رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی زێڕ بە زۆری لە بازنەیەکی سنوورداردا مامەڵەی پێوەکرا.
بازرگانانی زێڕ چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی ئامارە ئابوورییەکانی ئەمریکا دەکەن کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر روانگەی بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتە لەسەر سوودی بانکی دابنێت. یەک ئۆنسە زێڕ ئەمڕۆ لە نزیکەی 2655 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
دوای ئەوەی ئێران بە نزیکەی 180 مووشەکی بالیستی لە رۆژی سێشەممە هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەرزبووەوە بۆ 2672 دۆلار، بەڵام لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، نرخی زێڕ دابەزیوە.
برایان لاین، بازرگانی سەر بە کۆمپانیای (گۆڵد سیلڤەر سێنتراڵ) لە سینگاپوور پێیوایە، نرخی زێڕ بە ئەگەری زۆرەوە بەرزترین ئاستەکانی خۆی 2685 دۆلار بەدەست دەهێنێتەوە، بەوهۆیەی کە ئاراستەی بەرەو بەرزبوونەوەی زیاترە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئامارەکانی پەیوەست بە کەرتی خزمەتگوزاری و بیمەی بێکاری لە ئەمریکا بڵاودەبنەوە. رۆژی هەینیش ئامارەکانی پەیوەست بە ژمارەی رەخسانی هەلی کاری نوێ لە مانگی رابردوودا بڵاودەبنەوە و کاریگەرییان لەسەر بازاڕی زێڕ دەبێت.
هەرچەندە دوای گوتارەکەی ئەم هەفتەیەی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، ئەگەری کەمکردنەوەی سوودی بانکی بەڕێژەی 0.5 لە کۆبوونەوەی داهاتووی بانکەکە لاواز بووە، بەڵام گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پاڵپشتییان بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ