باڵیۆزخانەی ئەمریکا: ئەمشەو دەبینن کە چۆن دەکرێت وەرزش سیاسەت تێپەڕێنێت و گەلان یەکبخات

29-11-2022
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا راگەیێندراوێکی لەبارەی یارییەکەی ئەمشەوی نێوان هەڵبژاردەی ئێران و ئەمریکا بڵاوکردەوە و  دەڵێت، ئەمشەو دەبینن کە دەکرێت وەرزش سیاسەت تێپەڕێنێت و گەلان یەکبخات. 
 
لە راگەیێندراوەکەی ئەمڕۆی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هاتووە: "یاریی ئەمشەوی نێوان هەڵبژاردەی ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوتا ئێرانییەکەی، یەکێکە لە دیارترین یارییەکانی جامی جیهانی ( لانیکەم سەبارەت بە فەرمانبەرانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا)".
 
لە راگەیێندراوێکدا هاتووە، "بە دەنگی بەرز و بەوپەڕی شانازییەوە دروشم و هانی هەڵبژاردەی ئەمریکا دەدەین، بەڵام ئەوەش دەزانین هەر هەڵبژاردەیەک کە یاری دەکات گەلەکەی شانازی پێوەدەکات".
 
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دەشڵێت: "ئەمشەو دەبینن کە چۆن دەکرێت وەرزش سیاسەت تێپەڕێنێت و گەلان یەکبخات". 
 
هەردوو هەڵبژاردە کاژێر 10ی ئەمشەو بەرامبەر یەکدی یاری دەکەن. 
 
ئێران بە دۆڕانێکی گەورە بەرامبەر ئینگلتەرا چووە نێو کەشوهەوای مۆندیال، بەڵام دوای ئەوەی سەرکەوتنی بەرامبەر وێڵز بەدەستهێنا و هیواکانی بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو زیندوو کردەوە. ئەمڕۆ هەڵبژاردەکە بەیەکسانبوونیش هەلێکی گەورەی دەبێت بۆ ئەوەی بۆ جاری یەکەم لە مێژووی قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیال ببڕێت کە پێشتر لە شەش بەشدارییدا نەیتوانیوە ئەمە بکات.
 
ئەمریکا پێکهاتەیەکی لاو و بەهێزی لە رووی جەستەییەوە هەیە. ئەوان دوای ئەوەی لەگەڵ ئینگلتەرا یەکسانبوون، دووەم خاڵیان لە مۆندیالدا بەدەستهێنا و ئەرکی ئەوان لە ئێران قورسترە، چونکە جگە لە بردنەوە هەڵبژاردەکە بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو هیچ رێگەیەکی دیکەی لەبەردەم نییە. 
 
ئێران و ئەمریکا دووەمجارە لە مۆندیالدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە. لە 1998 ئێران بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە ئەمریکای بردەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەلبانیا دەڵێت، تیکتۆک دەبێتە هۆی تووندوتیژی لە وڵاتەکەی. وێنە: Reuters

حکومەتی ئەلبانیا بۆ ماوەی ساڵێک تیکتۆک رادەگرێت

سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا رایگەیاند، بەهۆی بڵاوکردنەوەی تووندوتیژی و هەراسانکاری، بۆ ماوەی ساڵێک خزمەتگوزارییەکانی تیکتۆک رادەگرن. دەشڵێت، کۆمپانیاکە جیاوازی لەو بابەتانە دەکات کە پێشانی منداڵانی وڵاتەکەی لەگەڵ منداڵانی چینی دەدات.