رووداو دیجیتاڵ
ئەندامانی (گرووپی شیاو چێ هوی) وەک نەریتێکی ساڵانە، بە جلی فۆلکلۆرەوە بۆ ماوەی 10 رۆژ بە گوندەکانی رۆژهەڵاتی چین دەگەڕێن و دەهۆڵی شادی و خۆشی دەکووتن و بانگی سەری ساڵی چینی، هاتنەوەی بەهار دەدەن.
ژانگ گوانگ یۆنگ: سەرۆکی گرووپەکە دەڵێت، "هەموومان لە خزمەت فێستیڤاڵە گەورەکانی چینین. خەڵک دێن بۆ چێژوەرگرتن لە مۆسیقای تەپڵ زۆربەی مۆسیقاکان بێ تەپڵ ئەدا ناکرێن. تەپڵ سەرەتایەکە، تەپڵ ئامێری مۆسیقایە کە هێمای خۆشی فێستیڤاڵە گەورەکانی چینە. ماوەی 20 ساڵە ئەم یانە بچووکەم دامەزراندووە، رۆژانە بێ وەستان کار دەکەین. هەموو نیوەڕۆیەک خەڵکی ئاسایی دەورمان لێدەدەن."
سەمای بە کۆمەڵ لە گوند و لادێکانی چین نەریتێکی کۆنە، لە سەری ساڵی نوێ ئەوان پێکەوە بە میوزیک، هەڵپەرکێ و سەما هیوا دەخوازن بۆ ئەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی باشیان لەو ساڵەدا دەست بکەوێت. بە نیشاندانی ئامرازی رەنگاوڕەنگ و سەمای جیاواز و بەرهەمی کشتوکاڵی.
هەرچەندە چینییەکان لەو پەڕی تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنن، بەڵام بە هەموو جۆرێک گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ دەدەن، لەڕووی هونەری تاوەکو دەگاتە ئامراز و ئامێری تەکنەلۆژی.
(چوون جیێ) یان فێستیڤاڵی بەهار گەورەترین و گرنگترین جەژنی چینییەکانە و مێژووەکەی بۆ سێ هەزار ساڵ پێش دەگەڕێننەوە و ساڵی رابردوو چووە نێو میراتی کەلەپووریی یونسکۆوە.
وانگ کۆنگ مینگ، جووتیارێکی ناوچەکەیە و باس لەوە دەکات: "ئێمە تیمی سەمای ئەژدیهاین لە گوندی یۆنگڵ، قەزای تۆنگژۆ. ناومان تیمی سەمای فڕینی ئەژدیهایە، کە رۆحی ساڵی مار بەرجەستە دەکەین و سەما خەڵکی "یونگل" دڵخۆش دەکات. تیمەکەمان تەمەنیان لە 50 بۆ 70 ساڵە، و ئێمە هەموو رۆژێک وەرزش دەکەین بۆ پاراستنی تەندروستیی باش و دڵخۆشیمان بۆ بەشداریکردن لە ساڵی ماردا. لە ساڵی ماردا دڵخۆشین و هیوای دڵخۆشی بۆ ئەکتەرەکانمان دەخوازین."
ئەوەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت پێی دەڵێن، "سەمای گۆو چیاو" لە نەریتی چینیەکان چالاکییەکی زۆر باوە و لەسەری ساڵی چینی ئەنجامدەدرێ لەسەر دووداری بەرز بە مانای هێز و بەرزی دێ لە کوولتوری چینییەکان، بە تایبەت لە گوندە دوورە دەستەکان ئەم چالاکییانە ئەنجام دەدرێت.
ئاهەنگەکانی سەری ساڵ 15 رۆژن و 8 رۆژیان پشووی گشتییە. ئەوەش بووەتە دەرفەتێک بۆ کۆبوونەوەی خێزان. یوان و فانگ زیاتر لە 70 ساڵە پێکەوەن. ماسی، دومپلینگ و ماکارۆنیان بەخۆشی هاتنەوەی منداڵەکانیان لێناوە.
فانگ چینگلی گوتی: "منداڵەکان هەموویان گەڕاونەتەوە، پیر و گەنج، دڵخۆشن کە ساڵی نوێی چینی هاتووە. ساڵی نوێی چینی خۆشە، دڵخۆشین، هەموو شتێک باشە، هەموو منداڵەکانیش گەڕاونەتەوە. سێ کوڕ و کچێک و پێنج نەوەم هەیە. چەند ساڵە لێرە دەژیم، من لە تەمەنی 18 ساڵیدا هاتم و لە ئێستاوە تەمەنم 90 ساڵە.
فانگ جینگجینگ، ژمێریارە لەبارەی ساڵی نوێی چینییەوە دەڵێت: "من لە دوور کار دەکەم، بۆ ساڵی نوێی چینی گەڕاومەتەوە. پێشوەختە چەندین کەلوپەلی سەری ساڵمان ئامادە کردووە، چەند کارەکتەری بەختەوەرمان رازاندووەتەوە و ئامادە دەکردووە، دوای خوانی خێزانی، دەچینە پێشانگەی پەرستگاکان، کۆشکەکانی سەر شەقامەکان و، دەریاچەی لۆنگتان بۆ بینینی هونەری نەریتی و کوولتوری کاری دەستی نەریتی."
رۆژمێری چینی تێکەڵەیەکی رۆژمێری هەتاوی و رۆژمێری مانگییە. هەر بۆیە سەری ساڵی چینی بگۆڕە و ساڵانە لەنێوان 21ی یەک تاوەکو 20 دوو بە دەرکەوتنی مانگی نوێ، ساڵ نوێ دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ