییەکان لە بازاڕی نیشتمان لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر
دووکانێکی یارییە ئەلکترۆنییەکان لە بازاڕی نیشتمان لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر
نیشانەکردن پەبجی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەو کەسانەی كارتی ئەلیكترۆنی دەفرۆشن دەڵێن، یاریی ئەلیکترۆنیی پەبجی لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زۆر بەكارهێنەری هەیە، ئەمەش وایكرووە فرۆشی یوسی كە رێگایەکە بۆ كڕینی چەك و جلوبەرگ و ئۆتۆمبێل و بەرزكردنەوەی ئاستی یاری پەبجی بەكاردێت، خواستێكی زۆری لەسەر بێت.
 
یاریی ئەلیکترۆنی پەبجی (PUBG) كە كورتكراوەی (Player Unknown's Battlegrounds) یارییەكی ئەلیكترۆنییە و لە رێگەی ئۆنلاینەوە دەکرێت.
 
ئەم یارییە بۆ یەكەمجار لە 23ی ئاداری 2017 دەركەوت، بەڵام زۆر بە خێرایی بە جیهاندا بڵاوبووەوە، ئێستا ئەم یارییە یەكێكە لە بەربڵاوترین یارییە ئەلكترۆنییەكان ، ئەپەكانی لەسەر مۆبایلە زیرەكەكان لە هەردوو سیستەمی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس  بەردەستە.
 
یارییەكە وەرزییە و هەردوو مانگ جارێك نوێ دەبێتەوە، لەگەڵ نوێبوونەوەش بۆ راكێشانی سەرنجی بەكارهێنەرانی، چەك و جلوبەرگ و ئۆتۆمبێلی تازە زیاددەبێت، بۆ كڕینی چەك و جلوبەرگ و ئۆتۆمبێل و بەرزكردنەوەی ئاستی ئارپیی یاریی پەبجی پێویستیی بە یەكەیەكە كە پێیدەگوترێت یوسی، دەتواندرێت لە رێگەی كارتی مۆبایل و كارتە ئەلیكترۆنییەكان بەدەست بهێنرێت.
 
نیاز ئەحمەد ئیسماعیل، خاوەنی نووسینگەی نیاز بۆ فرۆشتنی كارتی ئەلیكترۆنی  لە بازاڕی كۆتری سەلام لە شاری هەولێر، كە جوملەفرۆشێكی یوسیی کارتی پەبجییە، دەڵێت: "بەهۆی كڕینی یوسی بۆ یاریی پەبجی فرۆشی سیمكارتی ئاسیا و زین یەكجار زۆر بووە. بۆ نموونە لەو بێ بازاڕییە تەنیا ئێمە رۆژانە 7 تاوەكو 10 هەزار سیمكارتی ئاسیا دەفرۆشینە تاكفرۆشەكان ئەوانیش بە رێگەی تایبەت لە رێگەی ناردنی نامە بۆ كۆمپانیا ئەو كارتەی تێدایە دەیكەن بە یوسی بە خەڵكی دەفرۆشن و جارێكی دیكە سیمكارتەكە بە ئێمە دەفرۆشنەوە، لەم كڕین و فرۆشتنەوەش نزیكەی 1000 دینار لە هەر سیمکارتێک قازانج دەكەن".
 
سەرجەم ئەو سیمكارتانەی کەسانی وەکو نیاز دەیفرۆشن بۆ دەرهێنانی یوسی بەكاردێت. نیاز دەڵێت: "رۆژانە تەنیا ئێمە بایی 20 تاوەكو 30 ملیۆن دینار سیمكارت بۆ یوسی دەفرۆشین، ئەمە لە كاتێكدایە ئێستا بەهۆی بێكاری و دواكەوتنی مووچە بازاڕ لاواز بووە دەنا پێشتر رۆژانە بایی 50 تاوەكو 60 ملیۆن دینارمان دەفرۆشت".
نیاز ئەحمەد، گوتی: "جوملەفرۆشێكی زۆر لە پارێزگای هەولێر و شارەكانی دیكەی كوردستان كارتی ئەلیكترۆنیی گووگڵ پلەی و ئایتونس و سیمكارتی ئاسیا و زین بۆ یوسی دەفرۆشن، بۆیە پێشبینی دەكەم مانگانە نزیکەی بایی ملیۆنێك و 500 هەزار دۆلار یوسی لە هەرێمی كوردستان بفرۆشرێت". 
 
لە پارێزگاكانی عێراق ئەو جۆرە سیمكارتانەی ئاسیا كە لە بازاڕ بە "علوج" دەناسرێن نییە، بۆیە پێشتر جوملەفرۆشەكانی هەولێر بەشێوەی كۆ ئەو جۆرە سیمكارتانەیان بۆ شارەكانی عێراق دەنارد، لەوێش بۆ یوسی پەبجی بەكاردەهات. 
 
 نیاز ئەحمەد، دەڵێت: "پێشتر فرۆشمان سێ بەرامبەری ئێستا بوو، چونكە بەشێوەی جوملە سیمكارتمان بۆ یوسی هەناردەی شارەکانی عێراق دەكرد، بەڵام ئێستا بەهۆی كۆرۆنا هاتووچۆی نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق نییە، بۆیە بازاڕمان لاواز بووە".
 
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کارتفرۆشەکان بە دەست رووداویان داوە، لە سیمكارتێكی ئاسیا ئەگەر  5,500  دینار باڵانسی تێدابێت 271 یوسی دەردەهێنرێت، لەو سیمكارتانەش كە 3.500 دینار باڵانسیان تێدایە 150 یوسی دەردەهێندرێت، بۆ بەرزكردنەوەی ئەكاونتێكی یاری پەبجی لە ئاسایی بۆ گۆڵد 600 یوسی پێویستە، بۆیە فرۆشی یوسی لە 600 یەکەوە دەست پێدەكات، بۆ نموونە ئێستا لە بازاڕی هەولێر بە نرخی تاك 600 یوسی بە 12 هەزار دینارە. 813  یوسی بە 15 هەزار دینارە، 1355 یوسی بە 25 هەزارە، 2439 یوسی بە 42 هەزارە، 5149 یوسی بە 85 هەزار دینارە، 10298 یوسی بە 165 هەزار دینارە، بەم شێوەیە تا ژمارەی یەكەكانی یوسی بەرزتربێت نرخەكەشی هەڵدەكشێت. 
 
محەممەد تەها، كە كارتفرۆشێكی یوسیی یاریی پەبجییە لە بازاڕی كۆتری سەلام لە هەولێر، بەشێوەی ئۆنلاین و راستەخۆ یوسی دەفرۆشێت، دەڵێت: "هەر كەسێك كە ئەكاونتێكی پەبجی دابنێت، ناتوانێت جلوبەرگ و چەكی تایبەت بە دەست بهێنێت تاوەكو ئارپییەكەی  بۆ گۆڵد بەرز نەكاتەوە كە 600 یوسی پێویستە، كاتێكیش كەسەكە چووە ناو یارییەكە و ئاڵوودە بوو، بیر لەوەدەكاتەوە هاوشێوەی هاوڕێكانی چەك و جلوبەرگ و پەرەشوت و ئۆتۆمبێلی بە رەنگی تایبەت هەبێت. نرخی ئەوانەش تێچووی زۆرە بۆ نموونە جلوبەرگ هەیە بە 500 دۆلارە".
 
بە گوتەی محەممەد تەها، ئەوانەی ئەو یارییە دەکەن، زۆر بە خێرایی ئاڵوودەی یارییەکە دەبن و ناتوانن دەستبەرداری ببن. محەممەد تەها دەڵێت: "هەژار و دەوڵەمەند ئاڵوودەی یاریی پەبجی بوون، گەنجی واهەیە تا ئێوارە كرێكاری دەكات ئێوارە بەر لەوەی بچێتەوە ماڵەوە دێت پارەكەی بە یوسی دەدات، كەسی واش هەیە گوێی لە پارە نییە بە جارێك بایی ملیۆنیك تا 5 ملیۆن دینار یوسی دەكڕێت، بۆ نموونە کڕیارێکم هەیە، تاوەکو ئێستا بایی 18 هەزار دۆلار یوسی کڕیوە، ئێستا ئەكاونتەكەی لای من داناوە بۆ فرۆشتن و داوای 10 هەزار دۆلار دەكات، بەڵام لەبەر ئەوەی تووشی شۆك نەبێت پێمنەگوتووە لەو بازاڕە ئەكاونتەكەت لە 1.500  تاوەكو 2000 دۆلار زیاتر ناكات".
 
محەممەد تەها زیاتر لەبارەی ئاڵوودەبوونی گەنجان بە یاریی پەبجی قسە دەکات و دەڵێت: "ئاڵودە بوون بە یاریی پەبجی لە ئاڵوودە بوون بە ماددەی هۆشبەر خراپترە، كەسی واهەیە شەو تا بەیانی ناخەوێت یاری بە گرووپ دەكات، بۆیە كەسانێك تەنیا بۆ نمایش ئامادەن زۆرترین پارە بە كڕینی یوسی بدەن، تەنیا بۆ ئەوەی لە یارییەكان جوان دەركەون. بۆ نموونە كەسی وا هەیە 20 تاوەكو 30 چەكی نایابی هەیە هەموو كردووە بە ماكس كە تێچووی هەر چەكێك نزیكەی 500 تاوەكو 700 دۆلارە، ئەمە بێجگە لە دەیان جلوبەرگی جیاواز كە نرخی هەریەكەیان لە 500 دۆلار كەمتر نییە".  
 
ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری لەسەر ئەو یارییەش هەبووە، ئێستا یاریزانانی پەبجی کەمتر یوسی دەکڕن. 
محەممەد دەڵێت: "گەنج هەیە پێشتر بایی 60 هەزار دۆلار یوسی لە ئەکاونتەکەیدا هەبووە، ئەوانە پێشتر قازانجێکی زۆریان بۆ ئێمە هەبوو، بەڵام ئێستا بازاڕ لاواز بووە، رۆژانە بایی 500 تاوەكو 600 دۆلار یوسی دەفرۆشین".
 
هاوشێوەی پەیج و ئەكاونتەكان، لە هەرێمی كوردستان كڕین و فرۆشتن بە ئەكاونتی یاری پەبجیش دەكرێت.
 
عومەر حەمید كە ماوەی ساڵێكە كڕین و فرۆشتنی یوسی و ئەكاونتی یاری پەبجی دەكات، دەڵێت: "نرخی ئەکاونتی پەبجی بەگوێرەی بەرزی ئارپی و ئەو چەك و جلوبەرگانەی تێیدایە دەگۆڕێت، نرخی ئەکاونتەکان لە نێوان دوو تاوەکو حەوت هەزار دۆلارە".
 
ئەم یارییە قازانجیشی هەیە، بە تایبەتی ئەگەر کەسەکە یاریزانێکی لێهاتوو بێت. عومەر دەڵێت: "ئەم یارییە وەك قومار وایە، هەندێك شت هەیە بە پارە دەكڕدرێت هەندێك شتیش دیارییە ، دیارییەكەش وەك قومار وایە. پارە دەدەی ئەگەری دەرچوونی دیارییەکە 0.5%ە،  جاری وا هەیە بە پارەیەكی كەم دەردەچێت، جاری واش هەیە پارەیەكی  زۆرت دەڕوات، هیچت بۆ دەرناچێت".
 
هەندی لە یاریزانە لێهاتووەکانی پەبجی لە فەیسبووك پەیجی تایبەت بە ئەكاونتەكانیان دادەنێن و یارییەكان بەشێوەی لایڤ بڵاودەكەنەوە خەڵكێكی زۆر بینەریانە و ئەستێرەیان بۆ دەنێرێت، لەو رێگەیەوە پارەیان دەست دەكەوێت، دوای ئەوەی پەیجەكەشیان ژمارەی لایكی زۆر بوو و لایڤەكانیان 20 هەزار تەماشاکەری تێپەڕاند، بە پارە ریكلامی تێدا دەكەن.
 
عومەر حەمید، دەڵێت: "لەلایڤیك بەشدار بووم 94 هەزار ئەستێرەی بۆهات. ئەو كەسانەشی كە بینەری لایڤەكە بوون لە خۆشی بینینی یارییەكە نزیكەی 800 دۆلاریان خستە سەر حیساب بانكییەكەی یاریزانەکە، من داوام كرد ریكلام بۆ كارەكەم بكات داوای 2000 دۆلاری كرد".
 
بەهۆی ئەو خواستەی لەسەر یوسی دروست بووە ژمارەیەك لە كۆمپانیاكان كاری سەرەكیان كردووە بە هاوردنی ئەو كارتانەی بۆ یوسی بەكاردێت، كارتەكانیش لە ئەمەریكا هاوردەی ئیمارات دەكرێن و لەوێشەوە بۆ هەرێمی كوردستان.
 
لە هەرێمی كوردستان هیچ بریكارێك بۆ ئەو كارتانە نییە، بۆیە هەموو كۆمپانیا و بازرگانێك دەتوانێت بازرگانی بەو كارتە ئەلیكترۆنیانە بكات.
 
ئیدریس نەوزاد سارمەمی، بەڕێوەبەری فرۆشتنی بەشی كارتی ئەلیكترۆنی لە كۆمپانیای دەلتا، دەڵێت: "لە بەغدا چەند كۆمپانیایەكی تایبەت بە فرۆشتنی ئەم جۆرە كارتانە هەیە، ئێمە زیاتر لەهەرێمی كوردستان و شارەكانی ناوەراست فرۆشمان هەیە، پێشتر مانگانە بایی ملیۆنێك و 800 هەزار دۆلار كارتمان دەفرۆشت لەم  بڕە نزیكەی 400 تاوەكو 500 هەزار دۆلار فرۆشمان لە هەرێمی كوردستان هەبوو ئەوەی دیكە لە عێراق دەفرۆشرا، بەڵام ئێستا بەهۆی كۆرۆنا و قەیرانی دارایی مانگانە بایی 500 هەزار دۆلار کارت لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەفرۆشین".
 
ئیدریس سارمەمی، گوتیشی: "ئێمە نازانین فرۆشی یوسی لە رێگەی كارتی ئاسیا و زەین چەندە، بەڵام بەپێی بەدواداچوون بۆمان دەركەوتووە مانگانە لەهەرێمی كوردستان تەنیا بۆ بەكارهێنانی یوسی بایی زیاتر لە ملیۆنێك دۆلار كارتی Google play و iTunes و هەندێك جۆر كارتی دیكە دەفرۆشرێت".
 
  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە