دیپسیک چییە و بۆچی یەک تریلیۆن دۆلاری لە بازاڕەکانی ئەمریکا کردە هەڵم؟

28-01-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەپێکی ژیریی دەستکرد کە لەلایەن کۆمپانیای دیپسکی چینییەوە پەرەیپێدراوە، تەختی تەکنەلۆجیای رۆژئاوا دەهەژێنێت، لە ئەمریکا و بەریتانیا دەبێتە یەکەمین ئەپی بێبەرامبەر، کە زۆرترین جار دابەزێنراوە و نزیکەی یەک تریلیۆن دۆلار لە بازاڕەکانی ئەمریکا دەکاتە هەڵم. 
 
ئەپەکە لە تەممووزی 2023ـەوە لە چین بەردەست بوو، بەڵام 10ـی ئەم مانگە لە ئەمریکا خرایەڕوو و ناوبانگەکەی ئەم چەند رۆژە تەقییەوە. 
 
بەناوبانگبوونی لەناکاوی ئەپەکە و ئەو پارەیەشی دیپسیک لێی خەرجکردووە، کە بەراورد بە تێچووی کۆمپانیاکانی ژیریی دەستکردی ئەمریکا ناکاتە هیچ، هاڕەی بە بازاڕەکانی ئەمریکا کرد. 
 
رەنگە جوانترین و کورتترین وەسف بۆ ئەپەکەی دیپسیک، قسەکەی مارک ئەندرسن، سەرمایەگوزاری دۆڵی سلیکۆن بێت کە دەڵێت "دیپسیک ئاڕ 1 سپوتنیکی ژیریی دەستکردە"، وەک ئاماژەیەک بۆ مانگە دەستکردەکەی یەکێتیی سۆڤیەت کە بووە هۆی دەستپێکردنی کێبڕكێی گەیشتن بە بۆشایی ئاسمان. 
 
تاوەکو رۆژی دووشەممە، کار گەیشتە ئەوەی ژمارەیەکی زۆری وەبەرهێنەران و خاوەن پشکەکان، متمانەیان بە پێشەنگبوونی تەکنەلۆژیای ئەمریکا لە بواری ژیریی دەستکرددا نەمێنێت. بەشێکی زۆریان دەستیان بە فرۆشتنی پشکەکانیان کرد، لە ئەنجامدا بەهای پشکەکانی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیای ئەمریکا هاڕەیان کرد. 
 
بۆ نموونە، بەهای پشکەکانی کۆمپانیای ئێن ڤیدیا، بەرهەمهێنەری چیپە ئەلیکترۆنییەکان و شاژنی ئەمدواییەی بازاڕەکانی وۆڵستریت، لە کاتی داخستنی بازاڕەکانی ئەمریکا لە کۆتایی رۆژی دووشەممە، 17٪ دابەزیبوو. بە کورتی و بە کوردی، 600 ملیار دۆلاری لە رۆژێکدا لەدەستدا. بلوومبێرگ دەڵێت، ئەمە گەورەترین داتەپینە لە مێژووی پێنوێنی بازاڕەکانی ئەمریکا روویدابێت. 
 
بەڵام بۆچی دەبێت ئەگەر لە چین باران ببارێت و ئەمان لە ئەمریکا تەڕ بن؟ هۆکارەکە سادەیە. بەشێکی زۆری ئەم هەڵکشانە چینی و داکشانە ئەمریکییە بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی ئەپەکان دەگەڕێتەوە. 
 
لەکاتێکدا کۆمپانیای OpenAIـی ئەمریکی، خاوەنی ئەپی ChatGPT، تەنیا پار 5 ملیار دۆلاری خەرجکردووە، کۆمپانیای DeepSeek دەڵێت، تەنیا 5.6 ملیۆن دۆلاری لە دروستکردنی ئەپەکە خەرجکردووە؛ ملیۆن نەک ملیار!
 
ئەو بڕە پارەیە دەکاتە دڵۆپێک لە دەریایەک بەراورد بەو ملیاران دۆلارەی کۆمپانیاکانی وەک OpenAI و گوگڵ لە دروستکردنی ئەپەکانیاندا خەرجیانکردووە. 
 
سام ئەڵتمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری OpenAI دان بە پێشکەوتوویی ئەپەکەی دیپسیک دادەنێت و ستایشی دەکات. 
 
ئەڵتمان دەڵێت "هەبوونی رکابەرێکی نوێ، شتێکی جۆشبەخشە،" هەروەها وەشانی ئاڕ 1ـی ئەپە چینییەکە بە "وەشانێکی سەرسامکەر" وەسفدەکات. 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێت، پێویستە سەرکەوتنی ئەپە چینییەکە، ببێتە "بەئاگاهێنانەوەیەک" بۆ دۆڵی سلیکۆن، یاخود کەرتی تەکنەلۆجیای ئەمریکا. 
 
دامەزرێنەری دیپسیک کێیە؟
 
لیانگ وێنفێنگ، دامەزرێنەری کۆمپانیاکەیە. بەشێکی سەرمایەی کۆمپانیاکەی لە رێگەی سندووقێکی وەبەرهێنانەوە کۆکردووەتەوە، کە هەر بۆ خۆی دایناوە. 
 
پیاوە تەمەن 40 ساڵانەکە بەکالۆریۆسی لە بواری ئەندازیاریی کۆمپیوتەر و ئەلیکترۆنیدا بەدەستهێناوە. دەگوترێت پێش ئەوەی هەناردەی چیپەکانی ئێن ڤیدیا بۆ چین قەدەخە بکرێت، لیانگ کۆگەیەکی چیپەکانی جۆری Nvidia A100 دروستکردبوو. 
 
شارەزایان پێیانوایە، لیانگ ئەو کۆمەڵە چیپەی بەکارهێناوە، کە هەندێ سەرچاوە دەڵێن ژمارەیان 50 هەزار چیپە و لەگەڵ هەندێ چیپی دیکەی هەرزان کە هێشتا چین دەتوانێت هاوردەیان بکات، بۆ ئەوەی ئەپی دیپسیکی پێ دروستبکات. 
 
ئەپی دیپسیک چی دەکات؟
 
دیپسیک هاوشێوەی ChatGPTـیە. پرسیاری لێ دەکەی و وەڵامت دەداتەوە. بەڵام بەکارهێنەرانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەڵێن، لە بەهێزترین وەشانی ChatGPT، بەهێزترە. 
 
دەتوانێت لە ماوەیەکی کەمتردا بەراورد بە ئەپەکانی دیکەی ژیریی دەستکرد، کۆدچنین بکات. 
 
دیپسیک هەروەها دەتوانێت باشتر لە ChatGPT بە شێوەزاری کوردیی سۆرانی وەڵامبداتەوە. 
 
کاتێک رووداو داوای لێکرد "وەسفێکی کورتی هەولێرم بۆ بکە"، ئەپەکە لە وەڵامدا نووسی: "هەولێر پایتەختی ھەرێمی کوردستانە و یەکێکە لە کۆنترین شارە بەردەوام زیندووەکانی جیھان، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 6000 ساڵ. شارەکە ناوەندێکی کولتووری، ئابووری، و سیاسیی گرنگە بۆ کورد و ناوچەکە."
 
بەڵام ئەپەکە بە پرسیارە سیاسییەکان هەستیارە. کاتێک لێمانپرسی "لە 4ـی حوزەیرانی 1989 لە گۆڕەپانی تیانانمێن چی روویدا؟"، ئەپەکە لە وەڵامدا گوتی: "ببوورە، دڵنیانیم چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە پرسیارانە بکەم. با لە بری ئەوە باسی بیرکاری، کۆدچنین و کێشەی لۆژیکی بکەین!"

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 ئەم ساڵ کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە 14ـی شوبات تاوەکو 16ـی هەمان مانگ بەڕێوەدەچێت

لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن باسی جەنگی ئۆکراینا ناکرێت

کۆنفرانسی میونشن یەکێکە لە گرنگترین کۆنفرانسەکانی ئاسایش لە جیهاندا و تێیدا سەرکردە و بەرپرسانی وڵاتان کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر پرسە هەستیارەکانی ئاسایشی جیهاندا دەکەن.