پێشبینی دەکرێت ساڵی داهاتوو نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بگاتە 2300 دۆلار

05-12-2023
رێناس ساڵح
قالبی زێڕ. وێنە: AFP
قالبی زێڕ. وێنە: AFP
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لەم رۆژانەدا، بەهای زێڕ بەرز و نزمی زۆری بەخۆیەوە بینی، هەر ئۆنسەیەک تاوەکو 2145 دۆلار بەرزبووەوە و دواتر بۆ 2026 دۆلار دابەزییەوە. بازرگانێکی زێڕ پێشبینی دەکات، ساڵی داهاتوو نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بگاتە 2300 دۆلار.
 
لوقمان عەزیز، بازرگانی زێڕ لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتنی ئابووری رووداو، کە بەختیار عەبدولعەزیز پێشکێشی کرد، رایگەیاند، "خواست لەسەر مامەڵەکردن بە زێڕ بە کێشی زۆر و لە چەشنی قالبی چەند کیلۆیی زۆر زیادیکردووە، بەڵام لە وردەفرۆشی لە بازاڕی نەریتی ناوخۆیی، خواست بۆ کڕینی زێڕ کەمیکردووە".
 
لوقمان عەزیز دەڵێت، بازرگانی بە زێڕ بە شێوازی کۆفرۆشی بووەتە کارێکی بازرگانی نوێ. ئەو دەڵێت، ئێستا 90%ی مامەڵەکان بۆ مامەڵەی کۆفرۆشی زێڕ دەگەڕێتەوە و رۆژانە 500 تاوەکو 600 کیلۆگرام زێڕ هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
 
لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی فرۆکەخانەی سلێمانی و لە عێراقیش لە رێگەی فرۆکەخانەی نەجەفەوە زێڕ هاوردە دەکرێت. لوقمان عەزیز دەڵێت، "زۆربەی ئەو زێڕەی کە هاوردە دەکرێت جارێکی دیکە هەناردە دەکرێتەوە، بەتایبەتی بۆ ئێران و تورکیا".
 
ئەو بازرگانەی زێڕ لەبارەی بەهای زێڕ لە داهاتوودا، گوتی، "بەپێی پێشبینییەکان، لە چەند ساڵی داهاتوودا پارەی نیشتمانیی وڵاتان بەهای خۆیان لەدەستدەدەن و بەو هۆیەشەوە خواست بۆ کڕینی زێڕ زیاد دەکات. بەتایبەتی ئێران و تورکیا خواستێکی زۆریان بۆ کڕینی زێڕ هەیە، لەبەرئەوەی بەهای دراوی نیشتمانی ئەو دوو وڵاتە زۆر دابەزیوە و خەڵک متمانەیان بە دراوەکانیان نەماوە و سامانی خۆیان دەگۆڕنەوە بە زێڕ". هەروەها پێشبینی کرد، ساڵی داهاتوو نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بگاتە 2300 دۆلار.
 
لوقمان عەزیز دەڵێت، سەرهەڵدانی بازاڕی کۆفرۆشی زێڕ لە هەرێمی کوردستان بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بازاڕی وردەفرۆشی زێڕ لە ناوخۆ  95% سست و لاواز بێت.
 
دوای بەرزبوونەوەی بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لە مێژوودا، رۆژی دووشەممە نرخی زێڕ لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا بۆ 2025 دۆلار دابەزی. ئەمڕۆش دووبارە بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 2035 دۆلار.
 
ئەو بازرگانەی زێڕ دەڵێت، "ئەگەر بانکی فیدراڵی ئەمریکا رێژەی سوودی بانکی دابەزێنێت، نرخی زێڕ زۆر بەرزدەبێتەوە".
 
زۆربەی شرۆڤەکاران و کۆمپانیاکانی راوێژکاریی پێیانوایە نرخی زێڕ زیاتر بەرزدەبێتەوە. نیکی شێلس، سەرۆکی بەشی ستراتیژی کانزاکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (ئێم کەی ئێس) لەو بارەیەوە دەڵێت، "ئەمجارە بە پێچەوانەی ساڵی 2011 گوشارێکی کەم لەسەر نرخی زێڕ هەیە و لەبەرئەوەش پێشبینی نرخی زێڕ بۆ سەرووی 2100 دۆلار و 2200 دۆلار دەکرێت".
 
ئەنجومەنی جیهانی زێڕ رایگەیاندووە، 24%ی بانکە ناوەندییەکانی جیهان پلانیان هەیە لە 12 مانگی داهاتوودا یەدەگی زێڕی خۆیان زیاد بکەن. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لەبەر دابەزینی بەهای دۆلار، بانکەکان دەیانەوێت یەدەگی دۆلاری خۆیان بگۆڕن بۆ کانزایەکی بەهادارتر.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە