2024 چارەنووسی سیاسیی نیوەی دانیشتووانی جیهان لەسەر سندووقەکانی دەنگدانە

31-12-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، خەڵکی سەر زەوی ماڵئاوایی لە گەرمترین ساڵی مێژوو دەکەن و لاپەڕەی 12 مانگ دادەخەن، کە چاتبۆتە زیرەکەکان، قەیرانی کەشوهەوا و جەنگی خوێناویی غەززە، لە دیارترین سیماکانی بوون. 
 
دانیشتووانی جیهان، کە ئێستا ژمارەیان زیاتر لە هەشت ملیار کەسە، ژمارەیەکی زۆریان چاویان لەوەیە لە ژێر بارگرانی زیادبوونی تێچووی ژیان و پشێوی، بە سەلامەتی بێنە دەرەوە.  
 
لە سیدنی کە خۆی بە "پایتەختی جیهانیی ساڵی نوێ" دادەنێت، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە کەنارەکانی کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی پێش زۆربەی جیهان (کاژێری 16:00 بە کاتی هەولێر)، پێشوازی لە ساڵی نوێ بکەن.
 
لە نیوەشەو، هەشت تۆن یاریی ئاگرین لە پێشوازیی ساڵی 2024ـدا دەتەقێنرێن، ساڵێک کە تێیدا هەڵبژاردنەکان نیوەی دانیشتووانی زەوی دەگرنەوە و ئۆڵمپیادی هاوینەی پاریس بەڕێوەدەچێت. 
 
لە 12 مانگی رابردوودا، فیلمی باربی بۆکس ئۆفیسی هەژاند، چەندین ئامرازی ژیریی دەستکردی مرۆڤ-ئاسا دروستبوون و بۆ یەکەمین جار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، چاوێک بە تەواوی چێندرا.
 
هەر لە ساڵی 2023دا، هیندستان لە رووی دانیشتووانەوە، پێش چینی دایەوە و دواتر بووە یەکەمین وڵات کە مووشەکێک لەسەر نیوەگۆی تاریکی مانگ بنیشێنێتەوە.
 
هەروەها ئەوە گەرمترین ساڵ بوو لە مێژووی تۆمارکراوی زەویدا و لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا، کارەساتە سرووشتییەکان لە ئوسترالیاوە تاوەکو قۆچی ئەفریقا و دارستانە باراناوییەکانی ئەمازۆن، زیاد و تووندتر بوون. 
 
لەو 12 مانگەدا، هەواداران ماڵئاواییان لە تینا تێرنەر، گۆرانیبێژی ئەمریکیی سویسری و ماتیو پێری، ئەستێرەی زنجیرەی کۆمێدیی "فرێندز" کرد. 
 
بەڵام زیاتر لە هەموو شتێک، ساڵی 2023 بە جەنگی خوێناویی غەززە یاد دەکەوێتەوە. 
 
نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندە دەکات، نزیکەی دوو ملیۆن کەس لە خەڵکی غەززە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە ئاوارە بووبن، کە دەکاتە 85٪ی کۆی دانیشتووانی کەرتەکە.
 
لەبەرئەوەی شاری غەززە لە باکووری کەرتەکە تەختی زەوی کراوە، کەم شوێن ماون کە تێیدا پێشوازی لە ساڵی نوێ بکرێت؛ ژمارەی ئەندامانی خێزانەکانیش، کە پێشتر پێکەوە لە ماڵێکدا ئاهەنگیان دەگێڕا، کەمبووەتەوە.
 
عەبد عەکاوی، کە لەگەڵ هاوژین و سێ منداڵی لە باکوورەوە هەڵاتووە بۆ باشووری غەززە، دەڵێت، "ساڵێکی رەشی پڕ لە تراژیدی بوو."
 
ئەو پیاوە تەمەن 37 ساڵە کە ئێستا لە خێوەتگەیەکی شاری رەفەح دەژیێت، ئاماژە بەوە دەکات، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل خانووەکەیانی وێرانکردووە و براکەیشیان کوشتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، کەمێک هیوای بە 2024 ماوە.
 
ئەو دەڵێت، "بە پشتیوانی خوا، ئەم جەنگە کۆتایی دێت، ساڵی داهاتوو باشتر دەبێت و دەتوانین بگەڕێینەوە سەر ماڵەکانمان و ئاوەدانیان دەکەینەوە، یان تەنانەت لە چادرێکدا لەسەر داروپەردوو بژین."
 
هەروەها لە ئۆکراینا، کە لەژێر هێرشی رووسیادایە، خەڵک هیوای لەدەستنەداوە.  
 
تیتانیا شۆستکا، تەمەن 42 ساڵ، دانیشتووی کیێڤ دەڵێت، "سەردەکەوین. ئێمە چاوەڕێی سەرکەوتنین و بڕوامان وایە کە ئۆکراینا جەنگەکە دەباتەوە. هەموو شتێکمان دەبێت ئەگەر ئۆکراینا ئازاد بێت."
 
تەنانەت هەندێ کەسی نێو رووسیاش لە ململانێکە بێزار بوون.
 
زۆیا کارپۆڤا، تەمەن 55 ساڵ، دانیشتووی مۆسکۆ دەڵێت، "هیوادارم لە ساڵی نوێدا جەنگ کۆتایی بێت، سەرۆکێکی نوێ هەبێت و بگەڕێینەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆمان."
 
دەنگدان
 
لە دوای جۆزێف ستالینەوە، ڤیلادمیر پووتین خاوەن درێژترین ماوەی فەرمانڕەوایی رووسیایە. مانگی ئاداری ساڵی 2024، دووبارە وەک بەربژێرێک، ناوی دەچێتەوە سەر کاخەزی دەنگدان. 
 
رووسیا تەنیا یەکێکە لە نێو کۆمەڵێک وڵات، کە بڕیارە لە ساڵی 2024 هەڵبژاردنی گرنگیان تێدا بکرێت. 
 
بە گشتی، چارەنووسی سیاسیی زیاتر لە چوار ملیار کەس لەسەر سندووقەکانی دەنگدان یەکلادەکرێتەوە، لەوانەش بەریتانیا، یەکێتیی ئەوروپا، هیندستان، مەکسیک، ئەفریقای باشوور، ڤەنزوێلا و تەنانەت هەرێمی کوردستانیش. 
 
بەڵام یەکێک لەو هەڵبژاردنانە، لێکەوتی جیهانی لەخۆهەڵدەگرێت، چاوەڕواندەکرێت، لە ئەمریکا جۆ بایدنی دیموکراتی تەمەن 81 ساڵ و دۆناڵد ترەمپی کۆماریی تەمەن 77 ساڵ، جارێکی دیکە لە تشرینی دووەمی ساڵی 2024 رووبەڕووی یەکدیی ببنەوە. 
 
جۆ بایدن چەند جارێک نیشانەکانی بەساڵداچوونی لێ دەرکەوتوون و پشتیوانکارەکانیشی نیگەرانن لەوەی کە ئەگەر چوار ساڵی دیکە ببێتەوە سەرۆک، رووبەڕووی شکستی زیاتر بێتەوە. 
 
بەڵام ئەگەر ئەمریکییەکان یەک جار لە هەڵبژاردنەوەی بایدن نیگەران بن، ئەوا بەشێکیان دوو جار لە گەڕانەوەی ترەمپ نیگەرانترن. 
 
ترەمپ رووبەڕووی ژمارەیەک دۆسیەی یاسایی دەبێتەوە و هێشتا دیارنییە کە ئایا دەنگدەران دەتوانن بڕیار بدەن ملیاردێرەکە بگەڕێتەوە کۆشکی سپی، یان ئەوەتا دادگە دەینێرێت بۆ زیندان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە