بەغدا واژۆی ناردنی 264 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی 12 کردووە

دوێنێ کاژێر 12:57
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی عێراق واژۆی لەسەر ناردنی 264 ملیار و 698 ملیۆن و 348 هەزار دینار کردووە. بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، مووچەی مانگی 12 فەوتا. 
 
فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 05-01-2025) لە نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداوی گوتی، "پێشتر وەزارەتی دارایی عێراق واژۆی لەسەر ناردنی 441 ملیار دینار کرد بۆ مووچەی مانگی 12ـی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان".
 
بەگوتەی فازڵ نەبی، "نووسراوەکە پێش کۆتایی ساڵ واژۆکرا، بەڵام پارەکەیان نەخستە نێو سیستمی سویفت، بەمەش پارەکە ناچێتە نێو بانکی ناوەندیی عێراق. نووسراوەکەشیان بۆیە کرد، تاوەکو دواتر تووشی لێپرسینەوەی یاسایی نەبن."  
 
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق کە 31-12-2024 واژۆکراوە، داواکراوە هەموو رێوشوێنێک بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی بڕە پارەکە کە 264 ملیار و 698 ملیۆن و 348 هەزار دینارە، بۆ مووچەی مانگی 12ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق کراوەیە.
 
 
لە نووسراوەکەدا کە کۆپییەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، هەروەها هاتووە "ئەو پارەیە بۆ مووچەی مووچەخۆران، مووچەخۆرانی گرێبەست، مووچەی خانەنشینانی سەربازی و مەدەنی، تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانە."
 
بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، بەهۆی ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی ناوخۆی رادەستی بەغدا نەکردووە، وەزارەتی دارایی عێراق دوای پێداچوونەوە بە تەرازووی پێداچوونەوە، ئەو پارەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ لە پشکی هەرێمی کوردستان بڕیوە، لە مانگەکانی 10 و 11 و 12 پارەکەیان بڕی.
 
بۆیە وەک بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق باسی دەکات "دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، وەزارەتی دارایی عێراق نووسراوی 441 ملیارەکەی راگرت و نووسراوێكیان بە 264 ملیار دینار کردووە، دەڵێت ئێوە تەنیا 264ـتان ماوە، نەوەک 441 ملیار دینار." 
 
فازڵ نەبی دەشڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو 264 ملیارە، کورتهێنانی مووچەی مانگی 11 پێ پڕدەکاتەوە، کە 630 ملیاری لەبەردەستە. 
 
بەگوتەی بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق "مووچەی مانگی 12ـی 2024 تەگەرەی تێکەوتووە، تەنیا ئەگەر پەرجوو (موعجیزەییەک) رووبدات، ئەگەرنا مووچەی مانگی 12ـی فەرمانبەران و مووچەخۆران فەوتا." 
 
لە ئەمڕۆوە دابەشکردنی مووچەی مانگی 11ـی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، کە بەگوێرەی لیستی مووچە لەماوەی چوار رۆژدا کۆتایی دێت. 
 
هەرێمى کوردستان مانگانە پێویستى بە 998 ملیار دینارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە