رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سزای بەسەر 35 کەشتی و دامەزراوەدا سەپاند، کە نەوتی ئێرانیان گواستووەتەوە و داهاتی نەوتەکەش بۆ "مەبەستی ناڕەوا" بەکارهێندراوە. وەزارەتی دەرەوە دەڵێت، ئەمریکا ئامانجیەتی سەرچاوە داراییەکانی ئێران "لاواز بکات."
رۆژی چوارشەممە 04-12-2024 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، سزای خستووەتەسەر 35 کەشتی و دامەزراوە کە "نەوتی ئێرانییان گواستووەتەوە." سزاکان کەرتی نەوتیی ئێرانیان کردووەتەوە ئامانج، کە سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتی حکومەتی ئێرانە.
ئەمریکا رایگەیاند "ئێران داهاتی نەوت لە پارەدارکردنی بەرنامەی ئەتۆمی، بەرەوپێشبردنی مووشەک و درۆن، پاڵپشتیکردن لە گرووپە تیرۆریستییەکان و گەورەکردنی تەنگژەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەکاردەهێنێت."
ماتیو میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی، ئەو سزایانە بەشێکن لە ستراتیژیییەتێکی فراوانتری ئەمریکا، دوای ئەوەی ئێران لە 01-10-2024 هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. هەروەها درێژەپێدەری سزاکانی 11-10-2024ـن، کە خرانە سەر کەرتی نەوتی و پیشەسازیی پێترۆکیمیایی ئێران.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "ئامانجمانە سەرچاوە داراییەکانی ئێران، کە لە چالاکییە ناڕەواکان بەکاریاندەهێنێت، لاواز بکەین."
ئەمریکا رۆژی 11ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ سزای خستەسەر شەش دامەزراوە و شەش کەشتی کە بازرگانییان بە نەوتی ئێرانەوە کردبوو.
ئەوکات، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند "ئێران لە خۆشکردنی ئاگری تەنگژەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەردەوامە، نوێترین بەڵگەش بۆ ئەمە، هێرشە سەرەڕۆییەکەی 1ـی ئۆکتۆبەر بوو بۆ سەر ئیسرائیل."
ئەو شەش کۆمپانیایانەی ئەمریکا سزاکانی خستەسەر، بارەگای سەرەکیی سیانیان لە سووریان، یەکێکیان لە هیندستان، یەکێکیان لە مالیزیا و یەکێکیشیان لە چین بوو. شەش کەشتییەکەش ناویان، هۆرنێت، بێرگ 1، ڤۆراس، شانای کوین و ئۆکتانس، بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ