رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپۆرتی رۆژنامە و ئاژانسە جیهانییەکان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا و خاوەنی تویتەر بووە یەکەم کەس کە 200 ملیار دۆلاری لە سامانەکەی لە ماوەی یەک ساڵدا لەدەستداوە.
ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا و خاوەنی تویتەر، تەمەنی 51 ساڵە، لە مانگی کانوونی دووەمی 2021 قەبارەی سامانەکەی گەیشتە زیاتر لە 200 ملیار دۆلار، بەوەش لەو کاتەدا بووە دووەم دەوڵەمەندترینی جیهان لە دوای جێف بێزۆس، دامەزرێنەری ئەمازۆن.
لە تشرینی دووەمی 2021 مەسک لە باشترین دۆخدا بوو کە سەرمایەکەی گەیشتبووە 340 ملیار دۆلاری ئەمریکی، بەوەش پێش جێف بێزۆس کەوت و بووە دەوڵەمەندترین کەسی جیهان تاوەکو مانگی رابردوو، بەڵام لە کۆتایی ساڵی 2022 سەرمایەی ئیلۆن مەسک بۆ 138 ملیار دۆلار دابەزی و لەلایەن بێرنارد ئارنۆڵت، بەڕێوەبەری کۆمپانیای LVMHی زەبەلاحی فەرەنسی لەسەر تەخت لابرا.
لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022دا پشکەکانی تێسلا تووشی هەرەسی گەورە بوون و بەهای پشکەکان 65% دابەزین، هەروەها تێسلا لە چەند مۆدێلێکی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی داشکاندنی راگەیاند، لەوانەش مۆدێلی 3 و مۆدێلی Y بە بڕی 7500 دۆلار.
زۆربەی زیانەکانی تێسلا دەگەڕێتەوە بۆ کڕینی تویتەر لەلایەن ئیلۆن مەسکەوە لە مانگی تشرینی یەکەمی 2022دا، لەگەڵ مشتومڕ و توانجی زۆری خەڵک لە سۆشیاڵمیدیا دەربارەی سەرلێشێواویی مەسک لە بەڕێوەبردنی تویتەردا.
سەرەڕای زیانەکان و ساڵی سامناکی تێسلا، ئیلۆن مەسک دەتوانێت 2023 باشتر بکات. مەسک پێشتر راپرسییەکی لە تویتەر بڵاوکردەوە و بەڵێنی دابوو کە پابەند بێت بە ئەنجامی راپرسییەکە، پاش ئەوەی زۆربەی دەنگدەرانی راپرسییەکەی مەسک داوایان کردبوو دەست لە پۆستەکەی هەڵبگرێت وەکو بەڕێوەبەر و خاوەنی تویتەر، مەسک تویتێکی بڵاوکردەوە و نووسیبووی، "من وەکو بەڕێوەبەری جێبەجێکار دەست لەکار دەکێشمەوە ئەگەر کەسێکم دۆزییەوە ئەوەندە گەمژە بێت بۆ وەرگرتنی کارەکە! دوای ئەوە، من تەنیا تیمی سۆفتوێر و سێرڤەرەکان بەڕێوەدەبەم."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ