رووداو دیجیتاڵ
ئەو گەنمەى جووتیارانى هەرێمى کوردستان کە لەلایەن وەزارەتى بازرگانیی عێراقەوە وەرناگیرێت، بە گوێرەى گرێبەستێک لەلایەن دوو کۆمپانیاوە وەردەگیرێت، نرخ و بڕەکەى لەلایەن لیژنەیەکى باڵاوە بڕیارى لێدەدرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 6ى حوزەیرانی 2024، پرۆسەى وەرگرتنى گەنمى جووتیاران لە هەرێمى کوردستان دەستپێدەکات. وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاری داوە 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت.
رزگار حەمەد خدر، راوێژکارى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى هەرێمى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو بڕە گەنمەى دیکە کە بەغدا وەریناگرێت، بەگوێرەى گرێبەستێک لەلایەن هەردوو کۆمپانیاى قەیوان و خۆشناو دەکڕدرێتەوە و دەکرێتە ئارد.
پێشبینی وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێمى کوردستان بۆ بەرهەمى گەنمى ئەم ساڵ زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن بووە، بەوپێیە نزیکەى 300 هەزار تۆنى لەلایەن وەزارەتى بازرگانى فیدراڵ وەرناگیرێت.
راوێژکارەکەى وەزارەتى کشتوکاڵ راگەیاند، ئەو بڕە گەنمەى دەمێنێتەوە و لەدواى کۆتایی رادەستکردنى گەنم بە سایلۆکان دەردەکەوێت کە چەندە، چونکە بەهۆى دواکەوتنى وەرگرتنى گەنم، هەندێک لە جووتیاران گەنمەکانیان لە بازاڕى رەش فرۆشتووە".
لیژنەیەکى باڵا بە سەرۆکایەتى دەستەى وەبەرهێنانى هەرێمى کوردستان هەیە کە بڕیار لەسەر ئەو گەنمە دەدات کە وەرناگیرێت.
رزگار حەمەد خدر گوتى: "لیژنەکە بڕیار دەدات لە بارەى نرخى وەرگرتنى ئەو گەنمە و بڕەکەی، کە دەبێت ئەو دوو کۆمپانیایە لە جووتیارانى وەربگرن".
وەزارەتى بازرگانیى عێراق هەر تۆنێک گەنمى جووتیاران بە 850 هەزار دینار وەردەگرێت، ئەگەر کواڵێتییەکەى پلە یەک نەبێت بڕێک پارەى لێ دەبڕدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ