نرخی زێڕ بەرزترین ئاستی لە دوو ساڵی رابردوودا تۆمارکرد

05-04-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

نرخی زێڕ بەرزبووەتەوە بۆ بەرزترین ئاستی خۆی کە لە دوای ساڵی 2021ـەوە تاوەکو ئێستا بەخۆیەوە نەیبینیوە.
 
هەر ئۆنسەیەک زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە لە سەرووی 2020 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەکرا، دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە ئابووریی ئەمریکا بەهای دۆلار دابەزینی گەورەی تۆمارکرد و بووە هۆکاری بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی زێڕ بە رێژەی 2٪.
 
بەپێی ئامارەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا؛ ژمارەی هەلەکانی کارکردن کە لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا رەخساوە، دابەزیوە بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە دوو ساڵی رابردوودا. هەروەها ژمارەی داواکاری بۆ کارگەکانی ئەمریکا ئاستێکی پێوانەیی لە دابەزینی تۆمارکردووە. ئەو دوو فاکتەرە بووەنە هۆکاری دابەزینی بەهای دۆلار بە رێژەی 1٪ بەراورد بە دراوەکانی دیکە.
 
دەیڤید میگەر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (های ریج فیوچەرز) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ئێمە لە قۆناخێکداین کە لە قازانجی زێڕدایە. لەلایەکەوە داتاکان ئاماژە بە لاوازی ئابووری ئەمریکا دەکەن و لەلایەکی دیکەشەوە ئاماژەکانی کەمبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان دەرکەوتوون."
 
بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت کە ئێستا لە سەرووی 85 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت و خۆی لە خۆیدا دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و رێژەی هەڵاوسان، نەیتوانیوە ببێتە بەربەست لەبەردەم وەستانی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
 
ئەلێکساندەر زۆمپفی، شرۆڤەکارێکی دیکەی زێڕە کە سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (هێرایوس) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بە ئەگەری زۆرەوە نرخی زێڕ لەم ئاستە بەرزانەیدا دەمێنێتەوە و تەنانەت دەتوانێت تاوەکو 2050 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بەرزبێتەوە."
 
بەپێی راپرسییەکان، ئێستا تەنیا 40٪ـی بازرگانان پێشبینی دەکەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا رێژەی سوودی بانکی لە کۆبوونەوەی داهاتوویاندا بە رێژەی 0.25٪ بەرزبکەنەوە و 60٪ یان پێیان وایە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەرەو ئەو ئاراستەیە بڕوات کە دەستبەرداری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی ببێت.
 
نرخی نەوت لە سەرووی 85 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت
 
نرخی نەوت لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، ئەمڕۆ چوارشەممە بەردەوامی بە بەرزبوونەوەکانی چەند رۆژی رابردووی خۆی دا و نرخی نەوتی برێنت بەرزبووەوە بۆ سەرووی 85 دۆلار.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 38 سەنتی دیکە بەرزبووەوە و بە 85 دۆلار و 32 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکاش 33 سەنت بەرزبووە و بە 81 دۆلار و 4 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
جگە لە بڕیاری بەرهەمهێنەری نەوتی ئۆپێک پڵەس کە لە مانگی داهاتووەوە 1.16 ملیۆن بەرمیل نەوتی زیاتر لە بازاڕدا کەمدەکەنەوە، کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا بە بڕی 4 ملیۆن و 300 هەزار بووەتە هۆکار بۆ پاڵپشتیکردن لە نرخی نەوت.
 
لەلایەکی دیکەوە پێشبینیی دەکرێت خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت بەتایبەتی لەلایەن ژاپۆنەوە بەرزببێتەوە، بەوپێیەی کەرتی خزمەتگوزاریی ژاپۆن لە مانگی ئازاردا هێندە بەرزبووەتەوە کە لە 9 مانگی رابردوودا بێ وێنە بووە، ئەوەش گەشبینی دروستکردووە لەسەر بەرزبوونەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لەلایەن سێیەم ئابووریی بەهێزی جیهانەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دراوی عێراقی لە بازاڕەکانی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

وەزارەتی دارایی عێراق داوای 20 زانیاری لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات

کۆپییەکی خشتەکە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لە دوو بەشی زانیاری پێکهاتووە، بەشێکیان تایبەتە بە زانیاریی کەسی مووچەخۆر، وەکو ناوی خۆی، باوکی، باپیری، باپیری باوکی، ناوی دایک و باوکی دایک و باپیری دایک، هەروەها ساڵی لە دایکبوون و رەگەز.