پارە دزراوەکانی "دزیی سەدە"ـی عێراق بۆ شەش تریلیۆن و نیو زیاد دەکات

04-08-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بڕی پارە دزراوەکانی" دزیی سەدە" کە لە یەکێک لە بانکەکانی حکومەتی عێراق لە ساڵانی 2021 و 2022 دزرا، بۆ شەش تریلیۆن و 500 ملیار دینار زیاد دەکات، تاوەکو ئێستا شەش کەس بە بردنی پارەکە تۆمەتبارکراون. 
 
بڕی ئەو پارەیەی لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا لە بانکی رافیدەین (یەکێک لە بانکەکانی حکومەتی عێراق)، لەنێوان ساڵانی 2021 و 2022 دزرا و بە "دزیی سەدە"ناوی دەرکردووە، تادێت زیاتر دەبێت.
 
هەرچەندە سەرەتا وا بڵاوکرایەوە، کە نزیکەی سێ تریلیۆن و 700 ملیار دینار بردراوە و کەسێکیش بەناوی نوور زوهیر وەکو پاڵەوان و تاکە تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەکە ناسێندرا، بەڵام پارەکە تادێت زیاتر دەبێت.
 
هادی سەلامی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بڕی پارە دزراوەکان زیاترە لەوەی رادەگەیێندرێت، ئەوانەشی لەو دزییەدا تێوەگلاون زیاترن، کەسانی زۆر دیاری تێدایە کە بەشێکیان لەنێو عێراقن و هەڵنەهاتوون، ئەوەی بڵاودەکرێتەوە رووکارەکەیە، پشتی پەردە زیاترە."
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو بۆ ئەو ژمارانەی لەلایەن دەستەی دەستپاکییەوە لەبارەی دزیی سەدە بڵاوکراونەتەوە، دەرکەوتووە، شەش تریلیۆن و 500 ملیار دینار بردراوە.
 
مەشعان جبووری، سیاسەتمەدارێکی دیاری سوننەکانە، ئەندامی پێشووی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراقە، لە بڵاوکراوەیەکدا لە هەژماری خۆی لە ئێکس دەڵێت: "زانیارییە نوێیەکان ئەوەن؛ هەشت تۆمەتباری دزیی سەدە هەن، شوێنیشیان ئاشکرایە و ئەو بڕەشی هەریەک لەوان بردوویانە دیارە، کە کۆی گشتی لەنێوان شەش بۆ هەشت تریلیۆن دینار دەبێت، ئەوەش وا دەکات بڕی پارە دزراوەکە نۆ تریلیۆن دینار بێت."
 
تۆمەتبارانی دزی سەدە
 
بەپێی دەستەی دەستپاکییی عێراق، کە سەرۆکەکەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو (یەکی ئابی 2024) رایگەیاند، لەچوارچێوەی دزیی سەدە ئەم کەسانە تۆمەتبارن و بڕی پارە دزراوەکانیش ئەمانەن:
 
1- قاسم محەممەد محەممەد:
982 ملیار دیناری دزیوە، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای حوت ئەحدەبە، دەستگیرکراوە. 
 
2- محەممەد فەلاح عەبدوڵڵا جەنابی:
یەک تریلیۆن و 185 ملیار دینار و 120 ملیۆن دیناری دزیوە، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای قانتە، لە ئیماراتە و دەستگیراوە.
 
3- عەبدولمەهدی تەوفیق مەهدی تەتنچی:
 دوو تریلیۆن و 283 ملیار دیناری دزیوە، بەڕێوەبەری کۆمپانیای حوت ئەحدەب و بادیەی مەسایە، لە لوبنانە.
 
4- عەلا خەڵەف مەڕڕان عومەر: 
497 ملیار دیناری دزیوە، لە نووسینگەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو بووە، لەنێوان لوبنان و تورکیایە.
 
5- محەممەد و عەبدولئەمیر حەسوون عەلی تاها:
124 ملیۆن دۆلاریان دزیوە، خاوەنی کۆمپانیای فەوارس بۆ بەڵێندەرایەتی گشتین، لەلایەن کوێتەوە دەستگیرکراون.
 
6- حوسێن کاوە عەبدولقادر بریفکانی:
607 ملیار دیناری دزیوە، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ریاح بەغدا، لە هەولێر راگیراوە.
 
7- عەبدولڕەحمان محەممەد ئیبراهیم:
624 ملیار دیناری دزیوە، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای بادیەی مەسایە، لە هەولێر راگیراوە.
 
حەیدەر حەنوون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق یەکی ئابی ئەمساڵ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، رایگەیاند "کاتێک پرسیار دەکرێت، دەڵێن بڕی کۆتایی پارە دزراوەکان چەندە؟ ئەگەر ئێستا ئەو پارانە کۆبکەینەوە، زیاترە لەوەی راگەیێندراوە، کێشەی سەرەکی لە کوێدایە؟، لەوەدایە دەستەی گشتیی باجەکان پێیاننەگوتووین بڕی کۆتایی پارە دزراوەکان چەندن."
 
سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق دەڵێت "پێویستە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی باجەکان و وەزیری دارایی بڕی کۆتایی ئەو پارەیەی دزراوە پێمانبڵێن، لەم قۆناخەدا رێگەی شاردنەوە نییە و دەبێت بەڕێوەبەرایەتیی باجەکان لەماوەی 15 رۆژدا بۆمان روونبکاتەوە پارە دزراوەکان چەندن و ژمارەی کۆمپانیاکان و بەشداربووانیش چەند دەبن."
 
حەیدەر حەنوون رەتیکردەوە ئەو پارانەی دزراون پارەی کۆمپانیا نەوتییەکان بن کە گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی عێراق هەیە، گوتی "بۆچی ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی دەگوترێت پارەی سپاردەکان هی ئەوان بووە و دزراوە، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی باجەکان و وەزارەتی داراییان نەکردووە؟ نەخێر ئەوە پارەی عێراقییەکان و حکومەتی عێراق بووە، دزراوە."
 
"دزیی سەدە" لە ساڵی 2022 و لەسەردەمی کابینەکەی مستەفا کازمی ئاشكرا بوو، سەرەتا وا بڵاوکرایەوە بڕی دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار (3 تریلیۆن و 700 ملیار دینار) لەو پارانەی بەناوی "سپاردەی باجەکان"ـەوە لە بانک دانراوە لەنێوان ئەیلوولی 2021 تاوەکو ئابی 2022، واتە لەماوەی کەمتر لە یەک ساڵدا لە رێگەی 247 چەکی پێنج کۆمپانیاوە بردراوە. بەڵام ئێستا دەرکەوتووە پارەکە و ژمارەی تۆمەتبارانیش لەوە زیاترن کە سەرەتا راگەیێندران.
 
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارگەیەک لە هەرێمی کوردستان؛ وێنە: رووداو - ئەرشیف

رێگری عێراق لە بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە؛ 'زیانی زۆری پێگەیاندووین'

زیاتر لە پێنج مانگە حکومەتی عێراق رێگە نادات بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان ببرێتە نێوەڕاست و خوارووی عێراق. بەرپرسانی ژوورە بازرگانییەکان دەڵێن، رێگرییەکان زیانی زۆریان بە خاوەن کارگەکان گەیاندووە و بوونەتە هۆکاری داخستنی ژمارەیەک کارگە.