رووداو دیجیتاڵ
تادێت، پارتە راستڕۆیەکانی ئەوروپا بەهێزتردەبن و دەنگیان لە هەڵبژاردنەکاندا زیاد دەبێت؛ ئەمە هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی مشتومڕ و نیگەرانی لەبارەی کۆچبەرانەوە لەنێو کۆمەڵگەی ئەوروپیدا، کە وایکردووە ئەو پارتانە دەنگی زیاتر بەدەستبهێنن.
بەشێکی ئەوروپییەکان، نیگەرانی ئەوەن کە کۆچبەران هەلی کار بۆ خەڵکی رەسەنی وڵاتەکە نەهێڵن، زیان بە ئابووریی وڵاتان بگەیێنن و تێچووی مانەوەشیان زۆر لەسەر حکومەت بکەوێت.
پارتە راستڕۆیەکان ئەو نیگەرانییانەیان بە سەرکەوتوویی قۆستووەتەوە بۆ ئەوەی دەنگی زیاتر لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستبێنن؛ دوایینیان لێرە بوو، لە هۆڵەندا.
دوای 13 ساڵ لە فەرمانڕەوایی پارتێکی لیبراڵ، لە ئەنجامێکی پێشبینی نەکراودا کە بە تەقینەوەیەکی سیاسی لە هۆڵەندا و ئەوروپا ناوی برا، پارتێکی تووندی راستڕۆ هەڵبژاردنی گشتیی 22ی تشرینی دووەمی بردەوە.
پارتی ئازادی PVV کە پارتێکی دژە کۆچبەرە، 37 کورسیی پەرلەمانی هۆڵەندای بەدەستهێنا. هێزی دووەم، بە 12 کورسی لە دوایەوە بوو.
ئەوەی سەرکردایەتی پارتەکەی کرد بۆ سەرکەوتن، خیرت ڤیڵدەرزە کە بە ترەمپی ئەوروپا ناسراوە. رۆیشتنی کۆچبەرە مسوڵمانەکان بۆ وڵاتەکەی بە داگیرکاریی ئیسلامی بۆ سەر هۆڵەندا دەزانێت، پێشتر داوایکردبوو مزگەوتەکان دابخرێن، باڵاپۆشی و قورئانیش قەدەخە بکرێن.
خیرت ڤیڵدەرز لەبارەی کۆچبەرانەوە گوتی، "ئەمڕۆ لە هۆڵانەدا، هەزاران کۆچبەر لە هەفتەیەکدا دێن. تەنانەت هەندێ گوند لە هۆڵەندا هەن کە تەنیا 600 دانیشتوویان هەیە، بەڵام ناچاربوون زیاتر لە دانیشتووانی خۆیان کۆچبەر وەربگرن. بۆیە خەڵک توڕەیە، خەڵک دەترسن، خەڵک هەندێ سیاسەتی دیکەی دەوێت، بەڵام دەستەبژێرێکی سیاسیمان هەیە کە گوێیان پێ نادات و بەردەوامە لە ئەنجامدانی هەڵە. بۆیە ئەمڕۆ ئەو پارتانەی کە وەکو پارتەکەی منن، وا لە سەرانسەری ئەوروپا زۆر بەهێز دەبن."
دوو ملیۆن و 300هەزار هاووڵاتیی هۆڵەندا لەسەر سندووقەکانی دەنگدان پشتیوانییان لەو هزرە دژە کۆچبەرەی خیرت ڤیڵدەرز کرد، لە کاتێکدا کە بە گوێرەی فەرمانگەی ئامارەکانی هۆڵەندا، ساڵی 2022، سەرووی 403 هەزار کۆچبەر چوونەتە ئەو وڵاتە.
لە سێ ساڵی پێش ئەوەشدا، زیاتر لە 740 هەزار کۆچبەر چوونەتە ئەو وڵاتە؛ کۆی گشتی دەکاتە زیاتر لە یەک ملیۆن و 100 هەزار، بۆ هۆڵەندا کە ژمارەی دانیشتووانەکەی 17ملیۆن و 500 هەزار کەسە، ژمارەی ئەو کۆچبەرانە کەم نییە و دەکاتە 6.3٪ی کۆی دانیشتووانەکەی.
بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی 2021ی زانکۆی ئەمستردام، ساڵانە، خەرجیی خزمەتکردنی کۆچبەران بە 17 ملیار یۆرۆ لەسەر حکومەتی هۆڵەندا کەوتووە کە دەکاتە 2.44٪ی داهاتی نێوخۆی وڵاتەکە.
هەروەها لەنێوان ساڵانی 1995 بۆ 2019، تێچووی کۆچبەران لەسەر هۆڵەندا 400 ملیار یۆرۆ بووە.
سەرکردەی پارتە راستڕۆکانی وڵاتانی دیکەی ئەوروپا کە لەژێر هەمان کاریگەریی کۆچبەراندان، پیرۆزباییان لە خیرت ڤیڵدەرزی هاوبیریان کرد. یەکێک لەوانە مارین لوپێنی سەرکردەی پارتی بەرەی نیشتمانیی فەرەنسا بوو.
لوپێن گوتی، "ئەمە بە رێککەوت نییە کە لە ژمارەیەکی زۆری وڵاتانی ئەوروپی، ئەو پارتانە هەڵبژاردن دەبەنەوە کە بەرگری لە نەتەوەکەیان دەکەن. راستییەکە ئەوەیە کە جیهانگیری لە پاشەکشەدایە. ئەو هزرەی کە نایەوێت سنوورێک بۆ جیهانگیری دابنێت، لە پاشەکشەدایە. نەتەوەکان خەریکە هەڵدەسوڕێنەوە. ئەمە بریتییە لە گەڕانەوەی گەورەی بزووتنەوەکانی بەرگریکردن لە نەتەوە."
ئەنجامی دەنگەکانی پارتەکەی مارین لوپێن کە درووشمی سەرەکیی ئەویش دژایەتیکردنی کۆچبەرانە، دەریدەخات کە فەرەنساش لە 20 ساڵی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو بەلای راستڕۆییدا لاربووەتەوە.
لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2002 ژۆن مارین لوپێن، باوکی مارین لوپێن تەنیا 17.7٪ی دەنگە کانی بەرامبەر بە جاک شیراکی رکاربەری بەدەستهێنا.
لە دوو هەڵبژاردنی دواتردا وێڕای ئەوەی مارین لوپێن نەیتوانی ئیمانوێل ماکرۆن ببەزێنێت، بەڵام دەنگێکی زۆر زیاتر لە باوکی بەدەستهێنا. بە جۆرێک لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2017دا 33.9٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، پێنج ساڵ دوای ئەوە، لە ساڵی 2022، رێژەی دەنگەکانی لوپێن بۆ 42٪ بەرزبووەوە. واتە ئەگەر زیادبوونی دەنگەکانی لوپێن هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن بەم رێژەیە بەردوامبێت، ئەوا دوور نییە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، راستڕۆیەکان کلیلی ئیلیزێ لە ماکرۆنی میانڕەو وەربگرن.
هەروەها لە ئیتاڵیا کە 10 ساڵە لەژێر گوشاری شەپۆلێکی گەورەی کۆچبەرانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقادا بووە، پارتی راستڕۆی دژە کۆچبەری برایانی ئیتاڵیا، لە ئەیلوولی ساڵی رابردوو بە سەرکردایەتیی جۆرجیا میلۆنی بووە یەکەمین پارتی ئەوپەڕی راستڕۆ لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە هەڵبژاردن بباتەوە.
میلۆنی ئەوکات گوتی، "دەبێت قاچاخچییەکان لێمان بترسن، چونکە چیدیکە ناتوانن پارە پەیدا بکەن."
پۆڵەندا کە لەنێوان خۆی و بێلاڕووس پەرژینێکی پۆڵایینی بۆ رێگریکردن لە کۆچبەران دروستکردووە، ماوەی 8 ساڵە لەلایەن پارتی راستڕۆی یاسا و دادپەروەرییەوە بەڕێوەدەبرێت.
هەنگاریاش کە 13 ساڵە لەلایەن ڤیکتۆر ئۆربانی راستڕۆوە سەرکردایەتی دەکرێت، پێچەوانەی خواستی یەکێتیی ئەوروپا، ژمارەیەک یاسای دەرکردووە کە یارمەتیدانی پەناخوازان لەلایەن پارێزەرانەوە بە تاوان دادەنێت و هەر کۆچبەرێکیش لە شوێنێکەوە کە ژیانی لە مەترسیدا نەبووبێت بڕواتە ئەو وڵاتە، دیپۆرتی دەکەنەوە.
ئۆربانیش هاوشێوەی خیرت ڤیڵدەرز پێیوایە موسڵمانان ئەوروپا داگیردەکەن و شوێنی کرستیانە سپی پێستەکان دەگرنەوە، بۆیە تەممووزی ئەم ساڵ، پلانێکی یەکێتیی ئەوروپای بۆ دابەشکردنی کۆچبەران بە یەکسانی بەسەر وڵاتاندا رەتکردەوە.
زیادبوونی رق و کینە دژی کۆچبەران لە نێو بەشێکی خەڵکی ئەوروپیدا، لێکەوتەی روونی هەبووە.
لە 23ـی تشرینی دووەم لە دەبلنی پایتەختی ئێرلەندا پیاوێک بە چەقۆ سێ منداڵی بریندار کرد؛ هەر لەگەڵ دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە، وەک ئاگری نێو پووش دەنگۆ لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە گوایە پیاوەکە بە رەچەڵەک جەزائیرییە.
دوای ئەوە سەدان کەس رژانە سەر شەقامەکان بۆ ئەوەی توڕەیی خۆیان بەرامبەر کۆچبەران دەرببڕن؛ لەگەڵ پۆلیس کەوتنە پێکدادان، ئۆتۆمبێل، پاس و فرۆشگاکانیان سووتاند و تاڵانیانکردن، بە تایبەتی ئەوانەی کە سامانی کۆچبەرەکان یان هاووڵاتییانی بە رەچەڵەک بیانی بوون.
لیۆ ڤارادکار، سەرۆکوەزیرانی ئێرلەندا رایگەیاند، "ئەوانەی لە پشێوییەکاندا بەشدار بوون، دەبلنیان تووشی شەرمەزاری کرد، ئێرلەندایان تووشی شەرمەزاری کرد، هەروەها خێزانەکانیان و خودی خۆیان تووشی شەرمەزاری کرد. ئەم تاوانکارانە لە خۆشەویستیی خۆیان بۆ ئێرلەندا ئەو کارەیان نەکرد، بۆ ئەوەش نەیانکرد تاوەکو خەڵکی ئێرلەندا بپارێزن، لە بەر هیچ هەستێکی نیشتمان پەروەریش نەبوو کە کردیان. بەڵکو ئەو کارەیان کرد چونکە پڕن لە رق و کینە. حەزیان لە تووندوتیژییە، حەزیان لە پشێوییە و حەزیان لە ئازاردانی خەڵکی دیکەیە."
زیادبوونی مەیلی شەقامی ئەوروپی بە لای راستڕۆییدا چاوەڕێدەکرێت لە هەڵبژاردنی حوزەیرانی ساڵی داهاتووی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپادا رەنبگداتەوە و یاسا و سیاسەتی یەکێتییەکە بخاتە بەردەم گۆڕانکارییەوە.
تێگەیشتن لە نیگەرانیی چەپ و میانڕۆکان لە بەهێزبوونی راستڕۆکان لە پەرلەمانەکە زەحمەت نییە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی راستڕۆکان لە دوایین هەڵبژاردنە نیشتمانییەکان لە کۆی 27 وڵات، لە 12 وڵات دەنگیان زیادیکردووە یان بوونەتە بەشێک لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی حکومەت یانیش ئۆپۆزسیۆنێکی کاریگەر. ئەو وڵاتانە بریتین لە ئەڵمانیای گەورەترین ئابووریی یەکێتییەکە؛ هەروەها، فەرەنسا، ئیتاڵیا، سویسرا، هەنگاریا، پۆڵاند، فینلاند، لاتڤیا، سوێد، سربیا، هۆڵەندا و نەمسا.
هەڵبژاردنەکە هەروەها لە کاتێکدا دەبێت کە هێشتا ئەوروپییەکان لەسەر چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆچبەران و دابەشکردنیان بەسەر وڵاتەکانیاندا رێکنەکەوتوون، ئەوەش بە دیاریکراوی ئەو وڵاتانەی پەست و بێزارکردووە کە سنووری دەرەکیی یەکێتییەکە پێکدێنن و ناچاربوون ژمارەیەکی زۆری کۆچبەرانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا وەربگرن.
بە گوێرەی فەرمانگەی ئامارەکانی یەکێتیی ئەوروپا، لە ساڵی 2022، ژمارەی کۆچبەران لە یەکێتیی ئەوروپا گەیشتووەتە 22 ملیۆن و 800هەزار کەس، کە دەکاتە 5.3٪ی دانیشتووانی یەکێتییەکە، واتە بەراورد بە ساڵێک لەوەوپێش، رێژەکەیان نزیکەی 2٪ زیادبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ