جیهان
مایک پێنس، جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەربژێری کشاوە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا. وێنە: Ethan Miller / GETTY IMAGES NORTH AMERICA / AFP
رووداو دیجیتاڵ
مایک پێنس، جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کشانەوەی خۆی لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2024 راگەیاند. پێنس دەڵێت، ئێستا "کاتی من نییە" و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوو، بەربژێری زاڵی پارتی کۆمارییە.
کشانەوەکەی پێنس کتوپڕ بوو
رۆژی شەممە، پێنس لە کۆبوونەوەی ساڵانەی هاوپەیمانیی جووە کۆمارییەکان لە لاس ڤێگاس بەشداربوو و بە چەپڵەڕێزان پێشوازییەکی گەرمی لێکرا بۆ ئەوەی بچێتە سەر سەکۆیەکە و گوتاری خۆی پێشكێش بکات، بەڵام ئامادەبووەکانی تووشی حەپەسان کرد کە دەرفەتەکەی بەکارهێنا بۆ ئەوەی وازهێنانی خۆی لە کێبڕکێیەکە رابگەیێنێت. پێنس بووە یەکەمین بەربژێری دیاری هەڵبژاردنی 2024 کە دەستبەرداری بێت.
کۆمارییە تەمەن 64 ساڵییەکە گوتی، "بۆ من روون بووەتەوە کە ئەمە کاتی من نییە. دوای نزاکردن و بیرکردنەوەیەکی زۆر، بڕیارم داوە هەڵمەتی خۆم بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەڵپەسێرم."
ئەو کشانەوەیە چ لە بابەتەکە دەگۆڕێت؟
شوێن و کاتی راگەیاندنی وازهێنانەکە چاوەڕواننەکراو بوو، بەڵام چاوەڕوان دەکرا مایک پێنس بەو ئەنجامە بگات و نەبێتە رکابەری کۆتایی دژی جۆ بایدنی دیموکرات.
پێنس بۆ ماوەی چوار ساڵ (2016 -2020) وەک جێگرێک، دڵسۆزیی تەواوی خۆی بۆ ترەمپ پێشاندا، تەنانەت لە کاتە هەرە سەختەکانیشدا کاتێک کە ترەمپ رووبەڕووی لێپرسینەوە، ئابڕووچوون و دەستلەکارکێشانەوە و پشتتێکردنی ستافی نزیکی بووەوە.
بەڵام کاتێک ترەمپ گوشاری لە پێنس کرد بۆ ئەوەی لە یارمەتیدانی، هەنگاوێکی دیکە بچێتە پێشەوە و سەرکەوتنی جۆ بایدن لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2020 بە نایاسایی دابنێت، جێگرە گوێڕایەڵەکەی جاران بە تووندی بە روویدا وەستایەوە.
ئەو گوێنەگرتنەی پێنس لایەنگرەکانی ترەمپی توڕەکرد، بە جۆرێک لە کاتی هەڵکوتانە سەر باڵەخانەی کۆنگرێس لە 6ی کانوونی دووەمی 2021 بۆ وەستاندنی پەسندکردنی ئەنجامی دەنگدانەکە، هاواریان دەکرد، "مایک پێنس هەڵبواسن". پێنس ئەو کاتە لای راستڕۆیە تووندڕۆکان بووە کەسێکی نابووت.
ترەمپ لە لێواری بێبەشبوون لە کاری سیاسی گەڕایەوە، دوای ئەوەی لە ژمارەیەک تۆمەتی پەیوەست بە ژیانی دوای پۆستی سەرۆکایەتی رزگاری بوو. ئەوە وایکرد هیوای پێنس بۆ گەیشتن بە کورسیی سەرۆکایەتیی زلهێزی یەکەمی جیهان کاڵ بێتەوە.
پێنس وێڕای ناوبانگی نیشتمانی و چەندین ساڵ ئەزموون لە واشنتن، هەڵمەتی بانگەشەکەی لاواز بوو. ئەگەر رۆژی شەممە نەکشابایەوە، دەبووایە ئارەقی شەرمەزاریی بانگهێشتنەکردنی بۆ دیبەیتی بەربژێرە سەرەکییەکان لە شاری مەیامی لە 8ی تشرینی دووەم بڕژێت، چونکە لە راپرسییەکاندا، ناوی لە خواری خوارەوە دێت.
لە راپرسییەکی دامەزراوەی پەخشی ئەمریکی ABCـدا، ترەمپ 56.9٪ی دەنگەکانی مسۆگەرکردووە، لە کاتێکدا پێنس تەنیا 3.8٪ی دەستکەوتووە.
چوونەدەرەوەی پێنس رێگەکە کەمێک خۆشتر دەکات لە بەردەم رکابەری سەرەکیی ترەمپ، کە ئەویش رۆن دێسانتیس، حاکمی ویلایەتی فلۆریدایە، ئەگەرچی ئەویش ئەگەرێکی ئەوتۆی نییە بتوانێت ترەمپ ببەزێنێت؛ لە راپرسییەکەدا 14.1٪ی بەدەستهێناوە.
ماوەیەکی کەم دوای ئەوەی پێنس کشانەوەی خۆی راگەیاند، دێسانتیس لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسەوە رایگەیاند، جێگری سەرۆکی پێشوو "کەسێکی خاوەن بەها و بڕوادارە و کۆڵنەدەرانە بۆ سەرخستنی پرسی نەریتخوازەکان کاریکردووە."
رکابەرایەتیی دێسانتیس لەگەڵ نیکی هەیڵی، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکانە لەسەر ئەوەی کە کامیان لە دوای ترەمپ دەبێتە دووەم. هەیڵی شەش خاڵ لە دوای دێسانتیسەوەیە، واتە 8٪ی دەنگی راپرسییەکەی بەدەستهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ