رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی سەرۆکی وڵاتەکە واژۆی لەسەر کرد، یاسای نوێی وڵاتینامەی ئەڵمانیا لە مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە، کە لە پاڵ ژمارەیەک گۆڕانکاری، رێگە بە بیانییەکان دەدات لە کاتی وەرگرتنی وڵاتینامەی ئەڵمانیدا، دەستبەرداری وڵاتینامەی یەکەمیان نەبن.
بە گوێرەی یاسا نوێیەکە کە 26ی حوزەیرانی ئەم ساڵ دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە، هەر هاووڵاتیێکی ئەڵمانی بۆی هەیە زیاتر لە یەک وڵاتینامەی هەبێت، واتە ئەگەر کەسێک وڵاتینامەی ئەڵمانیا بەدەستبێنێت، ئەوا دەتوانێت پارێزگاری لە وڵاتینامەی یەکەمی بکات. یان ئەگەر هەڵگری وڵاتینامەی ئەڵمانی وڵاتینامەی وڵاتێکی دیکە بەدەستبێنێت، دەتوانێت بە هاووڵاتی ئەڵمانی بمێنێتەوە و دەستبەرداری ناسنامە ئەڵمانییەکەی نەبێت.
یاساکە هەروەها ئاسانکاری بۆ کۆچبەران دەکات بۆ ئەوەی زووتر لە جاران وڵاتینامەی ئەڵمانی وەربگرن، بە شێوەیەک هەر کەسێک کە مەرجەکانی تێدا بێت، دەتوانێت دوای 5 ساڵ لە مانەوەی یاسایی لە ئەڵمانیا، وڵاتینامە وەربگرێت؛ پێشتر هەشت ساڵی پێویست بوو. ئەوانەشی کە بە باشی "ئاوێتەی کۆمەڵگەی ئەڵمانی دەبن،" دەکرێت دوای 3 ساڵ وڵاتینامەکە وەربگرن؛ پێشتر بۆ ئەو کەسانە 6 ساڵی پێویست بوو. ئەم ئاسانکارییەش ئەوانە دەگرێتەوە کە زمانی ئەڵمانی بە باشی فێربوون، پێشینەی یاسایی خراپیان نییە یانیش لە خوێندنگە ئاستێکی بەرز پێشاندەدەن.
هەروەها ئەو کرێکارە بیانیانەی بە گرێبەستی کۆماری ئەڵمانیای دیموکراتی پێشوو (ئەڵمانیای رۆژهەڵات 1949 - 1990) پێشتر کاریان کردووە، پێویستیان بە بڕوانامەی یان تاقیکردنەوەی نووسراوی زمان نییە بۆ بەدەستهێنانی وڵاتینامە، بەڵکو تەنیا تەنیا تاقیکردنەوەی زارەکییان پێ دەکرێت. ئەم مەرجە هاوژینەکانیشیان دەگرێتەوە.
بە گوێرەی یاسا نوێیەکە، هەر کەسێک بیەوێت ببێتە هاووڵاتیی ئەڵمانی، پێویستە بتوانێت خۆی و خێزانەکەی بەخێوبکات. ئەم مەرجە کرێکارە کاتییەکان و ئەوانەشی بە گرێبەستی ئەڵمانیای رۆژهەڵات کاریان کردووە ناگرێتەوە.
یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی دیکە بۆ هەر کەسێک، پابەندبوونە بە سیستمی دیموکراسیی ئەڵمانیا، لە نێویاندا داننان بە بەرپرسیارێتیی مێژوویی ئەڵمانیا بەرامبەر بە دەسەڵاتی نازییەکان و لێکەوتی کارەکانی، بە تایبەتیش پاراستنی جووەکان و بەڵێندان بەوەی کە هێرشیان ناکاتە سەر و هیچ شتێکیان لە دژ ناکات.
ئەو یاسایەی کە لە مێژە چاوەڕوانی دەرچوونی دەکرێت
واژۆکەی فرانک واڵتەر شتانمایەر، سەرۆکی ئەڵمانیا لەسەر یاساکەیە، دوای مقۆمقۆیێکی دوور و درێژی پەرلەمانی ئەو وڵاتە دێت لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای وڵاتیبوون کە چەندین جار دەنگدان لەسەری دواخرا پێش ئەوەی لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵ لە ئەنجوومەنی نوێنەران (بۆندستاگ) و شوبات لە ئەنجوومەنی فیدڕالی (بۆندسغات) پەسەند بکرێت.
ئێستا 11 ملیۆن کۆچبەری بێ وڵاتینامەی ئەڵمانی لە ئەڵمانیا دەژین و مافی دەنگدانیان نییە.
نانسی فیزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا دەڵێت، "زۆر کۆچبەر هەست دەکەن ئەڵمانین، بەڵام نایانەوێت بە تەواوی پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتی بنەڕەتیان ببڕن. لە داهاتوودا، چیدیکە ناچار ناکرێن دەستبەرداری بەشێکی ناسنامەی خۆیان بن. ئێمە ئەم پێچە لەمێژینە چاوەڕوانکراوە دەکەین و رێگە بە فرەوڵاتیبوون دەدەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ