وەزیری سامانە سرووشتییەکان: چاوەڕوانین بەمنزیکانە نەوت هەناردە بکرێتەوە

06-06-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت رایگەیاند، کێشەی سەرەکیی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بەپێی وەزارەتی نەوت زۆریی تێچووی بەرهەمهێنانە. دەشڵێت: بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت لە هەرێمی کوردستان و عێراق جیاوازە.
 
کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی کوردستان بەوەکالەت لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان رایگەیاند "کێشەی سەرەکیی بەردەم هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە؛ وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم زۆرە، هۆکارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کۆمپانیاکان لە کەرتی نەوت وەبەرهێنانیان کردووە، بەڵام عێراق ساڵانە چەندین تریلیۆن دینار بۆ کەرتی نەوتەکەی تەرخان دەکات."
 
دەشڵێت "بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت لە عێراق و هەرێمی کوردستان جیاوازە، لە عێراق کەرتی گشتییە و لە هەرێمی کوردستان کەرتی تایبەتە."
 
ئاماژە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستانیش دەکات کە زیاتر لە ساڵێک و دوو مانگە راگیراوە، روونی دەکاتەوە، "ئێستا عێراقیش گەیشتووەتە ئەم باوەڕەی دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێت." 
 
ئەو لێدوانەی وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بەوەکالەت لە کاتێکدایە؛ بڕیارە رۆژی یەكشەممە 9ـی ئەم مانگە، شاندی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی کەرتی نەوت سەردانی بەغدا بکات. 
 
لەبارەی سەردانی شاندەکەوە، کەمال محەممەد دەڵێت "چاوەڕێ دەکەین بەمنزیکانە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، کۆمپانیاکان بە بڕە پارەیەکی زۆر وەبەرهێنانیان لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان کردووە و پێویستە بەغدا رەچاوی ئەمە بکات."
 
زیاتر لە 14 مانگ دەبێت، هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بە لێکەوتەی بڕیاری دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، لە 25ـی ئاداری 2023 راگیراوە، بەهۆیەوە زیاتر لە 11 ملیار دۆلار زیان بە کوردستان و عێراق کەوتووە. 
 
وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژی سێشەممە، 28-05-2024، رایگەیاند، لە سۆنگەی پەرۆشییان بۆ بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان و هەناردەکردنەوەی لە رێگەی بەندەری جەیهان، داوا لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کۆمپانیاکانی بەرهەمێنەری نەوت دەکەن کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە بەغدا بکرێت.
 
رۆژێک دواتر سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئامادەیی بۆ کۆبوونەوە نیشاندا و رایگەیاند "دوایینجار لە رۆژانی 19 و 20ـی مانگى ئايار لیژنەکە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کۆبووەوە، ئێستا چاوەڕێین ئەنجامی کۆبوونەوەی لیژنەکە دەربچێت، هەروەها ئامادەین هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغدا بکەین بەمەبەستى چارەسەرى ئەم بابەته." 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارگەیەک لە هەرێمی کوردستان؛ وێنە: رووداو - ئەرشیف

رێگری عێراق لە بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە؛ 'زیانی زۆری پێگەیاندووین'

زیاتر لە پێنج مانگە حکومەتی عێراق رێگە نادات بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان ببرێتە نێوەڕاست و خوارووی عێراق. بەرپرسانی ژوورە بازرگانییەکان دەڵێن، رێگرییەکان زیانی زۆریان بە خاوەن کارگەکان گەیاندووە و بوونەتە هۆکاری داخستنی ژمارەیەک کارگە.