رووداو دیجیتاڵ
سبەی لە پارێزگاکانی عێراق پێنج بەشەئاردی ئەمساڵ دابەشدەکرێت، لەکاتێکدا لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەولێر دابەشکردنی چوارەم بەشە ئاردی ئەمساڵ تەواو نەبووە.
وەزارەتی بازرگانیی عێراق رۆژی دووشەممە 04-07-2023 رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە 5ـی تەمووز پێنجەم بەشەئاردی ئەمساڵ دابەشدەکرێت.
رۆژی سێشەممە 04-07-2023 نەسرین محەممەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی دروستکراوی دانەوێڵەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "75٪ـی گەنمی چوارەم بەشەئاردی ئەمساڵمان وەرگرتووە، بۆ ئەوەش کە ماوەتەوە لە سلێمانی گەنممان هەیە، بەڵام عێراق پێماندەڵێت، گەنم وەرمەگرن."
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی دروستکراوی دانەوێڵەی سلێمانی گوتیشی: "نازانین عێراق بۆچی دوای دەخات، نووسراوی فەرمیمان بۆ کردوون و لە سلێمانی و کەرکووکیش گەنم هەیە، بەڵام رێگەنادەن گەنم وەربگرین."
ساڵی رابردوو، حکومەتی عێراق حەوت بەشە ئاردی دابەشکرد و پێنج بەشە ئاردی بۆ هەرێمی کوردستان نارد.
لادێ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری تەکنیکی بەڕێوەبەرایەتیی دروستکراوی دانەوێڵەی هەولێر بە رووداوی گوت: "نووسراومان بۆ هاتووە کە دەست بە دابەشکردنی پێنجەم بەشەئاردی ئەمساڵ بکەین، بەڵام هێشتا 75٪ـی چوارەم بەشەئارد دابەشکراوە و هەمووی تەواو نەبووە، کە هەمووی تەواو بوو ئەوکات دەتوانین دوای سێ رۆژ دەست بە دابەشکردنی پێنجەم بەشە ئارد بکەین."
بە گوتەی لادێ ئیبراهیم، بڕیار بووە لە کەرکووک گەنم وەربگرن بۆ تەواوکردنی دابەشکردنی چوارەم بەشەئاردی ئەمساڵ، بەڵام عێراق ئاگاداری کردوونەتەوە کە چاوەڕوان بن، گەنمی ئەمریکی دەنێرنە سایلۆی هەولێر و دەتوانن راستەوخۆ لە سایلۆ وەریبگرن.
بەڕێوەبەری تەکنیکی بەڕێوەبەرایەتیی دروستکراوی دانەوێڵەی هەولێر گوتیشی: "چاوەڕوانین گەنمی ئەمریکی بێت و 10٪ تێکەڵی گەنمی خۆماڵی بکەین، چونکە ئەو بڕیارە بۆ هەموو عێراقە و دەبێت گەنمی ئەمریکی تێکەڵی گەنمی خۆماڵی بکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ