نرخى نەوت لە بودجەى عێراقدا، 10 دۆلار لە فرۆشتنەکەى کەمترە؛ 'کورتهێنان دروست دەبێت'

06-06-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نرخى پێشبینیکراوى نەوت لە خشتەى بودجەى 2024دا بە 80 دۆلار خەمڵێندراوە، ئەمەش زیاترە لە نرخى نەوت لە بازاڕدا. ئەندامێکى لیژنەى ئابووریى پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەگەر نرخى نەوت بەرزنەبێتەوە بۆ ئەو نرخە، کورتهێنانى دیکە بۆ بودجە دروست دەبێت.
 
بە گوێرەى راپۆرتى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لە بارەى خشتەى بودجەوە، وەزارەتى داریی نرخى یەک بەرمیل نەوتى بە 80 دۆلار بۆ ساڵى 2024 خەمڵاندووە، لەکاتێکدا لە بودجەى ساڵى رابردوودا بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە.
 
بڕیار رەشید، ئەندامى لیژنەى ئابووری و پیشەسازیی و بازرگانى پەرلەمانى عێراق ئەو نرخە خەمڵێندراوەى نەوت بە"هەڵە" دەزانێت، بەو پێیەى نرخى نەوتى عێراق کەمتر لە 80 دۆلار دەکات، ئەو بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "دەبووایە نرخى خەمڵێندراوى نەوت 10 دۆلار کەمتر بووایە".
 
بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق مانگی رابردوو یەک بەرمیل نەوتی عێراق بە تێکڕا بە 71.30 دۆلار فرۆشراوە.
 
لەخشتەى بودجەى 2024دا  داهاتى نەوت بە 120.4 تریلیۆن دینار خەمڵێندراوە، لە کاتێکدا ساڵى رابردوو بە 117 تریلیۆن دینار خەمڵێندرابوو.
 
یاسای بودجە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتى دیاریکردووە بۆ پڕکردنەوەى داهاتى بودجەکە کە دەبێت هەناردە بکرێت، بەڵام دواى کارابوونى یاساکە مانگانە ئەو بڕە نەوتە هەناردە نەکراوە.
 
ئەگەر نرخى نەوتى عێراق نەچێتە ئاستى 80 دۆلار و لە 70 دۆلاردا بمێنێتەوە، داهاتى نەوتى ئەم ساڵ دەگاتە 116.2 تریلیۆن دینار کە نزیکەى چوار تریلیۆن دینارى لە داهاتى پێشبینیکراوى نەوت کەمترە.
 
بڕیار رەشید دەڵێت، ئەگەر نرخى نەوت نەگاتە 80 دۆلار کورتهێنانى زیاتر بۆ بودجە دروست دەبێت و بۆ پڕکردنەوەى دەبێت قەرزى دەرەکى و ناوخۆیی بکرێت و پارە لە یەدەگى بانکى ناوەندى رابکێشرێت.
 
لە خشتەى بودجەدا، خەرجی ئەم ساڵ بە 211.8 تریلیۆن دینار دیاریکراوە، داهاتى پێشبینیکراو، 147.8 تریلیۆن دینارە، کورتهێنانیش دەگاتە 64 تریلیۆن دینار.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە