رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی ئۆپێک، بۆ مانگی داهاتوو بەشی عێراقی لە هەناردەکردنی نەوت رۆژانە 12 هەزار بەرمیل کەمکردەوە، ئەمەش بەپێی رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس، بەوەی رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت کەم بکرێتەوە. ئەندامێکی کورد لە لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بڕیارەکە کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان نابێت.
بەپێی خشتەی رێکخراوی ئۆپێک، پشکی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ مانگی تشرینی یەکەم رۆژانە بە 4.651 ملیۆن بەرمیل دیاریکراوە، بەو شێوەیەش رۆژانە عێراق بڕی 12 هەزار بەرمیل نەوت کەمدەکاتەوە. لە کاتێکدا لەم مانگەدا (ئەیلوول)، عێراق رۆژانە 4.663 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە، مانگی ئابی رابردووش هەمان بڕ بووە.
رۆژی دووشەممە 5ی ئەیلوولی 2022، د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، جەنگی رووسیا و ئۆکراینا کاریگەریی گەورەی لەسەر جیهان دروستکردووە، لەوانەش بازاڕی وزە، بۆیە پێویستە هاوسەنگییەک هەبێت لەنێوان خواست و بەرهەمهێنان و خستنەبازاڕەوە.
ئەندامەکەی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق پێیوایە کەمکردنەوەی ئەو بڕە نەوتە کاریگەریی ئەوتۆ لەسەر عێراق دروستناکات، "چونکە ئەو پارەشی عێراق لە زیادەی نەوت دەستیدەکەوێت، لەژێر رۆشنایی یەک لەسەر دوازدەی یاسای بودجەی ساڵی رابردوو، یاسای پشتیوانیی ئاسایشی خۆراک دەبێت. ناتوانێت پارەی زیادەی نەوت راستەوخۆ خەرج بکات، چونکە ئەمساڵ یاسای بودجەی نییە، بەڵکو پارەکە زیاتر دەبێتە یەدەگ، عێراقیش ئێستا یەدەگێکی بانکیی باشی هەیە، کە دەگاتە 82 ملیار دۆلار. بۆیە پێویستە ئێستا عێراق گرنگیی زیاتر بە دامەزراوە نەوتییەکان بدات و نۆژەنیان بکاتەوە و پەرەیان پێبدات."
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، د. سەباح سوبحی گوتی، "باری هەرێمی کوردستان قورسە، چونکە کۆمەڵێک پابەندبوونی لەسەرە، بەتایبەتی لە بەرامبەر کۆمپانیاکانی نەوت، بەڵام بڕیاری کەمکردنەوەی ئەم بڕە نەوتە، هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، چونکە هەرێمی کوردستان بە جیا و سەربەخۆ نەوتی خۆی دەفرۆشێت."
دوای سعویە، عێراق دووەمین وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوتە لە رێکخراوی ئۆپێک، سێیەم وڵاتی بەرهەمهێنەری ئۆپێک پڵەسە لەدوای سعودیە و رووسیا.
بۆ یەکەمجار لە ماوەی زیاتر لە ساڵێکدا ئۆپێک پڵەس بڕیاریدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت کەم بکاتەوە. لەدوای بڕیارەکەش نرخی نەوت زیاتر لە سێ دۆلار بەرزبووەوە.
رۆژی دووشەممە 5ی ئەیلوولی 2022 وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتی ئۆپێک پڵەس بە مەبەستی بڕیاردان لەبارەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگی تشرینی یەکەم کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە، ئۆپێک پڵەس رایگەیاند، بڕیاری داوە بۆ مانگی تشرینی یەکەم ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەم بکاتەوە، بەوەش دەبێتە هاوتای ئاستی بەرهەمهێنانی مانگی ئاب.
هەنگاوەکە دژی داخوازییەکانی ئەمریکایە کە داوایکردبوو گرووپەکە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بکات بە مەبەستی دابەزاندنی نرخەکەی، کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان بۆ بەرزترین ئاست لە ماوەی دەیان ساڵدا.
مەبەست لە بڕیارەکەی ئۆپێک پڵەس بەرزکردنەوەی نرخی نەوتە، کە بەهۆی ترسی پاشەکشەی ئابوورییەوە، لە ماوەی رابردوودا دابەزیوە.
بڕیارەکە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر نرخی نەوت دانا؛ لەدوای بڕیارەکە نرخی نەوتی برێنت سێ دۆلار و 49 سەنت و بە رێژەی زیاتر لە 3% بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 96 دۆلار و 64 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش سێ دۆلار و 15 سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە 90 دۆلار و 27 سەنت.
لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا، نرخی نەوت دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەهۆی نیگەرانییەکان لە بەرزکردنەوەی نرخی سوودی بانکی لەلایەن بانکە ناوەندییەکانی جیهان، ئەگەری خاوبوونەوەی گەشەی ئابووریی جیهان بەهۆی رێکارەکانی دژی کۆرۆنا لە چین و کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوت؛ لە کاتێکدا لە ناوەڕاستی مانگی ئاداردا گەیشتە نزیکەی 140 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، بەڵام لەدوای ئەوکاتەوە بۆ دەوروبەری 100 دۆلار دابەزیوە.
جگە لەوە، گفتوگۆکانی زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015ـش چوونەتە قۆناخێکی نوێوە، کە لە ئەگەری بەدیهاتنیدا سزاکانی سەر ئێران هەڵدەگیرێن و نەوتی ئێران هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێتەوە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر نرخی نەوت داناوە.
لە دوایین کۆبوونەوەی خۆیدا و لەسەر داوای جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، مانگی رابردوو ئۆپێک پڵەس بڕیاریدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بۆ مانگی ئەیلوول زیاد بکات، کە ئەم بڕە شەش هێندە کەمتر بوو لە بڕیارەکانی پێشووی گرووپەکە بۆ زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان.
عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری نەوتی سعودیە یەکەمین کەس بوو لە مانگی رابردوودا باسی لە ئەگەری کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت کرد لە کۆبوونەوەی داهاتووی گرووپەکەدا.
رۆژی پێنجشەممە، 1ى ئەیلوولى 2022، وەزارەتى نەوتى عێراق دوایین راپۆرتى خۆى لەبارەى هەناردە و داهاتى نەوت بۆ مانگى ئاب بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تێکڕاى نەوتى هەناردەکراو 101 ملیۆن و 859 هەزار و 528 بەرمیل بووە و داهاتەکەى نۆ ملیار و 784 ملیۆن دۆلار بووە.
بەگوێرەى راپۆرتەکە، بڕى نەوتى هەناردەکراو لە کێڵگەکانى نێوەڕاست و باشوورى عێراق 100 ملیۆن و 750 هەزار بەرمیل بووە؛ بڕی نەوتی هەناردەکراویش لە کێڵگەکانى نەوتى کەرکووکەوە یەک ملیۆن و 109 هەزار و 528 بەرمیل بووە کە بە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکییەوە هەناردەکراوە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە تێکڕاى هەناردەى نەوتى رۆژانە بۆ مانگى ئاب، سێ ملیۆن و 286 هەزار دۆلار بووە و نرخى تێکڕاى بەرمیلێک لە هەمان مانگدا 96.05 دۆلار بووە.
مانگى تەممووز عێراق 102 ملیۆن و 385 ملیۆن و 49 بەرمیل نەوتى هەناردە کردووە و داهاتەکەى 10 ملیار و 368 ملیۆن و 352 هەزار دۆلار بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ