خالید شوانی: وەزارەتی دارایی عێراق هەندێک کێشەیان لەبارەی ناردنی بودجە دروستکردووە

07-06-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی دیاریکردنی میکانیزمێک بۆ ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد، خالید شوانی لەبارەی گفتوگۆکانیان بە رووداوی راگەیاند، "وەزارەتی دارایی عێراق چەند کێشەیەکی هەیە".
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو پەیوەندیی بە خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستاندن لەگەڵ بەغدا کردووە و پێی گوتووە، "قورسە ئەم هەفتەیە کۆتایی بە کێشەکانی ناردنی مووچە بهێندرێن". هەروەها گوتووشیەتی کە وەزارەتی دارایی عێراق هەندێک كێشەیان دروستکردووە بە بێ ئەوەی روونی بکاتەوە کە کێشەکان چین.
 
ئامانجی شاندەکە ئەوەیە کە ئەم هەفتە کۆتایی بە میکانیزمی جێبەجێکردنی بودجە و ناردنی بودجە بهێندرێت، بە گوتەی خالید شوانی، "زانیارییەکان لەسەر مەلەفی نەوت و داهاتی نانەوتی دراونەتە بەغدا و لیژنەیەک لە چاودێریی دارایی حکومەتی عێراقی لە هەولێرن و ئەوانیش گفتوگۆ لەبارەی ناردنی بودجە دەکەن."
 
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، هەردوولا نزیکن لە گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی بۆ ناردنی بودجە، هەروەها مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دیدارێکی لەگەڵ شاندەکە هەبووە و پێی گوتوون کە پاڵپشتییان دەکات بۆ ئەوەی هەرچی زووە میکانیزمی ناردنی بودجە دیاری بکرێت.
 
ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەیەکی نێوان وەزیری دارایی، نەوت و پلاندانان و سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوێنێ کۆبوونەوەیەک لەنێوان وەزیری دارایی، نەوت، پلاندانان و سەرۆکوەزیرانی عێراق کراوە، بەغدا بڕیاریداوە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بنێرێت."
 
سەرچاوەکەی رووداو کە خۆیشی بەشداربووە لە کۆبوونەوە ئاماژە بەوە دەکات، "عێراق بەمنزیکانە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەنێرێت لەسەر ئەو پرسەش ئەمڕۆ شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات بۆ رێککەوتنی کۆتایی لەسەر بودجە."
 
خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستاندن لەگەڵ بەغدا لەبارەی ناردنی بودجە لە وەڵامی سەنگەر عەبدولڕەحمان، پێشکێشکاری بووڵتەنی نیوڕۆژی رووداو رایگەیاند، "بۆ ئەو مەبەستە سەردانی بەغدا دەکەین و ئەمڕۆ زیاتر باسی میکانیزمی جێبەجێکردنەکەی دەکرێت."
 
خالید شوانی باسی لەوەشکرد، لەڕووی سیاسییەوە لەگەڵ هەموو لایەنە شیعە و سوننەکان و حکومەتی عێراق رێککەوتوون، ئەوەی هەیە بەرهەمی کارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و ئێستا یاسایە. ئەوەی ئێستا هەیە کارکردنە بۆ ئەوەی ئەو رێوشێنە تەکنیکییانە بخەینە سەر سکەی خۆی. 
 
لەبارەی پرسیاری ئەوەی کە بەمنزیکانە دەتوانین بڵێین بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان دێت؟ خالید شوانی گوتی، "ئەمڕۆ کۆبوونەوە دەکەین و کۆبوونەوەکانی رۆژانی داهاتوو ئەوە دیاری دەکات." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمڕۆ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕیژەی 0.3٪ بەرزبووەوە

چوار رۆژە نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە؛ یەک ئۆنسە بە 2667 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا

نرخی زێڕ بۆ ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە لە بەرزبووەنەوە، فراوانبوونی زیاتری جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، خواستی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ کڕینی کانزای زەرد زیادکردووە.