گەیاندنی کۆچبەران بۆ ئەمریکا؛ بازرگانییەکی پڕ داهات بۆ مەکسیکییەکان

30-12-2022
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
 منداڵێکی 5 ساڵانی کۆچبەری ڤەنزوێلایی لەگەڵ خێزانەکەی لەسەر سنووری ئەمریکا و مەکسیک یاری بە کاپتن ئەمریکا دەکات. وێنە:  Herika Martinez / AFP
منداڵێکی 5 ساڵانی کۆچبەری ڤەنزوێلایی لەگەڵ خێزانەکەی لەسەر سنووری ئەمریکا و مەکسیک یاری بە کاپتن ئەمریکا دەکات. وێنە: Herika Martinez / AFP
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

کۆچبەرانی گواتیمالا لە شاری سووتیاتێی باشووری مەکسیکەوە گەیشتوونەتە نێو خاکی وڵاتەکە، ئەوان رووباری سووتیاتێی سنووری نێوان وڵاتەکەیان و مەکسیکیان بڕیوە، بەڵام ئەوە نیوەی رێیەکەیانە و زۆریان ماوە بگەنە دوا وێستگەیان کە ئەمریکایە. 
 
بۆ گەیشتن بە خەونەکەیان ئەوان پێویستیان بە قاچاخچییە، گەیاندنی کۆچبەرانیش لە مەکسیکەوە بۆ نێو خاکی ئەمریکا بووەتە بزنسێکی پڕ داهات بۆ قاخاچییەکانی مەکسیک. قاچاخچییەکان لەگەڵ بەرپرسانی مەکسیکی هاوئاهەنگیان هەیە بۆ گەیاندنی ئەو کۆچبەرانە بۆ سەر سنووری ئەمریکا. 
 
لویلی باتیستا، کۆچبەرە و دەڵێت، "ئەوان راستەوخۆ لە سەنتەری کۆچبەران داوای پارەت لێدەکەن. یەکەمجار دەبێ نزیکەی 500 دۆلار بدەیتە پارێزەرێک تاوەکو لە سەنتەرەکە دەربازت دەکات، ئەگەرنا، ئەوان ئاگادارت دەکەنەوە کە دیپۆرتی وڵاتەکەت دەکەنەوە، لەبەرئەوەی ئەوان رێککەوتنیان لەگەڵ بەرپرسانی کەرتی کۆچبەراندا هەیە." 
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری ‌‌ئاژانسی پاراستنی سنووری ئەمریکا، تەنیا ئەمساڵ زیاتر لە دوو ملیۆن و 300 هەزار کۆچبەر لە سنووری مەکسیکەوە خۆیان گەیاندووەتە نێو خاکی ئەمریکا و کۆچبەرەکانیش زۆرترینیان خەڵکی وڵاتانی کوبا، نیکاراگوا، ڤەنزوێلا، گواتیمالا و مەکسیکن. 
 
تەنیا لە مانگی کانوونی یەکەمدا، هەندێ رۆژ ژمارەی کۆچبەر کە ویستوویانە بگەنە نێو خاکی ئەمریکا 900 بۆ هەزار کۆچبەر بوون. ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی رابردوو ملیۆنێک و 700 هەزار کۆچبەر روویان لە ئەمریکا کردبوو.
 
مافیاکانی مەکسیک شەپۆلی نوێی کۆچبەرانی نێوەڕاست و باشووری ئەمریکایان بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا قۆستووەتەوە. 
 
مۆنیکا ڤاسکوێز، پارێزەرە و دەڵێت، "گەندەڵی لە ئاستێکی بەرزدایە و قسەم لەگەڵ زۆر لە پسپۆڕانی بواری کۆچبەریدا کردووە و ئەوان دەڵێن، ئەم دیاردەیە هەرگیز کۆتایی نایەت، چونکە خەڵکێکی زۆر کە بەرپرسی باڵان لەم کارە تێوەگلاون."
 
سنووری نێوان ئەمریکا و مەکسیک بە یەکێک لە درێژترین خاڵی سنووریی جیهان دادەنرێت و زیاتر لە سێ هەزار کیلۆمەترە، ماوەی چەند ساڵێکە بووەتە قەرەباڵخترین سنوور بۆ کۆچبەرانی وڵاتانی ئەمریکای لاتین کە لە هەژاری و بێکاری رادەکەن و روو لە ئەمریکا دەکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە