رووداو دیجیتاڵ
دانە گاز، گەورەترین کۆمپانیای گازی کەرتی تایبەت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت، نەوت و گاز و بەرهەمە هایدرۆکاربۆنییەکانی دیکەی کێڵگە گازییەکانی هەرێمی کوردستان، لە 9 مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا بە رێژەی 3% زیادیان کردووە و بۆ بڕی 38 هەزار و 200 بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە؛ ئەوەش بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر گاز لەلایەن وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستانەوە.
کۆمپانیا ئیماراتییەکە کە لە هەرێمی کوردستان و میسر کار دەکات، ئەمڕۆ هەینی بەرهەمی 9 مانگی رابردووی بڵاوکردەوە، تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، بەگشتی بەراورد بە 9 مانگی سەرەتای ساڵی رابردوو، قازانجەکەی 11.3% کەمبووەتەوە و دابەزیوە بۆ 112 ملیۆن دۆلار، ئەوەش بەهۆی کەمبوونەوەی قەبارە و نرخی گازی پیترۆڵی شلکراو (LPG) و بەرهەمە هایدرۆکاربۆنییەکانی دیکە.
وێڕای کەمبوونەوەی داهاتەکەی، کۆمپانیاکە هەوڵیداوە تێچوو کەم و بەرهەم زیاد بکات، بە دیاریکراوی لە هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، دانە گاز و کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی پێرڵ پێترۆڵیۆم پلانیان وایە دەست بە کاری بونیادنان لە کێڵگەی گازی KM250ی کۆرمۆردا بکەنەوە.
پێرڵ پێترۆڵیۆم کە لە ژمارەیەک کۆمپانیای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێکدێت، بەم دواییانە لە رێگەی واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ وەبەرهێنەران، 350 ملیۆن دۆلاری بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە کۆکردووەتەوە، ئەمەش وەکو لە راگەیێندراوەکەدا خراوەتەڕوو.
پێچەوانەی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی نەوت و گازی دانە گاز لە میسر 24% کەمبووەتەوە و بۆ هێندەی 17 هەزار و 100 بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا دابەزیوە.
لە میسر، دانە گاز رێککەوتنی کردووە بۆ ئەوەی 11 بیری نوێ لێبدات و دەست بە دەرهێنانی 80 ملیار پێ سێجا گازی میسر بکات.
کۆمپانیاکە داوای لە حکومەتی میسر کردووە 24 ملیۆن دۆلاری بۆ وەبەرهێنانی ئەو بیرەنوێیانە پێ بدات.
بە گشتی داهاتی دانە گاز لە هەرێمی کوردستان و میسر لە 9 مانگی رابردوودا 286 ملیۆن دۆلار بووە.
کۆمپانیاکە توانیویەتی قەرزەکانی خۆی بۆ 28 ملیۆن دۆلار کەمبکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ