رووداو دیجیتاڵ
وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، لە پارێزگای شرنەخـی باکووری کوردستان گەورەترین پرۆسەی دۆزینەوەی نەوتیان لەسەر زەوی لە مێژووی کۆماری تورکیادا جێبەجێ کردووە، لە کۆتایی 2024دا بەرهەمهێنانی نەوت لەو پارێزگایە دەگەیێننە 100 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.
ئاڵپارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا درەنگانی ئێوارەی رۆژی دووشەممە 1ی کانوونی دووەمی 2024 سەردانی پارێزگای شرنەخـی باکووری کوردستانی کرد و لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسە کارگێڕی و ئەمنییەکانی پارێزگاکە سەردانی یەکێک لە کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی نەوتی پارێزگاکەی کرد.
وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، "لە شرنەخ گەورەترین دۆزینەوەمان لەسەر زەوی لە مێژووی کۆماردا تۆمار کردووە. لە ساڵی 2021 و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا تاوەکو ئەمڕۆ بەرهەممان لێرە بەرزکردەوە بۆ 30 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا. لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، لە ماوەی سێ مانگدا، شرناخ دەبێتە یەکێک لەو پارێزگایانەی تورکیا کە زۆرترین نەوت بەرهەم بهێنێت."
ئاڵپارسڵان بایراکتار، "کاتێک لە ساڵی 2024دا دەگەینە ئامانجی بەرهەمهێنانی 100 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، بە دووری نازانم شرنەخ دەبێتە باشترین پارێزگای بەرهەمهێنەری نەوتی تورکیا."
ئاڵپارسڵان بایراکتار ئاماژەی بەوەدا، ئێستا لە 23 بیردا نەوت بەرهەم دەهێنن. ئاستی بەرهەمهێنان نزیکەی 30 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا و گوتی، "ئامانجمان ئەوەیە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024 ئەم بەرهەمە بۆ 100 هەزار بەرمیل زیاد بکەین و بەمەش 10%ی پێداویستییەکانی رۆژانەی تورکیا تەنیا لەم هەرێمەوە دابین دەکەین."
سەبارەت بە زیادبوونی هەلیکار لە پارێزگاکە بەهۆی دۆزینەوەی نەوتەوە، وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا گوتی: "بەرهەمهێنان لەو کەرتە هەلی کار و دامەزراندن لەو هەرێمە زیاد دەکات، تائێستا 1200 کەس دامەزرێندراون. کاتێک ئاستی بەرهەمهینان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024 بۆ 100 هەزار بەرمیل بەرزدەبێتەوە، پێنج هەزار کەس دادەمەزرێنن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ