رووداو دیجیتاڵ
ژیریی دەستکرد، باسی گەرمی لووتکەی حکومەتەکانە لە دووبەی، هەندێک بەشداربوو بە مەترسیی لەسەر ئاییندەی مرۆڤ بەتایبەتی لەدەستدانی کاری دەزانن، هەندێکیشیان دەڵێن ژیریی دەستکرد رێگە دوورەکان کورت دەکاتەوە و دەبێت مرۆڤ خۆی لەگەڵ دا بگونجێنێت.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لووتکەکە دەڵێت، ''دەبێت حکومەتەکان پلانی پێشوەختەیان هەبێت کە خۆیان لە بوونی هەر ئەنجامێکی نەرێنیی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد، بپارێزن.''
"ژیریی دەستکرد دەتوانێت جیهان بگۆڕێت"
لە رۆژانی 11 تاوەکو 13ـی ئەم مانگە لە دووبەی، لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان بە بەشداریی زیاتر لە 30 سەرۆکی وڵاتان و سەرۆکوەزیرانی حکومەتەکان بەڕێوەدەچێت. یەکێک لەو کەسانەی لە پەراوێزی لووتکەکە قسەی بۆ رووداو کردووە، سێباستیان کرووز، راوێژکاری پێشووی نەمسایە. لەبارەی لووتکە جیهانییەکەوە دەڵێت ''پێشوازیکردنەکە ساتێکی زۆر سەرنجراکێش بوو؛ تەواوی جیهانی لێرە لە دووبەی کۆکردەوە، ئەو شتەی زۆر سەرنجی من رادەکێشێت، ژیریی دەستکردە.''
سێباستیان کرووز پێیوایە ژیریی دەستکرد (AI) دەتوانێت زۆر گۆڕانکاری دروست بکات و جیهان بگۆڕێت. دەتوانێت حکومەتەکان بگۆڕێت و کاریگەریی گەورەی لەسەر ژیانی رۆژانەی خەڵک هەیە.
بەشداربووان کە قسەیان بۆ هاوار عەبدولرەزاق، نێردراوی رووداو بۆ لووتکەکە کردووە، جەخت لەوە دەکەنەوە؛ دەکرێت حکومەتەکان لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە، باشتر بەڕێوەببرێن.
ساڤانا مازییە، وەزیری گواستنەوە و تەکنەلۆژیای ئیسواتینا بە رووداوی گوت، ''ئێمە ئێستا هەموومان ژیریی دەستکرد بەکاردەهێنین، بەڵام لەوانەیە لەو ئاستە بەرزە نەبێت کە پێویستە.''
وەزیری گواستنەوە و تەکنەلۆژیای ئیسواتینی زیاتر باسی رۆڵی ژیریی دەستکرد لە ژیانی مرۆڤدا دەکات و دەڵێت، ''تاوەکو ئێستا، نازانین ئەو کارانە چین کە ژیریی دەستکرد دەستیان بەسەردا دەگرێت، بەڵام ئەوەی ئێمە لەبارەیەوە دڵنیاین، ئەوەیە ئەگەر تۆ توانات هەبێت لە جیهانی ژیریی دەستکردا کار بکەیت، ئەوا بەدڵنیاییەوە لە داهاتوودا کارت دەبێت. ئەوەش لە هەموو شوێنێک دا هانی هەموو کەسێک دەدات، گرنگ نییە کە چ کارێکت هەیە، بەڵکو ئەگەر بتوانیت لە ژیریی دەستکردا توانات هەبێت، ئەوا گەرەنتییەکت لە ئابووریدا دەبێت.''
"ژیریی دەستکرد، شتێک نییە لێی بترسین''
ئوگوستی یۆبوەی، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی گواستنەوەی دیجیتاڵی و بەدیجیتاڵکردنی کۆتدیڤوار لەبارەی لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان بە نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداوی بۆ دووبەی گوت ''ئەوەی بۆ من لە لووتکەکەدا جێگەی سەرنج بێت، راهێنانە؛ راهێنان لەسەر بەڕێوەبردنی حکومەت، راهێنان لەسەر بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا، راهێنان لەسەر ئەو چەمکانەی بۆ سەرکەوتنی وڵاتەکانمان گرنگن.''
ئوگوستی یۆبوەی گوتیشی ''لە یەکەم رۆژی لووتکەکەوە کاری زۆرمان کردووە و فێربووین ژیریی دەستکرد شتێک نییە لێی بترسین، دەبێت کاری پێبکەین و لەگەڵ خۆمان دا بیگونجێنین. هەروەها دەبێت ژیریی دەستکرد بۆ بەرەوپێشبردنی خۆمان لە هەموو پرۆسەیەکدا بەکاربهێنین.''
"دەبێت پلانی پێشوەختە بۆ بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد هەبێت''
محەممەد شەرحان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە هەڤپەیڤینێکی کورتدا لەگەڵ رووداو باسی لە گرنگیی ژیریی دەستکرد کرد و گوتی، ''لە ئەجێندای لووتکەی حکومەتەکانی جیهان بە میوانداریکردنی بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری کۆمپانیا جیاوازەکانی تایبەت بە ژیریی دەستکرد، گرنگی بەو بابەتە دراوە.''
وەک ئەو بەڕێوەبەرە جێبەجێکارە دەڵێت، لە لووتکەکەدا میوانداری لە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گووگڵ، ئای بی ئێم، ئێچ پی و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکانی رۆژهەڵاتیش کراوە، وەکو بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بایدوو و عەلی بابا.
محەممەد شەرحان هەروەها دەڵێت "ئەرکی ئێمە ئەوەیە؛ دڵنیابینەوە لەوەی حکومەتەکان ئاگاداری داهاتووی کەرتەکەن و پلانی پێشوەختەیان هەیە بۆ ئەوەی خۆیان لە بوونی هەر ئەنجامێکی نەرێنی بەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆژیایە بپارێزن.''
''دەکرێت ژیریی دەستکرد مەترسی، یان دەرفەت بێت''
پرادیک کۆسلا، سەرۆکی زانکۆی کالیفۆرنیا لەبارەی ئامانجی بەشداریکردنی خۆی لە لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان بە رووداوی گوت ''من، شارەزای ژیریی دەستکردم. چەند مانگێگ لەمەوپێش لێرە بووم و ئەو شێوازەی سەرکردایەتیی دووبەی ژیریی دەستکرد بەکاردەهێنێت، زۆر سەرنجی راکێشام.''
بەگوتەی پرادیک کۆسلا، بەرپرسانی دووبەی ژیریی دەستکرد بۆ پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکان، بۆ بنیاتنانی شارەکان و بنیاتنانی ژێرخان بەکاردەهێنن. ''بۆیە ئامانجی هاتنە ئێرەم ئەوەیە؛ پەیوەندییەکی قووڵتر دروست بکەم، لەگەڵ کەسانی دیکە دا کۆببمەوە و تێبگەین چۆن دەتوانین یارمەتیی حکومەت بدەین.''
سەرۆکی زانکۆی کالیفۆرنیا تێڕوانینی خۆی بۆ کاریگەرییەکانی ژیریی دەستکرد خستەڕوو، دەڵێ ''پێموایە ژیریی دەستکرد خاڵێکی وەرچەرخانی لە تەکنەلۆژیا دا هێنایە ئاراوە. هەمیشە هەموو تەکنەلۆژیاکان هەڕەشە دروست دەکەن؛ تەکنەلۆژیای ناوەکی خاڵێکی وەرچەرخانە و دەتواندرێت هێزێکی بێسنووری لێ وەربگیرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا هەڕەشەی بۆمبی ئەتۆمیشی دروست کردووە.''
لەبارەی رۆڵی ژێریی دەستکرد لە پێشخستنی حکومەتەکان، پرادیک کۆسلا گوتی، ''ژیریی دەستکرد دەتوانێت دیدگە دروست بکات. کاتێک بیر لە داتاکان دەکەیتەوە، ژمارەیەکی زۆر داتا؛ مێشکی مرۆڤ توانای ئەوەی نییە بە خێرایی پڕۆسێسی بکات و دەستبەجێ دیدگەی بۆ دروست بکات. ئەوەی ژیری دەستکرد، کۆمپیوتەر و کۆمپیوتەری کوانتۆم دەیکەن یارمەتیمان دەدەن بۆ ئەوەی داتاکان رێکبخەینەوە و دیدگە دروست بکەین. ئێمەش وەکو مرۆڤ لەسەر بنەمای دیدگە دەتوانین بڕیار بدەین و رێگە بە ژیریی دەستکرد نەدەین بڕیار بدات.''
''ژیریی دەستکرد، زۆر بە خێرایی گەشە دەکات''
ژمارەیەکی زۆر لایەن، سەرۆکی وڵاتان، وەزیرانی دەرەوە، وەزیرانی بەرگری و وەزیرانی دارایی لە لووتکەکەدا بەشدارن.
خواجە محەممەد ئاسف، وەزیری بەرگریی پاکستان لەبارەی ژیریی دەستکردەوە گوتی "لە هەموو بوارەکاندا زۆر بەخێرایی خاڵی وەرچەرخان و گۆڕانکاری روودەدات، زۆر قورسە بتوانیت لەگەڵی بڕۆیت، بەتایبەت ژیریی دەستکرد و تەکنەلۆژیاکانی دیکە کە لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا لەسەر سەکۆی جیهانی سەریهەڵداوە.''
وەزیری بەرگریی پاکستان پێیوایە خێرایی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا کێشە بۆ مرۆڤ دروست دەکات و دەڵێت ''ژیریی دەستکرد، گۆڕانکاری لە شێوازی ژیان، کارکردن و مامەڵەکردنمان دروست دەکات. لەوانەیە لە دوو، سێ یان پێنج ساڵی داهاتوو دا، جیهان لەوەی ئێستا جیاواز بێت. ئەو شتانەی لە رابردوودا هەبوون، وەکو چیرۆکێکی کۆنیان لێدێت. ئەوە بۆ خەڵک زۆر قورس دەبێت کە لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە خێرایەدا بڕوات.''
یەکێک لە ئاڵنگارییەکانی بەردەم وڵاتان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەردەوامیی هەڕەشەی گرووپە پەڕگیرەکانە. وەزیری بەرگریی پاکستان لەوبارەوە گوتی، ''ئێمە، دەبێت ئامادە بین و بە نوێترین تەکنەلۆژیا خۆمان ئامادەبکەین بۆ ئەوەی رووبەڕووی تیرۆر ببینەوە، لەبەرئەوەی ئێمە هەر تەکنەلۆژیایەکمان هەبێت، ئەو تەکنەلۆژیایە بۆ تیرۆریستانیش بەردەست دەبێت. بۆیە بۆ ئەوەی لەم ناوچەیە و لە جیهانیشدا رووبەڕووی ئەو هەڕەشەیە ببینەوە، دەبێت لە رووی تەکنەلۆژیاوە باڵادەست بین.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ