رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئێوارەی ئەمڕۆ یان سبەی لیژنەی دارایی کۆدەبێتەوە و کارەکانی لیژنەکە پێش دانیشتنی پەرلەمانی عێراق تەواو دەکات. دەشڵێت، "یەکێتی دەنگی بە هەموو گۆڕانکارییەکانی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە نەداوە."
رۆژی 6ـى حوزەیرانى 2023، راگەیاندنى پەرلەمانى عێراق خشتەى کارى کۆبوونەوەى 8ـى حوزەیرانى بڵاوکردەوە، کە تایبەتە بە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى، کە بۆ ساڵانى 2023، 2024 و 2025 دەبێت.
د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی: جگە لە دەنگدانی کۆتایی لەسەر پڕۆژەیاساکە، تەنیا بڕگەی گواستنەوە ماوە لە لیژنەی دارایی کە دەنگی لەسەر بدرێت، لەبەر ئەوەی کۆدەنگی لەسەر بڕی پارەکە نەبوو.
د. نەرمین مەعرووف گوتیشی: "ئێوارەی ئەمڕۆ یان سبەی لیژنەی دارایی کۆدەبێتەوە و کارەکانی لیژنەکە لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە تەواو دەکات پێش وادەی دیاریکراوی کۆبوونەوەی پەرلەمان، هێشتا دەرفەت ماوە لایەنەکان لەسەر پڕۆژەیاساکە رێککەون، چونکە ناکرێت پڕۆژەیاساکە لەوە زیاتر دوابخرێت."
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی باسی لەوەکرد: هەموو هەوڵێک دەدەن بڕێک پارە بۆ دانەوەی پاشکەوتی مووچە بگوازنەوە.
پەرلەمانتارەکەی یەکێتی ئاماژەی بەوەدا بەشێکی ئەو پێشنیازانەی لەسەر پڕۆژەیاساکە هەن لەبارەی مادەکانی 13 و 14یە بە تایبەتی چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ نەوتی هەرێمی کوردستان، یەکێکی دیکە لەو بابەتانە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانە، چونکە ئەو داهاتەی لەنێو پڕۆژەیاسای بودجەدا خەمڵاندنی بۆ کراوە، بەشێکی پشتبەستووە بە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەو 3 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیلەی وەک هەناردەکردنی رۆژانەی نەوتی عێراق دانراوە 400 هەزار بەرمیلی هەرێمی کوردستانیشی تێدا هەژمارکراوە، کە بە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان داهاتی نەوتی عێراق کەمدەکات ئەو کەمکردنەش دەبێتە هۆی زیادبوونی کورتهێنان لە بودجەدا.
لەبارەی دەنگدانی یەکێتی بە گۆڕانکارییەکانی پڕۆژەیاسای بودجە بە تایبەتی گۆڕانکارییەکان لە پشکی هەرێمی کوردستان؛ د. نەرمین مەعرووف دەڵێت: "یەکێتی دەنگی بە هەموو ئەو گۆڕانکارییانە نەداوە و تەنیا دەنگمان بەو بڕگانەدا داوە کە لەسەر پێشنیازی خۆمان زیادکراوە، وەک گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە و مامەڵەکردن لەگەڵ پارێزگاکان، بەڵام ئەو گۆڕانکارییانەی دیکە، کە لە پشکی هەرێمی کوردستان کراوە ئێمە دەنگمان پێی نەداوە."
بە گوتەی نەرمین مەعرووف، "لە یەکێک لە بڕگەکان هەرێمی کوردستان بەشدار دەبێت لە گەڕانەوەی ئەو قەرزانەی کە حکومەتی عێراق دەیکات، بەڵام لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان کەمتر وەردەگرێت لەو بڕەی کە دەبێت بەشداربێت لە دانەوەی."
پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیی عێراق، کە بۆ سێ ساڵە، قەبارەکەى زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە، لەو بڕە زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.
25ـى ئایارى 2023، لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق، گۆڕانکارى لە مادەکانى 13 و 14ـى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى کرد، کە تایبەتن بە پشکى هەرێمى کوردستان، بەشێوەیەک کە پابەندبوونى زیاتر لەسەر هەرێمى کوردستان داندراوە لەبارەى رادەستکردنى نەوت و چۆنیەتیى مامەڵەکردن بە داهاتەکەى و پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ