رووداو دیجیتاڵ
دوو هێلیکۆپتەری سەربازیی ئەمریکی لە ویلایەتی کەنتاکی لە کاتی مەشق و راهێناندا خۆیان بەیەکدا کێشا و بەهۆیەوە نۆ سەباز گیانیان لەدەستدا.
رۆژی پێنجشەممە، 30ـی ئاداری 2023، موقەدەم ئانتۆنی هۆفلەر، گوتەبێژی یەکەی 101ـی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا گوتی، هەردوو هێلیکۆپتەرەکە لە بنکەکەیانەوە فڕیون و دواتر خۆیان بەیەکدا کێشاوە و بەهۆیەوە لانیکەم نۆ سەرباز گیانیان لەدەستداوە.
هۆفلەر گوتیشی: رووداوەکە کاژێر 22:00ـی رۆژی چوارشەممە بەکاتی نێوخۆ [6:00ـی بەیانیی رۆژی پێنجشەممە بەکاتی هەولێر] لە ناوچەی تریگی کەنتاکی روویداوە.
یەکەی 101ـی هێزی ئاسمانی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ستافەکان لە راهێناندا بوون و دوو فرۆکەی بلاک هۆکی جۆری HH60 فڕانادووە و دواتر بەریەککەوتوون. گوتیشی " لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکرێت".
ئاندی بێشیار، حاکمی ویلایەتی کەنتاکی رووداوەکەی بە "تراژیدیا" ناوبرد و چووە شوێنی رووداوەکە بۆ ئەوەی "هاوخەمیی خۆی بۆ خێزانی سەربازەکان دەرببڕێت".
یەکەکە، لە ساڵی 1991 دا لە جەنگی کەنداو بەشدار بووە و لە ساڵی 2003شدا لە کاتی هێرشی ئەمریکا بۆ عێراق لە چوارچێوەی هێزی ئاسمانیی ئەمریکادا بەشداربووە.
بنکەی یەکەی 101ـی هێزی ئاسمانی دەکەوێتە قەلای کامپبێل. یەکەکە، نازناوی "قیژەی هەڵۆکانی" هەیە و لە ئابی ساڵی 1942 چالاککراوە و لە جەنگی دووەمی جیهانیشدا بەشدار بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ