رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری وەزيری بەرگریى عێراق، مووچەی سێ مانگ وەکو پاداشت دەدرێتە ئەو سەربازانەى لە ساڵى 2003 بریندار بوون کە بە گوتەى ئەندامێکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانی عێراق، ئەو پاداشتە سەربازانى سوپای حکومەتی پێشوو (بەعس) دەگرێتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 5ى کانوونى دووەمى 2023، وەزارەتى بەرگریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد کە سابت عەباسی، وەزیرى بەرگرى بڕیاریداوە مووچەی سێ مانگ بداتە سەربازانى بریندارى ساڵى 2003، ئەوەش بە بۆنەى یادى 102 ساڵەى دامەزراندنى سوپاى عێراقەوە.
دواتر هەمان وەزارەت لە روونکردنەوەیەکى دیکەدا وردەکاریى بڕیارەکەى ئاشکراکرد و دەڵێت، هەر سەربازێکى پێشوو رێژەى کەمئەندامییان لە سفر بۆ 5% بێت، یەک مووچە وەک پاداشت وەردەگرن و ئەوانەى رێژەى کەمئەندامییەکەیان 6% بۆ 15% بێت، دوو مووچە وەردەگرن، هەر سەربازێکى پێشوو رێژەى کەمئەندامییەکەى لەنێوان 16% بۆ 59% بێت، سێ مووچەى وەکو پاداشت پێدەدرێت.
مەریوان قەرەنى، ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بەگوێرەى بڕیارەکە، سەربازانى سوپاى حکومەتی پێشوو (بەعس) دەگرێتەوە کە خانەنشین کراون و ئەوانەش دەگرێتەوە کە گەڕێندراونەتەوە خزمەتى سەربازى، چونکە ئەوکاتە سوپاى عێراق بە بڕیارى پۆل برێمەر، حاکمى مەدەنیى ئەوکاتى ئەمەریکا لە عێراق، هەڵوەشێندرایەوە.
پاداشتکردنى ئەو سەربازانەى سوپاى حکومەتی سەدام حوسێن، بەگوێرەى وەزارەتى بەرگرى، پاڵپشتە بە ماددەى 75ى یاسای خزمەتى خانەشینیى سەربازیى ژمارە سێى ساڵى 2010. بەگوێرەى ئەو ماددەیە؛ فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عێراق دەسەڵاتى ئەوەى هەیە کە لەسەر پێشنیازى وەزیرى بەرگرى هەر بریندارێک یان ئەوەى بە هۆکارى تەندروستى خانەشینکراوە، پاداشت بکرێت.
مووچەى سەرباز و ئەفسەرانى سوپاى عێراق بەگوێرەى یاسای خزمەتى سەربازى لە 900 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات.
ئەو هەنگاوەى وەزارەتى بەرگریی عێراق لەکاتێکدایە کە رۆژی هەینى، 6ى کانوونى دووەم، یادى 102 ساڵەى دروستکردنى سوپاى عێراقە کە لە ساڵى 1921 یەکەم فەوجى سوپاى عێراق بە ناوى موساى کازم دروستکرا، بە ناوى یەکێک لە ئیماکانى پێکهاتەى شیعەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ