سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا لەبارەی کۆچبەران و ئۆکرایناوە کۆبوونەوە

30-06-2023
زنار شینۆ
زنار شینۆ @ZinarShino
ئاڵای بەشێک لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا
ئاڵای بەشێک لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆک و سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەند پرسێک کۆبوونەوە. 
 
پێشکێشکردنی هاوکاریی زیاتر بۆ ئۆکراینا، رەوشی ئابووریی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ چین و سیاسەتی کۆچبەری مژارەکانی کۆبوونەوەکە بوون. 
 
سیاسیەتی کۆچبەری لە فینلاند هۆکاری سەرەکیی پێکهێنانی کابینەی حکومەت بوو. سەرۆکوەزیرانی فینلاند بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: دۆخی ناوچەی دەریای نێوەڕاست زۆر خراپە. 
 
پێتێری ئۆرپۆ، سەرۆکوەزیرانی فینلاند گوتی: ئەمە لە بەرنامەی کاری حکومەتە نوێیەکەماندا هەیە و دەستمان بەکار کردووە بۆی. بەڵام بە دڵنیاییەوە پێویستمان بە رێکاری هاوبەش و هاوسۆزی هەیە. دۆخەکە لە دەریای نێوەڕاست و وڵاتانی سەر ئەو دەریایە زۆر سەختە. من زۆر بە باشی ئاگاداری ئەو کێشەیەم، چونکە لە ساڵی 2015 و 2016دا وەک وەزیری نێوخۆ کارمکردووە و دەزانم چ قەیرانێک دروست دەکات. بۆیە هەموو سەرکردەی وڵاتانی ئەندام بەیەکەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی تاهەتایی کاردەکەین."
 
سەرۆکوەزیرانی سوێد لە وەڵامی رووداودا رایگەیاند کە پێی باشە رێگری لە چوونی کۆچبەری زیاتریی "نایاسایی" بکرێت. 
 
ئولف کریستەرسۆن، سەرۆکوەزیرانی سوێد گوتی، "پێموایە ئەوە زۆر زۆر گرنگە کە بەڕاستی ئەو خەڵکە بپارێزین کە دێنە نێو یەکێتیی ئەوروپاوە. بەڵام ناتوانین رێگە بە بەردەوامبوونی ئەو دۆخە بدەین کە خەڵک بەبێ رێگەدان بێنە ئەوروپاوە و لە دۆخێکدا بژین کە جێگەی قبووڵکردن نییە. بۆیە ئێستا ئەمە یەکێک لە تێڕوانینە سەرەکییەکانە لە یەکێتیی ئەوروپا کە پێویستە چارەسەرێک بۆ بابەتی کۆچبەران بدۆزینەوە، بۆیە پێموایە کارێکی باش دەکەین."
 
لودۆڤیت ئۆدۆر، سەرۆکوەزیرانی بولگاریا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە پاڵپشتیکاری گەورەی هاوئاهەنگیی هاوبەشین لەگەڵ وڵاتانی بنەڕەت، هەربۆیە ئێمە پاڵپشتیی لە دیالۆگی زۆر نزیک لەگەڵ وڵاتانی باڵکانی رۆژئاوا دەکەین و ئامادەیی خۆمان بۆ خێراکردنی پرۆسەی یەکخستنەوەی وڵاتانی باڵکانی رۆژئاوا داوە، چونکە ئەمە تەنیا کێشەی بەردەم ئابووری نییە، بەڵکو مەترسی جیۆسیاسیش بۆ یەکێتیی ئەوروپا دروست دەکات."
 
ئۆرسولا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، "ئەو تراژیدیایەی لە دەریای نێوەڕاست روویدا، جارێکی دیکە ئەوەی نیشاندایەوە قاچاخچییەکان چەند بەبێ بەزەییانە کاردەکەن. من سێ راپۆرت بۆ بەهێزکردنی سنوورەکانمان پێشکێش دەکەم، تاوەکو بتوانین هەمان شێوازی بەڕێوەبەریی و پاراستنمان لەسەر تەواوی سنووری دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا هەبێت. دووەمیان لەبارەی رووبەڕووبوونەوەمانە لەگەڵ قاچاخچیی و بازرگانانی مرۆڤ. سێیەمیشیان پێکدێت لە وەبەرهێنان لە سەقامگیرکردنی ئابووری ئەو وڵاتانەی کۆچبەری لێوە دێن، چونکە ئەوە باشترین رێگەیە بۆ دڵنیابوون لەوەی کۆچکردنی هاوسەنگ و یاسایی دروستببێت و رێگەیەکە بۆ شەڕکردن لە دژی چالاکیی قاچاخچییەکان."
 
سیاسەتی کۆچ و کۆچبەرانی یەکێتیی ئەوروپا یەکێکە لە ئاڵۆزترین و پڕ ناکۆکیترین مژارەکان کە رێککەوتن لەسەر میکانیزم و سیستمێکی هاوبەش زەحمەتە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە