رووداو دیجیتاڵ
ئەفریقای باشوور لە دادگەی دادی نێودەوڵەتیی لە شاری لاهای هۆڵەندا، بە تۆمەتی جینۆسایدکردنی خەڵکی غەززە، سکاڵای لەسەر ئیسرائیل تۆمارکرد. ئیسرائیل دۆسیەکە بە تووندی رەتدەکاتەوە.
ئەفریقای باشوور لە سکاڵاکەیدا، ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات بەوەی، پێشتر و ئێستاش جینۆساید لە دژی خەڵکی فەلەستین لە غەززە دەکات و مەترسی هەیە لە داهاتووشدا بیکات.
وڵاتە ئەفریقییەکە هەروەها باسی لەوە کردووە، ئیسرائیل "بە مەبەست دەیەوێت فەلەستینییەکانی غەززە لە نێوببات."
ئیسرائیل تۆمەتەکەی رەتکردەوە. لیۆر هایات، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "ئیسرائیل بە قێزلێکردنەوە، ئەو تۆمەتە خوێناوییە رەتدەکاتەوە کە لەلایەن ئەفریقای باشوور و سکاڵانامەکە" بڵاوکراوەتەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە کە بەهۆی بۆردوومان و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە سڤیلنشینەکانی غەززە، لانیکەم 21 هەزار و 507 کەس کوژراون کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
جەنگەکە کە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەم دەستیپێکرد، ماوەی 84 رۆژە بەردەوامە، بەشێکی بەرفراوانی باکووری کەرتی غەززە تەختی زەوی کراوە و هێرشی زەوینی ئیسرائیلیش لەسەر نێوەڕاست و باشووری کەرتەکە چڕبووەتەوە.
لە هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمدا، بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، چەکدارانی حەماس نزیکەی هەزار و 140 کەسیان کوشت و نزیکەی 250ی دیکەیان بە بارمتە گرتن کە نیوەیان هێشتا لە غەززەن.
حەماس هۆکاری هێرشەکەی گەڕاندەوە بۆ هەراسانکردن و کوشتنی هاووڵاتیانی فەلەستینی لە کەرتەکانی رۆژئاوا و غەززە، هەراسانکردنی موسڵمانان لە مزگەوتی ئەقسا لە قودس - ئۆرشەلیم و دەربەدەرکردنی فەلەستینییەکان و زەوتکردنی ماڵ و موڵکەکانیان لە لایەن جووە هاوردەکانەوە.
بە گوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، پێش شەڕەکە، لە سەرەتای ساڵی 2023 تاوەکو رۆژێک پێش هێرشەکەی حەماس، 34 فەلەستینی لە کەرتی غەززە و 199ی دیکەیان لە کەرتی رۆژئاوا بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل کوژرابوون. لە هەمان ئەو ماوەیەدا چوار ئیسرائیلی بە دەستی فەلەستینییەکان کوژرابوون.
ساڵی 2022، لە کەرتی غەززە 33 کەس و لە کەرتی رۆژئاواش 154 کەس بە گوللـەی ئیسرائیلییەکان کوژرابوون، لە کاتێکدا لە ئیسرائیل چوار کەس بە دەستی فەلەستینییەکان کوژرابوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ