بەهای لیرەی تورکی ژمارەیەکی پێوانەیی لە دابەزین تۆمارکرد

07-06-2023
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەهای دراوی نیشتمانیی تورکیا لە بەرامبەر دۆلار و دراوە بیانییەکانی دیکە، بە رێژەی زیاتر لە 6٪ دابەزی و ریکۆردێکی نوێی تۆمار کرد.  
 
ئەمرۆ چوارشەممە 7ی حوزەیرانی 2023، لە کاژێر 10:30ی سەرلەبەیانی لە بۆرسەکانی تورکیا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی گەیشتە 23.10 لیرە؛ هەروەها یەک یۆرۆ بە 24.83 لیرە مامەڵەی پێوە کرا. 
 
بەهای لیرە بەرامبەر دۆلار لە ئاستی 21.61 دەستیپێکرد. دابەزینی سێ رۆژەی بەهای لیرە 8٪ـی تێپەڕاند و لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە نرخی ئاڵوگۆڕی دراودا لیرەی تورکی زیاتر لە 20٪ــی بەهای لەدەستداوە. 
 
بەهای لیرە بەرامبەر یۆرۆش ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد و یەک یۆرۆ بە 24.83 لیرە مامەڵەی پێوەکرا. 
 
دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە 14ـی ئایاردا، زەبری دابەزینی لیرە بەدیکرا، لە کاتێکدا دامەزراوە بیانییەکان پێداچوونەوەیان بە چاوەڕوانییەکانی لیرە بەرامبەر دۆلار کرد.
 
بانکی 'کۆمێرزبانک' کە پێشبینییەکانی بۆ بەهای لیرە بەرامبەر دۆلار لە 20 لیرەوە بۆ 25 لیرە بەرزکردبووەوە، چاوەڕوان دەکات تا کۆتایی 2024 بەهای یەک دۆلار بۆ 30 لیرە دابەزین بەخۆیەوە ببینێ.
 
ئەم دابەزینە نوێیەی بەهای لیرەی تورکی لە بەردەوامیی کاردانەوەکانی شکستی بازاڕە داراییەکان و ئەنجامی ناسەقامگیریی بازاڕەکانە دوای گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا و بڕیاری ئەنجوومەنی سیاسەتی نەختینەیی دراوی بانکی ناوەندیی تورکیا کە لە کۆبوونەوەکەی رۆژی 22ی ئایاری ئەمساڵ جارێکی دیکە دەستکاری رێژەی سوودی بانکی نەکرد و لە 8.5٪ بە جێگیری هێشتییەوە. 
 
بانکی ناوەندیی تورکیا ساڵی رابردوو چوار جار لەسەر یەک سوودی بانکی کەمکردەوە و لە کۆبوونەوەی شوباتی ئەمساڵیدا سوودی بانکی لە 9٪ بۆ 8.5٪ کەمکردەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە