رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین دەڵێت، دوێنێ بۆ سێیەمجار بەهۆی بەفربارینەوە هاتووچۆ لە دەروازەی کێلێ راگیرا، چونکە لایەنی ئێرانی رێگەکە لە بەفر پاکناکەنەوە و ئەوەش ئاستەنگیی هاتووچۆی دروستکردبوو، بەڵام ئەمڕۆ دەستیان بە پاککردنەوەی رێگەکە کردووە و بڕیارە سبەی هاتووچۆ دەستپێبکاتەوە.
رۆژی سێشەممە، 06-02-2024، جەوهەر رەسول، بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دیوی راپەڕینەوە بە فەرمانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کورستان پاککردنەوەی رێگەوبانی دەروازەکە لە ئەستۆی کۆمپانیایەکە، ئەوان بەردەوام تیمەکانیان لە دەروازەکەن و رێگەکە لە بەفر پاک دەکەنەوە، بەڵام لە دیوی ئێرانەوە رێگەکە پاک ناکەنەوە ئەوەش وایکردبوو لە دوێنێوە هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی رابگیرێت."
بە گوتەی بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین، ئەوان چەندینجار ئێرانیان ئاگادارکردووەتەوە کە لەکاتی بەفربارین راستەوخۆ رێگەکە پاکبکەنەوە و دەڵێت، لە وەرزی بەفربارینەوە تاوەکو ئەمڕۆ ئەوە سێیەمجارە بەهۆی پاکنەکردنەوەی رێگەی دەروازەکە لەدیوی ئێرانەوە هاتووچۆ رادەگیرێت، چونکە بەفرێکی زۆر باریبوو، بەڵام بڕیارە سبەی هاتووچۆ ئاسایی ببێتەوە.
دەروازەی کێلێ لە ساڵی 1991ـەوە بە شێوەیەکی نافەرمی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا کراوەتەوە، هەرچەندە ئێران ماوەی چوار ساڵە بڕیاری بەفەرمی ناساندنی دەروازەکەی داوە، بەڵام حکومەتی عێراق ئامادە نییە بە فەرمی بیناسێنێت.
جەوهەر رەسول دەڵێت: "لە دەروازەکە جگە لە هاتووچۆی بازرگانی، هاتووچۆی هاووڵاتییانیش بە پاسپۆرت هەیە خەڵکی ئێمە دەچێتە ئێران و رۆژهەڵات و خەڵکی ئەوانیش دێنە ژوورەوە، چونکە وەکو وەزارەتی ناوخۆ و حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی مەرزی سەیرانبەن لەگەڵ ئێران لێکتێگەیشتنێکمان واژۆ کردووە و حکومەتی عێراق لێی ئاگادارە کە ئەویش کردنەوەی دەروازەکەیە بە پاسپۆرت."
لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران سێ دەروازەی نێودەوڵەتی هەن؛ حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێر، باشماخ و پەروێزخان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لەگەڵ حەوت دەروازەی نافەرمی کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە فەرمی نەناسێندراون و حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندینجار داوای بە فەرمی ناساندنی کردوون.
بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین دەڵێت: "بڕیارە دوای رەمەزان وەفدێکی حکومەتی عێراق سەردانی دەروازەکە بکات بۆ ئەوەی بۆ دوایینجار هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن و بۆ ئەوەی بکرێتە فەرمی، هەرچەندە هەموو مەرجێکی دەروازەیەکی فەرمی بۆ کێلێش کراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ