کۆمپانیایەکی حکومەتی عێراق و کەرتی تایبەت: بانکەکانی نێو هەژماری من گەرەنتیکراون

05-07-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمپانیای عێراقی بۆ دەستەبەریی سپاردەکان، کە کۆمپانیایەکی تێکەڵی حکومەتی عێراق و کەرتی تایبەتە رایگەیاند، گەرەنتی ئەو بانکانە دەکەن، کە لە پڕۆژەی 'هەژماری من'دا بەشدارن.
 
کۆمپانیای عێراقی بۆ دەستەبەریی سپاردەکان، کە کۆمپانیایەکی تێکەڵەیە و بەشێکی بۆ حکومەتی عێراق و بەشەکەی دیکە بۆ ژمارەیەک کۆمپانیای تایبەت دەگەڕێتەوە، لە راگەیێندراوێکدا لە بارەی پڕۆژەی هەژماری من، رایگەیاند: "هەشت بانک چوونەتە نێو پڕۆژەکە، کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستپێکراوە، ئامانج لە پرۆژەکە نوێکردنەوەی کەرتی بانکی و بەهێزکردنی پەرەپێدانی ئابوورییە لە هەرێمی کوردستان و خێراکردنی پڕۆسەی وەرچەرخانی ئەلیکترۆنییە لە خزمەتگوزارییەکانی حکومەت، ئەو هەشت بانکە لەلایەن کۆمپانیای عێراقی بۆ گەرەنتیکردنی پارەدانراوەکانەوە، گەرەنتیکراون." 
 
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیارەکەی ئەو کۆمپانیایە دوای پشتیوانییەکەی دادگەی فیدراڵی دێت لەوەی پڕۆژەی هەژماری من بەردەوام دەبێت و بانکەکانی نێو پڕۆژەکە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە رێگەپێدراون."
 
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "پشتگیریی ئەم کۆمپانیایە بۆ ئەو پڕۆژەیە یەکێکی دیکەیە لەو پشتگیرییانەی دەیسەلمێنێت پڕۆژەی هەژماری من هیچ کێشەیەکی یاسایی نییە."
 
کۆمپانیای عێراقی بۆ دەستەبەریی سپاردەکان، کۆمپانیایەکی عێراقییە بانکی ناوەندیی عێراق سەرپەرشتی دامەزراندن و پێدانی مۆڵەتی کردووە، بەپێی یاسای کۆمپانیاکانی ژمارە 21ـی ساڵی 1997 دامەزراوە، بانکەکانی حکومەتی عێراق بە رێژەی 25٪ و بانکەکانی بازرگانی و لقی بانکە بیانییەکان و دەستەی خانەنشینیی عێراقی و کۆمپانیاکانی دەستەبەریی بانکی بە رێژەی 30٪ تێیدا بەشدارن، جگە لەوانەش 45٪ی لەلایەن بەشداربووانی دیکەوەیە.
 
کۆمپانیاکە لە ساڵی 2019 دامەزراوە، بۆ گەرەنتیکردنی پارەی ئەو کەسانەیە کە پارەیان لەلای بانکەکان داناوە و لە کاتی روودانی کێشە لە هەر بانکێکدا، کۆمپانیاکە لە رێگەی سەرمایەی بانکەکەوە گەرەنتی ئەو پارانە دەکات، ئەوەش لە پێناو "سەقامگریی سیستەمی دارایی و بانکی" وەکو لە هۆکارەکانی دامەزرانیدا روونکراوەتەوە.
 
ئەرکەکانی کۆمپانیاکە وەکو خۆی روونیکردووەتەوە بریتین لە: "دابینکردنی رووپۆشێکە بۆ گەرەنتیکردنی سپاردەکانی خەڵک لەلای بانکە مۆڵەتپێدراوەکانی بانکی ناوەندی."
 
پڕۆژەی (هەژماری من) پڕۆژەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران. بەپێی حکومەت ژمارەی بانکە بەشداربووەکانی پڕۆژەکە بەردەوام لە زیادبووندایە کە تائێستا بریتین لە هەشت بانک. 
 
رۆژی 6-6-2024 بانکی ناوەندیی عێراق لە نووسراوێکدا بۆ سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵی، لیستی ناوی 66 بانک و لقەکانیانی کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن هاوپێچکردووە و دەڵێت، ئەو بانکانە کە بەشێکیان لە چوارچێوەی پڕۆژەی (هەژماری من)دان رێگەپێدراون و مۆڵەتیان هەیە.
 
39 لەو بانک و لقی بانکانەی لە لیستەکەدا ناویان هاتووە لە هەرێمی کوردستان لقیان هەیە، لەنێو ئەو بانکەشدا ئەوانە هەن لە پڕۆژەی "هەژماری من" بەشدارن، لەوانە بانکەکانی بەغدا، BBAC، جیهان، بانکی عێراقیی ئیسلامی، بانکی ئەهلیی عێراقی، RT، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی و بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی.
 
نووسراوەکەی بانکەکە لە وەڵامی نووسراوێکی پێشتری دادگەی فیدراڵی دێت کە رۆژی 5ـی حوزەیران کردوویەتی و داوای لە بانکەکە کردووە لیستی ناوی بانکە مۆڵەتپێدراوەکانیان بۆ بنێرن.
 
رۆژی سێشەممە، 2-7-2024، حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە نووسراوێکی دادگەی باڵای فیدراڵیی کرد و حکومەت ئاماژەی بۆ ئەوە کرد نووسراوەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق هەنگاوێکی باش و دادپەروەرانەیە و "مووچەخۆران ئازاد و سەرپشک دەکات لە هەڵبژاردنی بانکەکانیان."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارگەیەک لە هەرێمی کوردستان؛ وێنە: رووداو - ئەرشیف

رێگری عێراق لە بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە؛ 'زیانی زۆری پێگەیاندووین'

زیاتر لە پێنج مانگە حکومەتی عێراق رێگە نادات بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان ببرێتە نێوەڕاست و خوارووی عێراق. بەرپرسانی ژوورە بازرگانییەکان دەڵێن، رێگرییەکان زیانی زۆریان بە خاوەن کارگەکان گەیاندووە و بوونەتە هۆکاری داخستنی ژمارەیەک کارگە.