رووداو دیجیتاڵ
بەراورد بە چەند هەفتەی رابردوو، نرخی مریشک لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەوە. لە هەولێر کیلۆی 3 هەزار و 250 دینارە و لە سلێمانیش 3 هەزار دینارە. بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، نرخەکە بەمشێوەیەی لێنەهاتایە، کەرتی بەرهەمهێنانی پەلەوەر دەکەوتە مەترسییەوە کە هەزاران هەلی کاری دەستەبەرکردووە.
رۆژی شەممە 4ی ئاداری 2023، زەکەریا سەفین، فرۆشیاری مریشک لە شاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەفتەی رابردوو کیلۆیەک مریشکمان بە 2 هەزار و 500 دینار دەفرۆشت. ئێستا رۆژانە بەرز دەبێتەوە. ئەمڕۆ کیلۆی مریشکمان بۆ هاتووە بە 3 هەزار و 150 دینار و ئێمەش دەیفرۆشینەوە بە 3 هەزار و 250 دینار."
ئەو کاسبکارە ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەوانەی مریشک بە کۆ دەگەیێننە ئەوان گوتوویانە، هۆکاری گرانبوونی مریشک ئەوەیە کە هەناردەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت.
هەروەها، یوسف سەردار، فرۆشیاری مریشک لە شاری سلێمانی بە رووداوی گوت: "لە سلێمانی لە کێڵگەکانی پەلەوەر، کیلۆی مریشک 2 هەزار و 850 دینارە و ئێمەش دەیدەینەوە بە 3 هەزار دینار، لەکاتێکدا لە هەفتەکانی رابردوودا کیلۆیەکمان دەدایە 2 هەزار و 400 دینار."
یوسف سەردار دوو هۆکاری گێڕایەوە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی مریشک و گوتی، هۆکارێکیان ئەوەیە مریشک بۆ پارێزگاکانی عێراق دەنێردرێت و هۆکاری دووەمیش ئەوەیە مانگی رابردوو کێڵگەکان زیانیان کرد بە هۆی دابەزینی نرخەوە و بەشێکی زۆریان جووجکیان نەخستەوە کێڵگەکانیان.
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەگەر نزمیی نرخی مریشک بەردەوام بووایە، کەرتی بەرهەمهێنانی پەلەوەر دەکەوتە مەترسییەوە کە هەزاران هەلی کاری دەستەبەرکردووە."
فیراس سدیق گوتیشی، هۆکار زۆرن بۆ بەرزبوونەوەی نرخی مریشک بەراورد بە چەند هەفتەی رابردوو، لەوانە گرانبوونی نرخی گۆشتی سوور کە خەڵک زیاتر روودەکەنە کڕینی مریشک، هەروەها تۆنێک ئالیک بە 650 دۆلارە. لەبارەی هەناردەکردن بۆ پارێزگاکانی عێراقیش فیراس سدیق گوتی: "ئەوە هۆکار نییە، چونکە پێشتریش مریشک هەناردە دەکرا و رێگری لێنەکراوە."
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ساڵانە زیاتر لە 105 ملیۆن مریشک لە هەرێمی کوردستان گەورە دەکرێن و دەخرێنە بازاڕەوە.
پێداویستیی ساڵانەی گۆشتی مریشک لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان 146 هەزار تۆنە، بەڵام نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشتی مریشک بەرهەمدەهێندرێن.
پەلەوەرخانەکەی هەرێمی کوردستان لەم شارانەدان:
- هەولێر؛ 576 پەلەوەرخانە
- سلێمانی؛ 727 پەلەوەرخانە
- دهۆک؛ 344 پەلەوەرخانە
- هەڵەبجە؛ 35 پەلەوەرخانە
- گەرمیان؛ 158 پەلەوەرخانە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ