رووداو دیجیتاڵ
لێکۆڵەرێکی ئابووری لە تورکیا دەڵێت، ئەو داتایانەی دەزگای ئاماری تورکیا لە بارەی هەڵاوسان بڵاویکردوونەتەوە ناڕاستن و دەشڵێت، بەگوێرەی خەمڵاندنەکان تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ بانکی ناوەندی تورکیا رێژەی سوود بۆ 50% بەرزدەکاتەوە.
بەپێی ئامارەکانی مانگی رابردووی دەزگای ئاماری تورکیا کە بڵاویکردووەتەوە، تێیدا نرخەکانی بەکاربەر، 3.28% زیادیکردووە و لە ئاستی ساڵانە گەیشتووەتە 61.98%.
دکتۆر ئیسماعیل چاپاک، لێکۆڵەری ئابووری لە تورکیا کە بەشداریی لە بووڵەتنی ئابووری کاژێر 9:00ـی رووداو کرد، رایگەیاند، "ئامارەکانی TUIK راست نین، ئامارە فەرمییەکان رێژەی هەڵاوسان کەمدەکەنەوە ئێمە کە دەچینە بازاڕەکان، خۆم رۆژانە کە نان، پەنیر زەیتوون دەکڕم هەست بە گۆڕانکاری گەورە لە نرخەکان دەکەم، بۆیە رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا لە نێوان 80% بۆ 85% دایە."
هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی هەڵاوسان لە لایەن دەزگای ئاماری تورکیا گرووپی توێژینەوەی هەڵاوسان ناسراو بە (ENAG)، داتای هەڵاوسانی مانگی 11ـی راگەیاند. بەپێی داتاکانی ئەو گرووپە، پێوەرەکانی نرخی بەکاربەری ENAG لە مانگی نۆڤەمبەردا 5.58% بەرزبووەتەوە. لە 12 مانگی رابردوودا 129.27% بووە. واتا لە ئاستی ساڵانە هەڵاوسان ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکردووە.
ئەوە لێکۆڵەرەی ئابووری لەبارەی ئامارەکانی دەزگای ئاماری تورکیا و گرووپی توێژینەوەی هەڵاوسان گوتی، ئامارەکانی ئەوان لەسەر بنەمای رکابەری حکومەتە لایەنی ئۆپۆزسیۆنی لە پشتە، بۆیە داتاکانیان دروست نییە.
دکتۆر ئیسماعیل چاپاک، ئاماژە بەوەدەکات تورکیا بە دۆخێکی سەختی ئابووریدا تێدەپەڕێت پێشبینی دەکەن بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەی سوودی بانکی بۆ 50% بەرزبکاتەوە و دەڵێت، "پێویستە هاووڵاتییان بەپێی داهاتی خۆیان خەرجیی بکەن و هەوڵبدەن رێکخستنی ورد بۆ ئەو شتانە بکەن کە دەیکڕن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ