رووداو دیجیتاڵ
لەدوای ئەوەی شمشێر بەدەستێک هێرشدەکاتە سەر کۆمەڵە کەسێک لە لەندەن، منداڵێک دەکوژرێت و چوار کەسی دیکەش بریندار دەبن.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، پۆلیسی لەندەن رایگەیاند، هێرشەکە لە ناوچەی هەینۆڵتی باکووری رۆژهەڵاتی لەندەن کراوە؛ ئەو منداڵەی کوژراوە، کوڕێکی تەمەن 13 ساڵانە.
لەدوای هێرشەکە، لە ماوەی کەمتر لە کاژێرێک پۆلیس دەستگیرکردنی هێرشکارە تەمەن 36 ساڵەکەی راگەیاند.
چەند شایەتحاڵێک بە کەناڵی بی بی سیی بەریتانییان گوتووە، هێرشکارەکە شمشێرێکی بەدەستەوە بووە، بەنێو شەقامەکاندا سووڕاوەتەوە و پەلاماری چەند کەسێکی داوە.
بەگوێرەی شایەتحاڵان، هێرشکارەکە پێش کاژێر 7:00ـی بەیانی بە کاتی لەندەن (9:00ـی بەیانی بەکاتی هەولێر) بە شمشێرێکی لە جۆری سامووڕای لە ناوچەی هەنۆڵت دەرکەوتووە.
ستیوارت بێڵ، ئەفسەری پۆلیس لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا هێرشەکەی بە "زۆر ترسناک" ناوبرد: "لێکۆڵینەوەمان لە رووداوەکە دەستپێکردووە. هێرشەکە پێناچێت هێرشێکی تیرۆریستی بێت."
بێڵ راشیگەیاند، لەو پێنج کەسەی سەرەتا بریندار کراون، سێیان خەڵکی سڤیل بوون، لەنێویدا کوڕە تەمەن 13 ساڵانەکە و دووانی دیکەش کارمەندی پۆلیس بوون.
گوتیشی کە بریندارەکان ئێستا لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن; داواش لە خەڵکی و شایەتحاڵان دەکات زانیارییان لەسەر رووداوەکە پێبدەن.
ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە پۆستێکی ئێکسدا هێرشەکەی بە "شۆکهێنەر" ناوبرد و گوتی: "ئەم جۆرە تووندوتیژییانە شوێنیان لە شەقامەکانماندا نابێتەوە."
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی بەریتانیا، لە ساڵی 2023 دا تاوانی هێرشکردن بە چەقۆ 20٪ زیادی کردووە، بەجۆرێک لەو ساڵەدا 14 هەزار و 577 تووندوتیژیی لەوجۆرە تۆمارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ