ئەمریکا بە تووندی سەرکۆنەی لەسێدارەدانی چوار کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات

30-01-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمریکا لەسێدارەدانی چوار زیندانیی سیاسیی کورد لە لایەن ئێرانەوە "بە توندی" سەرکۆنە دەکات و بە "پشتگوێخستنی زەقی" مافەکانی مرۆڤ دایدەنێت. 
 
نووسینگەی نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران رۆژی سێشەممە، 30ـی کانوونی دووەمی 2024، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا رایگەیاند: "ئێمە بە تووندی رژێمی ئێران سەرکۆنە دەکەین لە بەرامبەر لەسێدارەدانی چوار پیاوی کوردی ئێرانی دوای هەواڵی ئەشکەنجەندان و دادگاییکردنی ناداپەروەرانەیان."
 
نووسینگە دیپلۆماسییەکە کە سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە، دەشڵێت: "ئەم لەسێدارەدانە پشتگوێخستنی زەقی رژێم بۆ مافەکانی مرۆڤ پێشاندەدات. لە بەرامبەر پێشێڵکردنی مافەکانی مرۆڤ، بەردەوامدەبین لە لێپرسینەوە لە ئێران."
 
ئەوە لە کاتێکدایە کە بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ مۆساد، سزای لەسێدارەدانی بەسەر چوار پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێراندا جێبەجێکرد. 
 
چوار زیندانییە کوردەکە ناویان، وەفا ئازەربار، موحسین مەزڵوم، پژمان فەتحی و محەممەد فەرامەرزی بوو. 
 
بەگوێرەی ماڵپەری میزان کە سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانە، ئەو زینداییە سیاسییانە لە گرتووخانەی قزلحەساری شاری کەرەج لەسێدارەدران.
 
مەسعود شەمس نەژاد، پارێزەری ئەو چوار کەسە، گوتوویەتی، رەوتی دادگایکردنی ئەوان و سزاکانیان "نادادپەروەرانە بووە، مافەکانیان رەچاو نەکراون" و رێگە نەدراوە داکۆکییان لێبکات. 
 
وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران هاوینی ساڵی 2023 رایگەیاند، ئەوان پەیوەندییان بە "مۆساد - دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل"ـەوە هەیە و "بە مەبەستی تەقاندنەوەی کارگەیەکی سەربازیی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئێران لە شاری ئیسفەهان، لە رێگەی نایاساییەوە هاتوونەتەوە نێو خاکی ئێرانەوە." 
 
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کەسوکاریان ئەو تۆمەتەی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانیان رەتکردەوە. 
 
وەفا ئازەربار، موحسین مەزڵوم، پژمان فەتحی و محەممەد فەرامەرزی رۆژی 23-06-2023 لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیر کران و لەلایەن لقی 26ـی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە تۆمەتی "موحاڕەبە (شەڕ لەگەڵ خودا) و سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرا. 
 
لە کاتی دەرکردنی سزاکەدا ناڕەزایەتی زۆری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چالاکڤانانی سیاسی و مەدەنی بەڕێوەچوو. 
 
چوار زیندانییەکە تەنیا رۆژێک پێش جێبەجێکردنی سزاکەیان و بۆ دوایین جار رێگە بە کەسوکاریان درا چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا بکەن. 
 
موحسین مەزڵووم، تەمەن 27 ساڵ و خەڵکی مەهابادە؛ محەممەد (هەژیر) فەرامەرزی، تەمەن 28 ساڵ و خەڵکی دێولان؛ وەفا ئازەربار، تەمەن 26 ساڵ و خەڵکی بۆکانە و پژمان فەتحی، تەمەن 28 ساڵ و خەڵکی کامێرانە. 
 
جوانا تەیمەسی، هاوژینی موحسین مەزڵوم رۆژی یەکشەممە، 28-01-2024 بە رووداوی گوت، پژمان فەتحی لە دوایین چاوپێکەوتندا بە کەسوکاری گوتووە، "ئێمە لەسێدارە دەدەن، بەڵام ئەم مەرگە مەرگێکی سەربەرزانەیە و داوام دەکەم شین نەگێڕن، رەش نەپۆشن و ورەتان بەرز بێت."  
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە