بانکی ناوەندیی عێراق پێدانی دۆلار بە کۆمپانیا سزادراوەکان قەدەخە دەکات

02-08-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بانکی ناوەندیی عێراق پێدانی دۆلار بەو کۆمپانیا فڕۆکەوانی و گەشتیارییانە قەدەخە دەکات کە لە لیستی کۆمپانیا سزادراوەکاندان. نەقیبی سەندیکای گەشتیارانی عێراق دەڵێت، "بەشێک لە کۆمپانیاکانمان لە لیستی سزاکاندان."
 
بانکی ناوەندیی عێراق لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی بانکەکانی رافیدەین، رەشید، TBI و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوی لەبارەی پێدانی دۆلار بەشێوەی نەختینەیی بە گەشتیاران کردووە، دەڵێت، ئەو کۆمپانیایانەی لە لیستی سزاکاندان، ئیدی ئەگەر سزای نێودەوڵەتی بن یان عێراقی، پێویستە لە پێدانی دۆلاری کاش بێبەش بکرێن.
 
نووسراوەکە رۆژی 31ی مانگی تەممووزی ئەم ساڵ لەلایەن عەممار حەمەد خەلەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقەوە واژۆ کراوە.
 
پێدانی دۆلار لە فڕۆکەخانەکان بۆ رێگریکردنە لە بەقاچاخبردنە دەرەوەی دۆلار بۆ ئەو وڵاتانەی سزایان لەسەرە و نابێت دۆلاری ئەمریکییان پێبگات.
 
محەممەد عۆدە، نەقیبی سەندیکای گەشتیارانی عێراق، لەبارەی بڕیارەکەوە ئەمڕۆ هەینی بە رووداوی گوت، "بەشێک لە کۆمپانیا فڕۆکەوانی و گەشتیارییەکان لە لیستی سزاکانی پێدانی دۆلاردان؛ بەشێک لە کۆمپانیا عێراقییەکان بەهۆی هێنانی کرێکار بە قاچاخ و بەشێکی دیکە بە هۆکاری دیکە سزادراون. نزیکەی 300 کۆمپانیا لای ئێمە تۆمارکراون کە سزادراون و بەپێی ئەو بریارە ئیدی نابێت دۆلاریان پێبدرێت."
 
رۆژی 01-07-2024 بانکی ناوەندیی عێراق لە نووسراوێکدا رایگەیاند، لە 14ی ئەم مانگەوە تەنیا لە فڕۆکەخانەکان دۆلار بە نرخی فەرمی دەداتە گەشتیاران. دۆلار بەتەنیا لە رێگەی بانکەکانی رەشید، رافیدەین، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی، کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە جۆری A و Bـی بە گەشتیاران دەدرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارگەیەک لە هەرێمی کوردستان؛ وێنە: رووداو - ئەرشیف

رێگری عێراق لە بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە؛ 'زیانی زۆری پێگەیاندووین'

زیاتر لە پێنج مانگە حکومەتی عێراق رێگە نادات بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان ببرێتە نێوەڕاست و خوارووی عێراق. بەرپرسانی ژوورە بازرگانییەکان دەڵێن، رێگرییەکان زیانی زۆریان بە خاوەن کارگەکان گەیاندووە و بوونەتە هۆکاری داخستنی ژمارەیەک کارگە.