د. رێواز فایەق: کاری زیاتر بۆ بەرەوپێشبردنی بەرهەمە خۆماڵییەکان دەکەین

02-12-2019
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن پەرلەمانی کوردستان بەرهەمی ناوخۆیی
A+ A-

رووداو - هەولێر 

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە چاودێری سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، لیژنه‌ی سامانه‌ سرووشتییه‌كان و بازرگانی په‌رله‌مان سەمینارێكی تایبه‌تی له‌سه‌ر پێشنیازه‌ یاسای پاراستنی به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌كان رێکخست و سەرۆکی پەرلەمانیش ئاماژە بەوە دەکات، کاری زیاتر بۆ بەرەوپێشبردنی بەرهەمە خۆماڵییەکان دەکەن.
 
له‌ سەمیناره‌كه‌دا كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتاران، نوێنه‌رانی یه‌كێتیی هه‌نارده ‌و هاورده‌ و ژووره‌ بازرگانییه‌كانی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، مادده ‌و بڕگه‌كانی تایبه‌ت به‌ پێشنیازه‌ یاسای پاراستنی به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌كان تاوتوێکرا و "چه‌ندین پێشنیازی نوێ بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردن و باشتركردنی ره‌شنووسی پێشنیازه‌ یاساكه‌ خرانه‌ڕوو".
 
د. رێواز فایه‌ق، سه‌رۆكی په‌رلەمانی کوردستان، له‌باره‌ی ئه‌و تێبینی و پێشنیازانه‌ی له‌سه‌ر پێشنیازه‌ یاسای پاراستنی به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌كان خرانەڕوو، رایگه‌یاند: لەم خوولەی په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ره‌تای كاركردنی یاسادانانین و له‌ماوه‌ی ساڵی رابردوودا زیاتر كارمان له‌سه‌ر سه‌رپێخستنی دامەزراوەی ده‌وڵه‌تی و ده‌ستووری كردووه. ‌ئێستاش زیاتر كار له‌سه‌ر ئه‌و یاسا و بڕیارانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ بۆشایی یاساییان دروستكردووه‌، بۆ نموونه‌، پاراستنی به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌كان.
 
سه‌رۆكی په‌رله‌مان راشیگه‌یاند: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین هه‌رێمی كوردستان ته‌نها پشت به‌داهاتی نه‌وت نه‌به‌ستێت و ده‌بێت كار له‌سه‌ر به‌هێزكردنی سێكته‌ره‌كانی دیكه‌ی ئابووری وه‌ك: پیشه‌سازی، كشتوكاڵ، گه‌شتوگوزار و زیادكردنی به‌رهه‌می نێوخۆیی بکات. 
 
بەگوتەی رێواز فایەق، حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ كارنامه‌یدایه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ بكات و وه‌كو په‌رله‌مانی كوردستانیش ئەوان ده‌توانن دوو رۆڵی سه‌ره‌كی و یاسایی خۆیان بگێڕن، یه‌كه‌میان، ئه‌ركی یاسادانانه ‌و دووه‌میشیان، ئه‌ركی به‌دواداچوونه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی یاساو بڕیاره‌كان وه‌ك خۆی.
 
هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی سەمیناره‌كه‌دا، سه‌رۆكایه‌تی لیژنه‌ی سامانه‌سرووشتییه‌كان و بازرگانی په‌رله‌مان باسیان لەوە کرد، ‌سه‌رجه‌م ئه‌و پێشنیاز و تێبینییانه‌ی له‌م سەمیناره‌دا خرانه‌ڕوو، له‌چوارچێوه‌ی راپۆرتێكدا پوختده‌كرێنه‌وه ‌و ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ده‌كرێت بۆ گرتنه‌به‌ری رێكاره‌ یاساییه‌كانی.
 
پێشنیازه‌ یاسای پاراستنی به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌كان له‌هه‌رێم له‌ 26 مادده ‌و هۆیه‌كانی ده‌رچوون پێكهاتووه ‌و له‌ دانیشتنی ژماره‌ حەوت رۆژی 13-11-2019 خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه‌.  

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمڕۆ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕیژەی 0.3٪ بەرزبووەوە

چوار رۆژە نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە؛ یەک ئۆنسە بە 2667 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا

نرخی زێڕ بۆ ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە لە بەرزبووەنەوە، فراوانبوونی زیاتری جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، خواستی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ کڕینی کانزای زەرد زیادکردووە.