رووداو دیجیتاڵ
دەروازیەکى نوێى گومرگ لەنێوان هەرێمى کوردستان و نەینەوا دەکرێتەوە. "هەر کاڵایەک لە دەروازە نافەرمییەکانى هەرێمى کوردستانەوە هاوردە کرابێت لە دەروازە نوێیەکەوە گومرگ دەکرێت."
دەروازەکە بە "سەد" ناسراوە، لەنێوان پارێزگاى دهۆک و نەینەوا دەبێت، لەسەر رێگەى فایدە بەرەو بازگەى بەنداوى موسڵ.
محەممەد کاکەیی، سەرۆکى لیژنەى ئەمنیی ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: هەر کاڵایەک لە هەرێمى کوردستانەوە ببرێتە نەینەوا بۆ ئەوەى بەرەو شارەکانى دیکەى عێراق بگوازرێتەوە، دەبێت بەو دەروازە گومرگییەدا تێپەڕبێت، لەبرى ئەوەى بە رێگەى هەولێر- کەرکووک بڕوات.
دەروازە سنوورییەکە لەسەر بنەماى بڕیارێکى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقە و لە 20ـی حوزەیران دەکرێتەوە.
سەرۆکى لیژنەى ئەمنیی ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا رایگەیاند: هەر کاڵایەک لە دەروازەى ئیبراهیم خەلیل هاوردە بکرێت و گومرگ کرابێت، رێگەى پێدەدرێت و لە دەروازەى سەد گومرگ ناکرێت، بەڵام هەر کاڵایەک لە دەروازە نافەرمییەکانى هەرێمى کوردستانەوە هاوردە کرابێت، گومرگ دەکرێت.
بە گوێرەى یاسای بودجەى گشتیى عێراق، 50%ـی داهاتى خاڵە سنوورییەکان بۆ ئەو پارێزگایە دەبێت کە خاڵە سنوورییەکەى تێدایە. محەممەد کاکەیی دەڵێت "جگە لەو داهاتە، دانانى دەروازەى سەد وا دەکات موسڵ ببێتە رێگەى هاتووچۆى بازرگانی بۆ بەغدا."
پارێزگای نەینەوا دەروازەى سنوورى راستەوخۆى لەگەڵ تورکیا نییە، بەڵام لەرێگەى دەروازەى رەبیعەوە بە سووریاوە بەستراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ