جیهان
جینا رایمۆندۆ لەلای راستەوە لەکاتی قسەکردن لەگەڵ وانگ وێنتاو وەزیری بازرگانیی چین لە 28ـی 8ـی 2023 لە پەکین وێنە: AP Photo/Andy Wong, Pool
رووداو دیجیتاڵ
لە سێیەم رۆژی سەردانی جینا رایمۆندۆ، وەزیری بازرگانیی ئەمریکا بۆ پەکین، ئەمڕۆ بەرپرسانی ئەمریکا و چین دەست بە خولێکی نوێی دانوستاندن لەسەر پرسە بازرگانییەکانی نێوانیان دەکەن.
ئەم سەردانە، دوایین سەردانی بەرپرسێکی باڵای ئەمریکییە لەم مانگانەی دواییدا، لە کاتێکدا واشنتن هەوڵدەدات گرژییەکان لەگەڵ دووەم گەورەترین ئابووریی جیهان (چین) کەمبکاتەوە.
رۆژی دووشەممە، وەزیری بازرگانیی ئەمریکا لەگەڵ وانگ وێنتاوی هاوتا چینییەکەی کۆبووەوە و هەردوولا لەسەر پێکهێنانی تیمێک بۆ کارکردن لەسەر ناکۆکییە بازرگانییەکانی نێوانیان رێککەوتن.
هەروەها لەسەر میکانزمێک رێککەوتوون بۆ ئاڵۆگۆڕکردنی زانیاری لەسەر جێبەجێکردنی رێوشوێنەکانی پەیوەست بە هەناردەکردن، ئەوەش بۆ ئەو شتەی کە بە "کەمکردنەوەی هەڵەتێگەیشتن لە سیاسەتی ئاساییشی نیشتمانیی ئەمریکا" ناوبردراوە.
ئەمڕۆ، بۆ یەکەمین جار بەمەبەستی ئاڵۆگۆڕکردنی زانیاری، بەرپرسانی هەردوولا لە وەزارەتی بازرگانیی چین لە پەکین کۆدەبنەوە، ئەمە وەک واشنتن باسی دەکات.
لە راگەیێندراوێکدا لە بارەی گفتوگۆکان، وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا رایگەیاند "وەزیر رایمۆندۆ جەختی لەسەر گرنگیی دڵنیاییدان لە هەبوونی هێڵی کراوەی پەیوەندی لەنێوان ئەمریکا و چین و گرتنەبەری هەنگاوی کۆنکرێتی بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکان کردەوە."
بەڵام پەکین گوتی، وانگ "نیگەرانیی گەورە"ـی چینی لە بارەی ئەو بەربەستانە دەربڕیوە، کە ئەمریکا خستوونەتییە بەردەم کۆمپانیاکانی چین، لەوانەش پێناسە گومرکییەکانی ئەمریکا لەسەر کەلوپەلی چینی، سیاسەتەکانی واشنتن بۆ نیمچەگەیێنەرەکان، کۆتوبەندەکانی سەر وەبەرهێنانی دوولایەنە، یارمەتییە جیاکارییەکان حکومەت بۆ بازرگانییەکان و سزاکانی سەر دامەزراوە چینییەکان، ئەمە وەک لە راگەیێندراوە چینییەکەدا ئاماژەی پێ دراوە.
واشنتن بەرگری لە سیاسەتەکانی دەکات و دەڵێت، لە پێناو "کەمکردنەوەی مەترسی" لەسەر زنجیرەکانی دابینکردنی کەلوپەلەکانی، پەیڕەویان دەکات.
بەڵام وانگ هۆشداریی دا کە ئەو رێبازەی واشنتن گرتوویەتیەبەر "دژی یاساکانی بازاڕ و بنەماکانی رکابەرایەتیی دادپەروەرانەیە و تەنیا زیان بە ئاسایش و سەقامگیریی زنجیرەکانی پیشەسازی و گەیاندنی کەلوپەلی جیهان دەگەیێنێت."
بڕیارە هەر لە رۆژی سێشەممە، رایمۆندۆ لەگەڵ هێ لیفێنگ، جێگری سەرۆکوەزیران و هو هێپینگ، وەزیری رۆشنبیریی چین کۆبێتەوە و سەردانێکی دۆستانەی لی کیانگ، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە بکات.
دواتر بەرەو شەنگهای، ناوەندی ئابووریی چین دەچێت پێش ئەوە ی رۆژی چوارشەممە وڵاتەکە جێبێڵێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ