وەزارەتی دارایی: پارە گەیشت و بە شەش رۆژ مووچەی مانگی ئاب دابەش دەکەین

02-11-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کەمێک لەمەوبەر بڕی 450 ملیار دینار لەلایەن بانکی رافیدەین و رەشیدەوە خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکەیان و رۆژی شەممەی داهاتوو 04-11-2023 دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت و لە ماوەی شەش رۆژدا مووچەی هەموو فەرمانبەران دابەشدەکرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 02-11-2023، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "کەمێک لەمەوبەر بڕی 450 ملیار دینار لەلایەن بانکی رافیدەین و رەشیدەوە خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق."
 
هەر لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستاندا ئاماژە بە کاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب کراوە و دەڵێت، رۆژی شەممە 04-11-2023 دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و رۆژی پێنجشەممە 09-11-2023 کۆتایی بە دابەشکردنی مووچە دێت.
 
رۆژی 14ـی ئەیلوولی ئەم ساڵ شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەغدا و هەولێر، تایبەت بە بودجە و مووچە، سەردانی بەغدای کرد و جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی عێراق و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان کۆبووەوە.
 
دواتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بە هەرێمی کوردستان بدات بۆ ماوەی سێ مانگ، واتە مانگانە 700 ملیار دینار، ئەوەش بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
 
تاوەکو ئەمڕۆ تەنیا پشکێکی ئەو 700 ملیارە بەتەواوی دراوە کە لەگەڵ داهاتی نێوخۆدا، مووچەی مانگی تەممووزی پێ دابینکرا، ئەو بڕە پارەی ئەمڕۆش، بەشێکی پشکی دووەم 700 ملیارە، کە لەگەڵ داهاتی نێوخۆ مووچەی مانگی ئابی پێ دابەش دەکرێت.
 
هێشتا چارەنووسی دابەشکردنی مووچەکانی مانگی ئەیلوول و تشرینی یەکەم لە هەرێمی کوردستان دیارنییە، ئەمە لە کاتێکدایە لە عێراق مووچەی مانگی تشرینی یەکەمیش دابەشکراوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی سنووریی مێهران

لە 8 مانگدا هەناردەی دەروازەی سنووریی مێهران زیاتر لە یەک ملیار دۆلار بووە

بەڕێوەبەری گومرکی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، لە 8 مانگدا لە دەروازەی سنووریی مێهرانەوە بە بەهای زیاتر لە ملیارێک دۆلار شتومەک هەناردەی وڵاتان کراوە