ترەمپ: ببمە سەرۆکی ئەمریکا لە 24 کاژێردا رێککەوتنی ئاشتی لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا دەکەم

30-01-2023
لهۆن نەسرەدین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رەخنە لە بایدن دەگرێت و دەڵێت، "بەهۆی لاوازی و بێتواناییەوە جیهانی بردووەتە سەر لێواری جەنگی جیهانیی سێیەم." دەشڵێت، ئەگەر ببێتە سەرۆک دەتوانێت لە 24 کاژێردا رێککەوتنی ئاشتی لەنێوان رووسیا و ئۆکراینادا بکات.
 
شەوی 28-01-2023 و لە کاتی دەستپێکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2024 کە لە ویلایەتی ساوس کارۆلاینا ئەنجامیدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، جۆ بایدنی سەرۆکی ئێستای ئەمریکای بە "کەسێکی لاواز و بێ توانا" ناوبرد و بە هۆکاری نزیکبوونی دەستپێکردنی جەنگی جیهانیی سێیەمی ناوبرد، دەشڵێت، "کە من بوومە سەرۆکی ئەمریکا، دەتوانم لە رێگەی هێزەوە ئاشتی بهێنمەوە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ترەمپ ئاماژەی بەوە کردوووە، "ئەگەر من سەرۆک بوومایە، هەرگیز رووسیا شەڕی ئۆکراینای نەدەکرد و هیچ دەرفەتێک نەدەبوو بۆ هەڵگیرسانی شەڕەکە."
 
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا پێیوایە، ئێستاش سەرەڕای ئەو هەموو قوربانی و وێرانییەی کە لە ئۆکراینا هەیە، "لە ماوەی 24 کاژێردا دەتوانم رێککەوتنی ئاشتی بکەم، کە هەردوو وڵاتی رووسیا و ئۆکراینا کۆبکاتەوە."
 
ترەمپ دەشڵێت، رێککەوتنی ئاشتی "لەوێیە و چاوەڕێی کەسێكە ئەنجامی بدات، بەڵام جگە لە ئەو، کەس نییە بتوانێت ئەو کارە بکات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە