داوا دەکرێت بڕە پارەیەک بۆ ئاوەدانکردنەوەى هەڵەبجە لە خشتەی بودجەدا جێگەی بکرێتەوە

03-06-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لیژنەى هەرێم و پارێزگاکانى پەرلەمانى عێراق داوا لە لیژنەى دارایی دەکات پارەیەک بۆ ئاوەدانکردنەوەى هەڵەبجە بخاتە خشتەى بودجەوە. پەرلەمانتارێکى پشکى پارێزگاکە دەڵێت: "پارەکە ملیارێک دینارە".
 
خالید سامەڕایی، سەرۆکى لیژنەى هەرێم و پارێزگاکانى پەرلەمانى عێراق، 29ى ئایار نووسراوێکى ئاراستەى لیژنەى دارایی کردووە بۆ ئەوەى پارەی ئاوەدانکردنەوەى هەڵەبجە لە خشتەى بودجە هاوشێوەى پارەی ئاوەدانکردنەوەى ناوچە زیانلێکەوتووەکانی عێراق جێگە بکەنەوە.
 
ئەو داوایە بەر لە کۆبوونەوەکانى لیژنەى دارایی بووە لەبارەى خشتەى بودجەى 2024 کە بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە لە پەرلەمان دەنگى لەسەر بدرێت.
 
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پشکى هەڵەبجە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بڕى ئەو پارەیەى بۆ ئاوەدانکردنەوەى هەڵەبجە پێشنیازکراوە وەک شێوەیەکى سەرەتایی ملیارێک دینارە".
 
ئەو هەنگاوە دواى ئەوە بوو کە خالید سامەڕایی لە 16ى نیسانى 2024 داواکارییەکى بە ناوى لیژنەکەوە بۆ محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق نارد بۆ ئەوەى پارە بۆ ئاوەدانکردنەوەى هەڵەبجە تەرخانبکرێت.
 
بەگوێرە نووسراوێکى دیکە، کازم حەسەنى، راوێژکارى ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، ئەو بابەتە جێگەى مشتومڕە و پێویستى بە پاڵپشتى یاسایی هەیە.
 
موسەننا ئەمین، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پشکى هەڵەبجە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، هەڵەبجەش وەک ناوچە زیانلێکەوتووەکانى دیکە مافى ئەوەى هەیە قەرەبوو بکرێتەوە؛ گوتیشى: "بەگوێرەى کەشى ئەمڕۆى نێو کۆبوونەوەى پەرلەمان، بڕیار لەسەر خستنەڕووى داواکاریى بۆ تەرخانکردنی ئەو پارەیە دەدەین".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە