فازڵ نەبی: هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێبکاتەوە عێراق تەواوی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەنێرێت

07-11-2024
رێناس ساڵح
د. فازڵ نەبی، بریکاری پێشوی وەزارەتی دارایی عێراق
د. فازڵ نەبی، بریکاری پێشوی وەزارەتی دارایی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بریکاری پێشوی وەزارەتی دارایی عێراق رایدەگەیێنێت، ئاماژەکان "ئەرێنین" بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، دەشڵێت، ئەگەر نەوت هەناردە بکرێتەوە حکومەتی عێراق تەواوی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەنێرێت." رێکخراوێکی تایبەتیش بە چاودێری نەوتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەو 16 دۆلارەی عێراق دیاریکردووە گونجاوە".
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەمواری مادەی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە یاسای بودجەی سێ ساڵی عێراق پەسندکرد و 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە.
 
د. فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، کە میوانی بوڵتەنی ئابووریی رووداو گوتی، "بە هەموارکردنەوەی مادەی 12/ دووەم/ ج یەکێک لە قومبەلەکانی یاسای بودجە پووچەڵ دەبێتەوە. ئەم مادەیە نەوتی هەرێمی کوردستانی قوفڵ کردبوو لەبەر ئەوەی هەتاوەکو ئەم مادەیە هەموار نەکرێتەوە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە ناکرێت."
 
پێشتر بە گوێرەی مادەی 12/ دووەم/ ج دەبوو وەزارەتی دارایی عێراق کرێی  کۆمپانیاکانی نەوت و کرێی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کودستان بداتە هەولێر بەو نرخەی کە بۆ خەرجی نەوتی عێراق دیاریکراوە کە هەشت دۆلارە ئەوەش پاش رادەستکردنی نەوتەکە بە کۆمپانیای سۆمۆ، د. فازڵ گوتی، "هیچ کۆمپانیایەک بە هەشت دۆلار کار ناکات."
 
هەروەها یادگار سدیق، سەرۆکی رێکخراوی روونبین تایبەت بە چاودێریی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە ئەویش میوانی بوڵتەنی رووداو بوو، گوتی: "ئێستا کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان هیچ هەڵوێستێکیان لەبارەی پێشنیازەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نەبووە، بەڵام تویتەکەی سەرۆکی گرووپی کۆمپانیاکانی کار ئەرێنی و گرنگ بوو، چونکە کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنەری نەوتە و کاری گواستنەوەی نەوتیش دەکات. ئەوە دەریدەخات کە ئەوانبش رەزامەندن بەو نرخەی بۆ خەرجی بەهەمهێنان و گواستنەوە دیاریکراوە".
 
شێخ باز بەرزنجی، سەرۆکی گرووپی کۆمپانیاکانی کار لە نووسینێکدا لە تۆڕى ئێکس، ستایشى بڕیارەکانى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقى کردووە لە بارەى پرسى نەوتى هەرێمى کوردستان  و ئاماژەى بەوەداوە، هەموارکردنى یاساى بودجە هەنگاوێکى ستراتیژییە بە ئاڕاستەیەکى دروست، کە رۆڵ دەبینێت لە بەهێزکردنى هاریکارى  نێوان حکومەتى فیدراڵ و هەرێمى کوردستان لە کەرتى نەوتدا. 
 
سەرۆکی گرووپی کۆمپانیاکانی کار راگەیاند: "قەرەبووى تێچووى  بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوت لە هەرێمى کوردستان ئاماژەى پابەندبوونى هاوبەشە بە بوژاندنەوەى بەردەوام و دابەشکردنێکى دادوەرانەى سامان کە رێگە بۆ قۆناخێکى نوێ خۆش دەکات لە  هاوبەشی بونیاتنەر کە بە سوودى هەموو لایەک دەگەڕێتەوە."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزارەتی دارایی عێراق شایستە داراییەکەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت دەداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەرجێک نەوتەکەی رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق - سۆمۆ بکات، یان رادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بکات.
 
لە بڕگەکانی پێشنیازی هەموارەکەدا هاتووە، کە شایستە داراییەکان بە شێوازێکی دادەپەروەرانە دیاری بکرێن لەلایەن دامەزراوەیەکی راوێژکاریی نێودەوڵەتیی تایبەتمەند کە دڵخوازی وەزارەتەکانی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بێت.
 
بڕیارەکە ماوەی 60 رۆژی دیاریکردووە لەگەڵ دامەزراوەیەکدا رێککەوتن بکرێت، ئەگەر لەو ماوەیەدا لەسەر دامەزراوەکە نەگەیشتنە رێککەوتن، ئەوا حکومەتی فیدراڵ تاکلایەنە دامەزراوەیەک وەک نێوەندگیر و لایەنی سێیەم دیاری دەکات.
 
د. فازڵ نەبی، دەڵێت: "مەرج نییە حکومەتی عێراق یان هەرێمی کوردستان بە دەرئەنجامی هەڵسەنگاندنی کۆمپانیاکە رەزای بن ئەگەر رازی نەبوون گەڕێکی دیکەی گفتوگۆی نێوانیان دەستپێدەکات، بەڵام ئەگەر نەگەشتنە رێککەوتن لەسەر دیاریکردنی کۆمپانیایەک، ئەوکات حکومەتی عێراق کۆمپانیا نێوەندگیر دیاری دەکات".
 
بەشێکی دیکەی پێشنیازی هەموارکردنەکە تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە 16 دۆلاری بۆ دیاریکراوە.
 
د. فازڵ نەبی، گوتی: "دیاریکردنی ئەو 16 دۆلار بۆ تێچووی دەرهێنان و گواستنەوە نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو کاتەیە کە بڕیارەکە پەسند دەکرێت و لە رۆژنامەی وقائیە بڵاو دەکرێتەوە رۆژێک پاش ئەوە بەگوێرەی بڕیارەکە دەبێت هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە واتە ئەوە نرخە بۆ پێش ئەنجامی راپۆرتی کۆمپانیا نێوەندگرییەکەیە".
 
بە گوتەی بریکاری پێشووتری  وەزارەتی دارایی عێراق، ئەگەر دوای راپۆرتی کۆمپانیاکە تێچووەکە لە 16 دۆلار زیاتر بوو حکومەتی عێراق پارەکە زیاد دەکات ئەگەر کەمتربوو ئەوکات کەمتر لە 16  دۆلار دەداتە هەرێمی کوردستان.
 
فازڵ نەبوی پێیوایە، هەناردنەوەی نەوت لە قازانجی هەرێمی کوردستانە: "چونکە  ئەوکاتە هەرێمی کودستان دەتوانێت داوای تەواوی بەشە بودجەکەی بکات لە عێراق کە ئێستا تەنیا مووچەی بۆ دەنێرێت."
 
سەرۆکی رێکخراوی روونبین کە چاودێری نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەن باسی لێکۆڵینەوەیەکی رێکخراوەکەیان دەکات کە چۆن لە ماوەی 19 مانگی رابردوو کۆمپانیاکان خەرجیان کەمردووەتەوە یادگار سدیق گوتی: "لێکۆڵینەوەیەکمان کردووە لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا خەرجی بەرهەمهێنانی نەوتی رۆژانە لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان لە نێوان سێ دۆلار  بۆ چوار دۆلارە قازانجەکانیش بە گوێرەی گرێبەستەکان دەگۆڕێت".
 
نمونەی کێڵگەی شێخانی باسکردو گوتی، لە ماوەی شەش مانگ بۆ بەرهەمهێنانی  45 هەزار بەرمیلی نەوت کە نەوتێکی قورسە و لە ناوچەیەکی شاخاویدایە خەرجی بەرهەمهێنانی شەش ملیۆن دۆلارە کە خەرجی بەرمیلێک نەوت لەم کێڵگەیە 4 دۆلار و چل سەنت دەکات، بەڵام ئەمە زۆر ورد نییە، چونکە کۆمپانیاکان بەهۆی راگرتنی نەوتەوە خەرجیان کەمکردووەتەوە.
 
یادگار سدیق گوتی: "ئەگەر ئیدارەیەکی دروست بدرێت 16 دۆلار پارەیەکی باشە بۆ خەرجی و قازانجی کۆمپانیاکان تاوەکو هەناردەی نەوت دەست پێبکەنەوە".
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش لە بارەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، "هەڵوێستی نەگۆڕی خۆمان دووپات کردەوە؛ دەبێت هەرچی زووە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ دەستپێبکاتەوە."
 
دوای بڕیاری راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جیهان لە 25ی ئاداری 2023 و دەرچوونی یاسای بودجەی سێ ساڵە، یەکێک لە خاڵەکانی ناکۆکی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بوو کە لە یاسای بودجە بە تێکڕا بۆ نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان بە نزیکەی 7 دۆلار بۆ بەرمیلێک دیاریکرابوو.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە