ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز: هەولێر و بەغدا لەسەر دۆسیەی نەوت رێککەوتوون، بەڵام جێبەجێکردنی ناڕوونە

04-01-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

هەولێر و بەغدا تایبەت بە دۆسیەی نەوت لیژنەیەکی هاوبەشیان پێکهێناوە. ئەندامێکی لیژنەی نەوت، گاز و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هەردوولا لەسەر دۆسیەی نەوت رێککەوتوون، بەڵام پرۆسەی جێبەجێکردنەکەی ناڕوونە. سەرۆک فراکسیۆنێکی کوردستانیش پێیوایە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە هەموارکردنەوەی یاسای بودجەیە. 
 
بە بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، لە 25ـى ئادارى 2023ـەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا راگیراوە. 
 
بەو هۆیەوە رۆژانە بازاڕی وزەی جیهان نزیکەی 400 هەزار بەرمیل نەوت لەدەستدەدات.
 
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ شەممە (04-01-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لیژنەیەکی باڵای تەکنیکی لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان پێکهێندراوە". 
 
سەرچاوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی: "ئەو پرسە هەر تەنیا گرێدراو نییە بە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە. وەزارەتەکە بەشێکە لە بابەتەکە، بەڵام لایەنی دیکەش هەن، لەوانە وەزارەتی دارایی و لایەنە پەیوەندارەکانی دیکە". 
 
سەرچاوەکە گوتی: "گفتوگۆکان بەردەوامن. لیژنەکە نایەوێت هیچ شتێک لە میدیاکان باس بکرێت تاوەکو کاریگەری بۆسەر رێڕەوی پرۆسەکە دروست نەکات".
 
دوێنێ هەینی (03-01-2025) جێفری پایت، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری وزە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرد.
 
مەسرور بارزانی گوتی:"پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانمان تاوتوێ کرد."
 
لەبارەی گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکان و نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی دەڵێت، هاوڕا بوون لە زووترین کاتدا چارەسەر بکرێت، "چونکە وەستانی، زیانێکی زۆری لە بودجەی گشتیی عێراق داوە."
 
هەروەها هەردوولا جەختیان لە پێویستیی "دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور و رۆڵی گرنگی هەرێمی کوردستان لە برەودان بە سەربەخۆیی عێراق لە بواری وزە و گەشەپێدانی ئابووری و سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە."
 
حکومەتی عێراق هەموارى مادەی 12ـی پڕۆژەیاساى بودجەی گشتیی رەوانەی پەرلەمان کردووە.
 
عەلی مەشکوور، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ شەممە (04-01-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر دۆسیەی نەوت رێککەوتوون، بەڵام تاوەکو ئێستا پرۆسەی جێبەجێکردنی ناڕوونە و نازانرێت چۆنە".
 
ئەندامەکەی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق  پێیوایە"هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان گرێدراو نییە بە یاسای بودجە، راستە بەشێکە لە یاسای بودجە".
 
بەڵام عەلی مەشکوور گوتی، " هەموو داهاتی نەوت وەک بەشێکی سەرەکی یاسای بودجەیە. ئەگەر داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە، بێگومان کاریگەری بۆسەر یاسای بودجە دەبێت".  
 
هەمواری مادەی 12 تایبەتە بە بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانە کە بڕى 16 دۆلار وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاری دەکات تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتى راوێژکاریى نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات، پێویستە لەو ماوەیەدا هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات.
 
بەگوتەی ئەندامەکەی لیژنە و گاز، "وەزارەتی نەوتی عێراق هەموو میکانیزمەکانی وەرگرتنی ئەو نەوتەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتە بەر. بە روونی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر ئەوە رێککەتووە، بەڵام نازانین کەی جێبەجێ دەکرێت. لیژنەکەمان پشتیوانی لە بژارەی چارەسەرکردنی دەکات".
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز پێیوایە، "ئەگەر بابەتەکە ببەسترێتەوە بە تێچووی کۆمپانیا نەوتییەکان، بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت، ئەوا بەهیچ شێوەیەک چارەسەر نابێت".
 
ئەندامەکەی لیژنەی نەوت و گاز پێیوایە هەمواری یاسای بودجە بەم شێوەیە ناکرێت کە حکومەت رەوانەی پەرلەمانی کردووە و گوتی"پەرلەمان بەم شێوەیە رازی بێت".  
 
هەر لەوبارەوە، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ شەممە ( 04-01-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زۆربەی لایەنە شیعەکان لەسەر هەموارەکە رازی نین و هەڵمەتێکی پێشوەختیان دەستپێکردووە".
 
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بڕیارە رۆژی 13ی ئەم مانگە وەزیری دارایی بچێتە لیژنەی دارایی، دۆسیەی نەوت یەکێکە لەو بەرپرسانەی کە لەگەڵ وەزیری دارایی تاوتوێ دەکرێت.
 
جەمال کۆچەر، کە هاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە لە پەرلەمانی عێراق، جەختی لەوەکردەوە کە "هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە هەمواری یاسای بودجەوە بەستراوەتەوە".
 
بەگوتەی جەمال کۆچەر، "حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە نییە بەم شێوەیە نەوت هەناردە بکاتەوە کە لە یاسای بودجەی 2023 و 2024 جێگیرکراوە و بەو بڕە رازی نییە کە هاوشێوەی عێراق بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت دیاریکراوە کە بۆ هەر بەرمیلێک شەش دۆلارە". 
 
یاسای بودجەى گشتی لە 12ـی حوزەیرانی2023 لە پەرلەمان پەسندکرا و لە 26ـی هەمان مانگدا لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە؛ قەبارەکەی 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە.
 
 7ـی ئابى 2023، رێنوێنیی جێبەجێکردنى یاسای بودجەى گشتیى عێراق بۆ ساڵانى 2023، 2024 و 2025 لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بڵاوکرایەوە کە لەلایەن تەیف سامى، وەزیرى داراییەوە واژۆ کرابوو، بەوەش یاساکە کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە