کشتوکاڵی عێراق: مۆڵەتمان داوەتە هەرێمی کوردستان ئاژەڵ هاوردە بکات

03-10-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەمساڵ سێ هێندەی ساڵی رابردوو ئاژەڵ هاوردەکراوە. دەشڵێت، مۆڵەتیان داوەتە هەرێمی کوردستان ئاژەڵ هاوردە بکەن.
 
سائیر سەبری حوسێن، بەڕێوەبەری بەشی پەتاکان لە بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتەرنەری سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 03-10-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت و کۆنترۆڵکردنی نرخەکەی، بەشێوەیەکی فراوانتر رێگەیان بە هاوردەکردنی ئاژەڵ داوە، بە جۆرێک، ئەمساڵ نزیکەی سێ هێندەی ساڵی رابردوو، ئاژەڵ هاوردەکراوە.
 
رۆژی 21-02-2024، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخی گۆشت، بڕیاری دا رێگە بە هاوردەکردنی ئاژەڵی زیندوو (مانگا و مەڕومەڵات) بدرێت لەپێناو سەربڕین و بەخێوکردن. ئەوەش دوای ئەوەی نرخی کلیۆیەک گۆشتی سوور لە هەندێک ناوچەی عێراق گەیشتە 25 هەزار دینار.
 
سائیر سەبری حوسێن دەڵێت، عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر لە وڵاتانی بەرازیل، ڤەنزویلا، کۆڵۆمبیا، جۆرجیا و مۆڵدۆڤیا، ئاژەڵ هاوردە دەکەن. 
 
لە هەرێمی کوردستان، سێ ملیۆن و 112 هەزار سەر مەڕ، ملیۆنێک و 233 بزن، 367 هەزار رەشەوڵاخ هەن. هەر تاکێکی هەرێمی کوردستان ساڵانە 14.4 کیلۆگرام گۆشت دەخوات، واتا بە گشتی هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستیی بە 88 هەزار تۆن گۆشتی سوورە.
 
ئەو بەرپرسەی ڤێتێرنەریی عێراق دەڵێت "مۆڵەتمان داوەتە ڤێتێرنەریی هەرێمی کوردستان، بۆ هاوردەکردنی ئاژەڵ و مەڕوماڵات."  
 
ساڵانە عێراق 600 هەزار تۆن گۆشتی سووری پێویستە. لە کۆتایی مانگی شوباتی رابردوو، ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق، لەسەر داواکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، رەزامەندیی دا 50٪ـی گومرگی سەر هاوردەکردنی ئاژەڵی زیندوو بۆ سەربڕین و بەخێوکردنی (مانگا و مەڕومەڵات) کەم بکرێتەوە.
 
سائیر سەبری دەڵێت، هەر وڵاتێک سەرچاوەی نەخۆشی بێت، ئاژەڵی هاوردە ناکەن. دوای دڵنیابوونەوە لەوەی هیچ نەخۆشییەک لەنێو ئاژەڵەکانی ئەو وڵاتە بڵاونەبووەتەوە، ئەوسا رێگەدەدەن ئاژەڵی لێ هاوردە بکرێت. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە